فلاش فیکشن

11:05 - 2022-08-09
محەمەد كەریم
296 خوێندراوەتەوە

72

باوكم دەشكێ
یانزە دوانزە ساڵانم، هەموومان لە دەوری سفرەكەین، رەشە خێزانێكین. زۆرجار باوكم لەگەڵ نانخواردندا، وردە حیكایەتێك یان بەسەرهاتێكی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئیتر خواردنەكە هێندەی تر، لای هەموومان بەلەزەت دەبێت. دایكیشم سەری رەزامەندی بۆ دەلەقێنێت و دەڵێت: «ئەمە، ئەمە، كە بەڕێدا دەڕۆی زەوییەكە لە ژێر پێیدا دەلەرییەوە.» ئێمە خێزانێكی مامناوەندین. باوكم پیاوێكی نەفسبەرز و سەركەشە. بەسەرهاتەكانی هەردەم باسی ئازایەتی و شەڕ و شۆڕەكانی خۆیەتی. ئەمما ئەمڕۆ شتێك دەڵێت و وێنەكەی لەلای من ورد و خاش دەبێت! باوكم شێوازێكی تایبەتی هەیە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتدا، كاتێ پارووی لە زاردایە قەت قسە ناكات، كەچی جاریوایە لەو كاتەدا كە پارووەكە دەبات بۆ دەمی، پێنج خولەك دەیگرێ بە دەستییەوە و قسان دەكات، دیقەتی دەستی دەدەم بە هیچ شێوەیەك نالەرزێت، چاوی وەك هی پڵنگ تیژ و برۆكانی ئەستوور و رەش، تەوێڵی تەخت، ئەو كاتانەی قسە دەكات كڵاو و جامانەكەی تۆزێك دەخات بە پشتا. بۆیە تەختی ناوچەوانی جوانتر دەردەكەوێت. سەیر لەوەدایە قەت دووجار بەسەرهاتێك ناگێڕێتەوە. 
باوكم لە شیرین خەودایە، گەنجێكی تێكسمڕاوە، لە پڕ خەبەری دەكەنەوە، زرمەیان لە برابچووكەكەی هەڵساندووە، دەستدەداتە كوتەكەكەی و وەكو شێت رادەكات، سەری سێ چوار كەس دەشكێنێ و دەگەڕێتەوە. نیوە شەوێكی ئەنگوستەچاوە، مامی دەنێرێت بە شوێنیدا، باوكم دەستوبرد بڕنەوەكەی دەكاتە شانی و دەگاتەجێ. سەیر دەكات ئیش قۆڕە، كچێكی ئامۆزای كراوە بە ژن و كەتنكەریش وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچووە، مامی پیری زەفەری پێبردووە، ئامۆزاكانیشی دەستەوئەژنۆ دانیشتوون و نازانن چی بكەن؟ باوكم ئامۆزایەكی بۆ ئاودەنگی لەگەڵ خۆی دەبات و دەڕوات. پاش سەعاتێ جوانترین خوشكی كەتنكەر دەهێنێت و لەبەردەم مامیدا دایدەنێت. مامی دەنێرێت بە شوێن مەلادا بۆ ئەوەی لە كوڕە ناوەنجییەكەی مارە بكات. بەرلەوەی مەلا بگات كەتنكەر و باوكی دەگەن و دەكەون بەسەر دەست و پێی باوكم و مامیدا. مەلا دەگات و ژن بە ژن دەكرێت.
گوێم لە زرنگەی كەوچك و پیاڵەكەی باوكمە، چاكەی تێكدەدات. زمانی دێتەگۆ: 
«ئەو ساڵە، سالاری كوێخا، زۆری لێدام، ئەوەندەی كوتام بوورامەوە.»
وێنەكەی باوكم لەبەرچاوم هاڕە دەكات و دەشكێ ...

وتارەکانی نوسەر