پرسیاری رۆژانه‌ی خه‌ڵكی سوریا له جیهانی بێدەنگدا
هه‌ندێك پرسیار جێگه‌ی نیگه‌رانین و ئاوه‌زی هاووڵاتیانی سوریای دایگر كردووه، هاووڵاتیان به كورد و عه‌ره‌ب و سریان و ئاسورییه‌وه، ئه‌و پرسیارانه له ناوخۆی سوریاوه ئاراسته‌ی جیهانی ده‌ره‌وه ده‌كرێن، جیهانی قڕوقه‌پ كردوو به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر سوریادا دێت.
ئایا توركیا دراوسێیه‌كی خراپه، وه‌ك ساڵح موسلم باسی ده‌كات، ئایا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نوێ له رۆژاڤا و باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا داگیر ده‌كات یان نا؟
ئایا ئه‌مریكا، یان روسیا رازی ده‌بن به‌م شه‌ڕه نوێیه، ئه‌ویش دوای زیاتر له 10 ساڵ شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ر، ئایا ئه‌م شه‌ڕه تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، كه وڵاته‌كه‌ی وێران كردووه و هاووڵاتیانیشی ده‌ربه‌ده‌ر كردووه؟
بێگومان توركیا به‌وه رازی نابێت كه تائێستا كردوویه‌تی و له داهاتووشدا به داگیركردنی شوێنێك و دوانه‌وه ناوه‌ستێ، تائێستا هه‌نگاو به هه‌نگاو بۆی چۆته‌سه‌ر، هه‌ندێكجار روسیاش پشتیوانیی لێكردووه، به خه‌ون و خولیا نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یه‌وه پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌مریكاشی تێكداوه، كه ده‌یه‌وێ راڕه‌وێك بكاته‌وه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتییه‌وه بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، له دوای داگیركردنی عه‌فرینه‌وه، توركیا كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات جێ پێی خۆی له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی سوریادا بكاته‌وه.
له ئه‌دلیب توركیا شكستی هێنا، دژایه‌تیكردنی ئه‌مریكا و روسیاش بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی توركیا تائێستا ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی فوراتی گرتۆته‌وه، سه‌باره‌ت به خۆرئاوای فورات هه‌ڵویستیان روون نییه، به‌ڵام توركیا كه شێوازی ماكیاڤیلیانه به‌كارده‌هێنێت، چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكه تا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا قسه له‌سه‌ر خۆرئاوای فورات بكه‌ن، له‌و نێوانه‌شدا كورد جگه له به‌رگری كردن له خۆی هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی نییه.
كورد زۆر هه‌وڵیداوه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق و روسیا رێك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ژووری پرۆسه‌ی هاوبه‌شی سه‌ربازی دابمه‌زرێنن، به مه‌به‌ستی رێگرتن له داگیركاریی و فراوانخوازییه‌كانی توركیا، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره شه‌ڕ روو بداته‌وه، ره‌نگه دوا جه‌نگ و دوا تراژیدیای سوریا بێت، یان ئه‌وه‌تا سوریا به ته‌واوی وێران ده‌بێت، یان جه‌نگێكی هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌ب و روسیا دژ به توركیا رووده‌دات، به تایبه‌تیش كه رژێمه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆته مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر كورد و عه‌ره‌ب و پڕۆژه‌ی سیاسی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، كه‌واته تاكه رێگه ئه‌وه‌یه كه پێی بوترێ (نا).
ره‌نگه باشترین وه‌سف بۆ له‌خۆبایی بوونه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان وه‌سفه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی فاینانشیال تایمزی بریتانی بێت، كه ده‌ڵێت: ئه‌ردۆگان هاوپه‌یمانێكی ئێسك قورسه. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ناتۆ بیر له ده‌ركردنی توركیا بكه‌نه‌وه له په‌یمانه‌كه‌یاندا، له‌به‌ر ئه‌وه توركیایان ئاگادار كرده‌وه ئه‌گه‌ر رازی نه‌بێت به بوونه ئه‌ندامی سوید و فنله‌ندا، ئه‌وا ده‌رده‌كرێت، به‌ڵام رازی بوو.
به گوێره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه، توركیا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی ده‌جه‌نگێت و ناوخۆی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاووڵاتیان كردۆته كانگه‌ی ترس، له ده‌ره‌وه ده‌ست له كاروباری وڵاتان وه‌رده‌دات و سه‌روه‌رییان پێشێل ده‌كات، له ناوه‌وه‌ش بێ به‌ڵگه خه‌ڵك ده‌خاته زیندانه‌وه، ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ده‌كوژێت.