هەرێم لەگەڵ رووداوەکاندا خۆی بگونجێنێت

11:33 - 2022-08-09
عەتا تەها
574 خوێندراوەتەوە

بە پێی مێژووی عیراق هەمیشە جۆری حکومڕانیی هەر ئاڵۆز و دژوار بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەی یەک سەدەی رابردوودا چەندین شێواز تاقیکراوەتەوە، هەر لە پاشایەتییەوە تا دەگاتە کۆماری و دواترینیشیان پڕۆسەی دیموکراسی و سیستمی پەرلەمانییە.
 بە گوێرەی رووداوەکان لە مێژوودا، زۆرینەی سەرکردە و سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی وڵات بە کودەتا هاتوونەتە سەر حوکم و سەرۆکی پێشووتری خۆیان تیرۆر کردووە، یاخود دووریان خستۆتەوە.
هەرێمی کوردستان بەبێ ویستی خۆی لەکاتی دروستبوونی دەوڵەتی عیراقدا پێیەوە لکێندراوە، ئەمە هەرچەندە نەتەوەی کورد بە بڕیارێکی وا رازی نەبووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئامانجی فەراهەمکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیەتی، بەڵام ئەو خەونە بەدینەهاتووە کە راستییەکی تاڵە و کورد بەشێکە لە عیراق و  لە رابردووشدا هەر بارودۆخ و گۆڕانکارییەک روویدا بێت کورد هەر وەک بەشێک لە عیراق ماوەتەوە، بەڵام هەندێکجار گۆڕانکاری لە سەرۆکەکان تاڕادەیەک شێوازی مامەڵەکردنیان جیاوازتر بووە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد، ئەگەرچی هیچیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد کاریان نەکردووە.
 ئەگەر باس لەپێش روخانی بەعس یاخود سێ چارەکە سەدەی حکومڕانی ئەو کاتی عیراق بکەین و بەراوردێک لە نێوان سەرۆکەکانی پێس ئەو بکەین، ئەوا بێگومان لەناو هەموویاندا سەدام و رژێمەکەی، خراپترین و دڕندەترین سەرۆکەکانی عیراق بوون کە تاوانەکانی دەرهەق بە نەتەوەی کورد ئێجگار گەورە بوون، وەک کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە.
لە مێژووی دروستبوونی عیراقەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ باشترین و خزمەتگوزارترین سەرۆک تەنها سەرۆک مام جەلال بووە، بە شاهیدی هەموو پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەکانی تری عیراق و تەنانەت وڵاتانی دیکەش، هەموان شاهیدی ساڵانی سەرۆکایەتی مام جەلال و سیاسەتی حەکیمانەی ئەو بوون لە رووی ئابووری و دیبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارگێڕی و پیادەکردنی دەسەڵاتە یاساییەکانی سەرۆک کۆمار، هەربۆیە ناوی (صمام الامان) یان کردبووە پاشگری ناوی سەرۆک مام جەلال وەک چەترێکی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکانی عیراق ناوی دەهێنرا، کە ئەمەش بۆخۆی هۆکاری خۆشگوزەرانی و ئارامی سیاسی و ئابووریی و بەرقەرارکردنی ئاشتی  کۆمەڵاییەتی بوو بۆ تەواوی عیراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لە رێگەی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار خزمەتی دەکرد.
 جیاوازتر لەوەش لە رێگەی پەیوەندییە فراوانە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەکانییەوە، خزمەتی بە هەموو حزب و رێکخراوەکانی تر دەکرد، بە شایەتحاڵی زۆرێک لە سیاسییەکان.
بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچەکە لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێکنەهێنانی حکومەت و تێکچوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسیەکانی بەشێکی زۆر لە حزب و لایەنەکان و خۆپیشاندان و دەستێوەردانی نێوخۆیی و دەرەکی کاریگەری خراپ و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروستکردووە، خۆ ئەگەر ئەمە بەردەوامی هەبێت ئەوا بارودۆخی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر دەڕوات.
 بۆچارەسەری ئەو بارودۆخە، پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن و خاکی هەرێم نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکەرەوەی ململانێکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێویستە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانەی ئێستامان.

شاری هەولێر

وتارەکانی نوسەر