لە مێژووی دوور و نزیكی نه‌ته‌وه‌ی كورددا زۆرێك لە فیگه‌ر و دەستەبژێری سیاسی، سه‌رقاڵی سەلماندنی ئه‌و قسەیە بوون، كه «كورد جگه له چیاكان هیچ دۆستێكی نییه«، به‌ڵام كاتێك دۆزی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له سنوورە لۆكاڵییه‌كه‌ی ده‌رئه‌چێ و له پرسێكی مرۆییه‌وه ئه‌بێته قەزیەیەكی سیاسی، لێرەوە له‌ناو كایه‌ی سیاسه‌ت و كاره‌كته‌ره جیاوازه‌كانی ناو سیسته‌مه جیاوازەكانی دنیا، جگه له چیاكان كەسایەتی زۆریش بۆ سه‌رخستنی ئه‌زموونی كورد و پشتیوانی خه‌باته ره‌واكه‌ی ئه‌بنه دۆستی سەمیمی، هه‌ڵبه‌ت چۆن كورد لوتكە و قه‌دپاڵی چیاكان له‌یاد ناكات، شان بەشانی ئەو ئه‌وینه شیرینه‌ش، دۆسته‌كانی له زاكیرە و لەمێژووەكەشیدا ناسڕێته‌وه، ره‌نگه هه‌واڵی پڕ ئازاری مه‌رگی (مادلین ئۆلبرایت) درێژه‌ی ئه‌و زنجیره له‌ده‌ستچوونه بێت كه كورد و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی ساڵانێكه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌تلێته‌وه و دۆسته‌كانی له كه‌می ئه‌ده‌ن.
لە په‌ناهه‌نده‌ییەوە بۆ ئه‌وجی ده‌سه‌ڵات
سروشتی سیسته‌می دیموكراسیی و قبوڵكردنی مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێوه‌شاوه‌یی كه‌سیی، تەنها ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م هاونیشتمانیی خاوه‌ن نه‌ژادی ره‌سه‌ن ناكاتەوە بۆ گه‌یشتن به ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو چانس ده‌داته ئه‌و كاره‌كته‌ر و كه‌سایه‌تیانه‌ش كه به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت له ژینگه و كه‌لتوورێكی دیكه‌وه دێن، ره‌نگه (نه‌جات بولقاسم و مادلین ئۆلبرایت) و زۆری دیكه‌ش له‌و فیگه‌ره ناودارانه‌ی ناو سیستمی جیهان بن، كه له په‌ڕاگه‌نده‌بوون و راكردن له واقیعی نیشتمانی خۆیانه‌وه له شوێنێكی تر ده‌بنه دیاردە و به په‌یژه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن و پۆلیتیكدا سه‌ر ئه‌كه‌ون. له‌راستیدا كۆچی پڕ خوێنی ماڵباتی ئۆلبرایت له چنگی نازیزم و كۆمه‌ڵكوژكردن، سه‌ره‌تای نووسینه‌وه‌ی چیرۆكێكی تری (گه‌شتنامه‌ی خوێنی جه‌سته‌یه، بۆ خوێنی قه‌ڵه‌م و ده‌سه‌ڵات) وه‌ك رۆژنامه‌نووسی چیكی (لاودرۆ ئۆندرا) ناوی ده‌نێت.
مادلین ئۆلبرایت له ناوه‌ڕاستی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له (پراگ)ی پایته‌ختی پێشووی (چیكۆسلۆفاكیا) له‌دایك ئه‌بێ و ته‌نها دوو ساڵ پاش له دایكبوونی به‌هۆی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی شه‌پۆلی داگیركاریی نازییه‌كان له جه‌نگی دووه‌می جیهانیی نیشتمان جێده‌هێڵن و ئەمریکا وه‌ك هەوارێكی نوێی ژیان هه‌ڵده‌بژێرن. ئه‌و كۆچه زۆره‌ملێیه‌ی مادلین و خانه‌واده‌كه‌ی له ژێر چه‌پۆكی داگیركارییه‌وه بۆ دەوڵەتێكی دیموكراسیی كه ژیان و مانه‌وه تێیدا له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون و یەكسانی دەستوورییە، به ته‌نها نابێته پارێزبه‌ندییه‌كی فیزیكی له هه‌ڕه‌شه و مه‌رگ بی پارێزێ، به‌ڵكو ئه‌بێته سه‌ره‌تای كرانه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌ركه‌وتن و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئاسته‌نگییه‌كان و دواجاریش ئه‌بێته ئایكۆنی سێكتەری دبلۆماسیه‌ت و ناوه‌كه‌شی له مێژووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا وه‌ك یه‌كه‌مین خانم كه بگاته به‌رپرسیارییه‌تی (وه‌زیری ده‌ره‌وه) تۆمار ده‌كرێت، ئه‌و هه‌ڵكشانه‌ی ژنه ئاسنینه‌كه‌ی ئه‌مریكا به جۆرێك كاریگەری له‌سه‌ر یادەوەری ئه‌مه‌ریكییه‌كان جێهێشتووه، كه بۆ مه‌رگه‌كه‌ی، (جۆزیف بایدن) به شاژنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دیبلۆماسیه‌تی ئه‌مریكا بیناسێنێت.
جه‌نگی جێنده‌ری و راستكردنه‌وه‌ی ئاراستەی مرۆڤسالاریی
ره‌نگه بڵاوكردنه‌وه و ناونانی (مادلین ئۆلبرایت) له لاپەڕەی یه‌كه‌می گۆڤاری (تایم) وه‌ك «ژنێك له پێناو ژن و مرۆڤایه‌تیدا»، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه بێت، كه ئه‌م خانمه سه‌لار و بوێره‌ی ناو كایه‌ی سیاسه‌ت و دیبلۆماسی بە ته‌نها سه‌رقاڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی جه‌نگێك نه‌بووبێت، راپۆرته‌كه‌ی تایم کە له‌ژێر تایتڵی (جه‌نگه‌كانی ئۆلبرایت) بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌یه‌كی روونه كه له مەنهەج و ستراتیژی كاركردنی مادلیندا شه‌ڕ و به‌ریه‌كه‌وتنی زۆر و جۆراوجۆر هه‌یه، یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كۆشش و ئامانجەكانی خه‌باتیشی پرسی راستكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگی جێنده‌ری و لادانی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی ژنانە له‌ناو پۆلیتیك و به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانیدا، به جۆرێك ئه‌و بەرنامەیەی كردۆته بنەمای كۆششه‌كانی كه له ووتەكەیدا ره‌نگده‌داته‌وه، كاتێك ده‌ڵێت «جێگه‌یه‌كی تایبه‌ت له دۆزه‌خدا بۆ ئه‌و ژنانه سازكراوه، كه ناتوانن هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن»، ئه‌م گشتاندنه تونده‌ی له سۆنگه‌ی ئه‌و ئیمانە قوڵەوە سه‌رچاوه ئه‌گرێت كه پێیوایه له پرۆسیسی راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی ژیان، چه‌ند سیسته‌می پیاوسالاریی ئاسته‌نگ دروست ئه‌كات، به‌و قەبارەیەش په‌رته‌وازه‌یی و ناكۆكی نێوان خانمه‌كان خۆیان ئه‌و كرده‌یه په‌ك ده‌خات، له‌وانه‌یه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دیدەی (مادلین ئۆلبرایت) بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی ساڵی(1982) ئه‌وكاته‌ی له رێگه‌ی سه‌رسام بوون به بزووتنه‌وه فێمێنستییه‌كان سه‌رله‌به‌ری تێڕوانینی بۆ ژیان و پێگه‌ی ژن له‌ناو سیسته‌می سیاسی‌دا گۆڕانی جه‌وهه‌ریی به‌سه‌ردا هات.
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ژنان له دنیای سیاسه‌ت و دبلۆماسیه‌تدا به جۆرێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاماده‌گی ئه‌وان هه‌بووه، كه تاكه ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م خانماندا بۆ ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوادا گوێ له راكانیان بگیرێ، ته‌نها هاوسه‌رگیری كردن بووە به پیاوه دبلۆماتكاره‌كان، ئەم واقیعەش لوتكەی جیاكاری رەگەزی بووە. ئه‌و شینگێڕانه سایكۆلۆژییه‌ی ئۆلبرایت و خەباتەكەی بۆ رەتكردنەوەی ئەو فەرهەنگە گرێدراوە دیدگایەكی باو بووه، كه هه‌میشه وه‌ك تاپۆیەكی رەش راده‌ستی پیاو كراوه و ژنی تێدا په‌راوێزخراوه، به ده‌نگهاتنی له‌به‌رامبه‌ر نادادی و پوكانه‌وه‌ی خه‌یاڵی ژنان له‌وه‌ی رۆڵ ببینن له‌ناو سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا به جۆرێك كاریگه‌ریی دروستكرد، كه به‌لێوه‌شاوه‌یی خۆی و له‌ژێر كاریگەری رای گشتی ئه‌مه‌ریكادا، له چه‌ند قۆناغ و وێستگه‌یه‌كدا وه‌ك راوێژكار بۆ كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ئه‌ركی پێ سپێردراوه، به تایبه‌ت راوێژكاری (جیمی كارته‌ر) و پاشانیش راوێژكاری سێ كاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌كان (والته‌ر موندیال 1984)و (مایكل دوكاكیس 1988)و پاشانیش ئه‌بێته یه‌كه‌مین ژنە وه‌زیری ده‌ره‌وه له مێژووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا.
دۆستی كورد و ئه‌ندازیاری ئاشتی
شه‌ڕی نەخوازراوی ناوخۆیی و به‌ریه‌كه‌وتنی چه‌كدارانه‌ی نێوان (پارتی و یه‌كێتی) به ته‌نها له كۆنتێكستێكی ناوخۆیی نه‌مایه‌وه، به‌ڵكو له رێگه‌ی په‌لكێشكردنی سوپای عیراق و ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی هه‌رێمییه‌وه له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه ئاراسته‌ی شه‌ڕه‌كان گۆڕا و كۆمه‌ڵكوژكردنی به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌ڵستكاره عیراقی و لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن بووه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر زۆر ئومێد و ده‌ستكه‌وت، ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی و ئومێده‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ پشتیوانیكردن له روخاندنی رژێمی سه‌دام، ئه‌م سه‌ركێشییه نەوعیە له گۆڕینی ئاراسته‌كانی جه‌نگ بۆ ئەمریکا واتای بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و لاوازكردنی ئۆپۆزسیۆن و خنكاندنی ئاواتی گۆڕینی رژێم بوو، پێشمه‌رجی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ناوچەییەش ته‌نها ناچاركردنی پارتی بوو به رێكه‌وتنامه‌ی ئاشتی و دانیشتن له‌سه‌ر مێزی دانوستان بۆ ئه‌وه‌ی چیتر خه‌ونی ئه‌مریكا بۆ له‌ناوبردنی رژێمی سه‌دام له‌وه زیاتر دوانەكەوێت، له‌و نێوه‌ندەشدا رۆڵی (مادلین ئۆلبرایت) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وسای ئه‌مریكا، رۆڵێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه و میحوه‌ری بوو، چ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هێشتنه‌وه‌ی سه‌ره داوی چاره‌سه‌رییه‌كان به ده‌ستی خۆیانه‌وه وه‌ك (هێنری كێسنجه‌ر) ناویده‌نێ و له‌هه‌مان كاتیش‌دا بۆ سۆز و پابه‌ندی و دۆستایه‌تییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كه‌ی.
له دیداری ته‌مه‌ن و له زۆرێك له وێستگه رێكخراوه‌ییه‌كانی ناو یه‌كێتیدا، هه‌میشه سه‌رگوزشته‌ی گه‌وره‌یی مام جه‌لال له قبوڵكردنی بێ مه‌رجی ئاشتی و راگرتنی شه‌ڕ دووباره ئه‌بێته‌وه، به جۆرێك هه‌موو سه‌رچاوه و دۆكۆمێنته‌كان ئه‌وه پشتڕاست ئه‌كه‌نه‌وه، كه له پرۆسیسی ئاشتبوونه‌وه و ره‌نگڕێژكردنی رێكه‌وتنامه‌ی واشنتۆن كه ئۆلبرایت ناوبژیوانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بووه، ئه‌ندازیاری راسته‌قینه مام جه‌لال بووه.
هه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ئەو سەلیقەیەش بووه كه تا دوا سات په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال و مادلین ئۆلبرایت وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان دوو دۆست و هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئه‌مێنێته‌وه، كه هه‌ردووكیان خه‌ون به جیهانێكی باشتر و ئارامتر و دیموكراسیتر ئه‌بینن .