سیاسەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە

10:45 - 2022-08-10
شوان کەریم کابان
390 خوێندراوەتەوە

دیموکراسی بە هەموو ماناکانییەوە، بابەتێکی نوێیە لە عیراقێکدا کە دەیان ساڵ بە زەبری ئاگر و ئاسن حکوم دەکراو رژێمەکانی، 42 ساڵ شەڕ و دوژمنایەتی گەلی کوردستان و هێندەش دژایەتی ویست و خواستەکانی گەلانی عیراقیان کرد، ئەمە جگە لەوەی وڵاتیان تووشی هەردوو جەنگی کاولکاریی لەگەڵ ئیران و کوێت کرد کە عیراقیان دەیان ساڵ بردە دواوە.
 کاتێکیش لە پڕۆسەی ئازادیدا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بە بە هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی کارای عیراق بەتایبەتیش کورد، هەلی ئەوە دەڕەخسێت بۆ گەلانی عیراق پاش دەیان ساڵ چەرمەسەری و دەردەسەری لە حکومڕانیی دیکتاتۆری لەپاش کودەتای چواردەی تەمموزی 1958، هەوای ئازادی هەڵمژن و خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەمەش لەو دەستوورەدا رەنگیدایەوە کە نوێنەرانی گەلانی عیراق لە بەغدا نووسییان و تێیدا تەئکید لە بەرقەرابوونی دیموکراسی و سیستمی فیدراڵی کرایەوە و عیراق لە 2005 دا یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراسییانەی لە مێژووی خۆیدا کرد و پێش ئەویش لە هەرێم، سێ هەڵبژاردن کرابوو، دووان بۆ پەرلەمان و یەکێکیش بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە سنووری ئیدارەی پێشووی سلێمانی، جگە لە ریفراندۆمێک لەسەر دەستوور.
 لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمان و دووانی ئەنجومەنی پارێزگا و یەکێک بۆ ئەنجومەنی شارەوانی و دوو ریفراندۆمیش بەڕێوەچووە، لە عیراقیش، ریفراندۆمێک و چوار هەڵبژاردن و هەڵبژاردنێکی پێشوەختیش بۆ پەرلەمان کراوە، بە هەردوولا 16  هەڵبژاردن و ریفراندۆمان بینیووە! 
بەو جۆرەش ئەو گروپ و رەوتە پۆپۆلیستانەی دروستبوون و هیچ پەیڕەو و بەرنامە و ستراتیژێکیان نییە، هەمیشە لە بۆسەدان لەم دیموکراسییەی هەیە و بێگومان لەقەد باڵای خۆشمانە و هەرکاتێک بارودۆخەکە بە ویست و ئارەزووی ئەوان نەبوو، بەناوی ئازادیی رادەربڕین و مافی خۆپییشاندان و ناڕەزایی خۆرسکەوە  شەقامەکان و پەرلەمان داگیر دەکەن، گوایە ئەوێ ماڵی گەلە و لەوێوە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی سیستمی حوکم و هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە داواکاریی رەسمی ئەو رەوت و گروپانەیە، ئیدیعای ئەوەش دەکرێت گوایە ئەمە خواستی گەلە ! 
بەداخەوە ئەم یاریکردنە بە دیموکراسی لەلایەن هەندێک لەو رەوت و ئاراستانەوە، وا لەمرۆڤ دەکات کە بڵێت ئێمە بەکەڵکی ئەم کارە نایەین و ئەم خواردنە بۆ گەدەی ئێمە نەکراوە و ئینتەلای پێ دەکەین! 
دەرفەت هێنان بەم شێوەیە و قۆستنەوەی بارودۆخەکە و تێکدانی بۆ مەرامی تایبەتی ئەو  گروپانە لەژێر ناوی «ئازادی و دیموکراسی و مافی ئازادی دەربڕین» و بەردەوام تێکدانی بارودۆخ بۆ مەرامی تایبەت و مەلە کردن لەئاوی لێڵدا، دیموکراسی و ماناکانی و لێکەوتەکانی لەبەر چاوی هەموو لایەک ناشیرین دەکات و وادەکات کەس ئومێدێکی پێی نەمێنێت!

وتارەکانی نوسەر