هەلی کار بەگوێرەی هەلومەرج

10:07 - 2022-08-13
وتار
99 خوێندراوەتەوە

کلو جەمال

گۆڕانکاریی لە بارودۆخدا هەندێک کارو کەسابەت ناهێڵێت و هەندێک دەرفەت و هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت کە پێشتر نەبووە، بەڵام دۆخی نوێ دەیهێنێتە ئاراوە.
رۆژگارێک بوو دەیان کەس لە بازاڕی شارو شارۆچکەکاندا سەرقاڵی دروستکردنی ئامێرە سەرەتاییەکانی کشتوکاڵ بوون و خەڵکی گوندەکان کە دەهاتن بازاڕی ئەوانەیان گەرم دەکرد و داس و تەوراس و تەشوێ و خاکەناز و بێڵ و... هتد-یان دەکڕی چونکە ژیانیان لەسەر کاری کشتوکاڵی بەند بوو، بەڵام لەدوای ئەنفال و راگوێزانی گوندەکانەوە بازاڕی ئەو پیشەگەرانە نیمچە ئیفلیج بوو و رێژەی زیاتر لە 90 ٪ ی راوەستا، چونکە  زەویی نەما بۆ کشتوکاڵ، بەڵام بازاڕی بلۆک و دەرگا و پەنجەرە و داری دارەڕا گەرم بوو. یان هەر لەو سەردەمەدا دەیان کەس هەبوون سەرقاڵی کاری درووینی کۆپان و زینی ئەسپ و دروستکردنی ناڵ بوون، ئەوەش لەگەڵ نەمانی گوندەکاندا چارەنووسیان بە هەمان شێوەی لێهات. 
سەردەمێکی گرانییەکەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووش چەندین داهێنانی نوێ کرا بەگوێرەی بارودۆخەکە و بە تەنەکەی رۆن و چینکۆ و خشتی سوور چەندین جۆر فڕن و هیتەری دەستکرد هاتە کایەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەبوونی سووتەمەنی کە هەندێکیان بە خەڵوز و هەندێکیان بە کارەبا کاریان دەکرد، ئەوەش بەگوێرەی زەرورەتی دۆخەکە هەم بازاڕی لە برەودا بوو، هەم زۆر کەس کەوتنە سەر ئەو کەسابەتە و بووە هەلێکی کار بۆ چەندین کەس.
لە سەردەمی باشبوونی دۆخی دارایی خەڵکدا هەندێک کار و دەرفەتی تر سەریان هەڵداوە کە پێشتر نەبوون وەک ئەوەی لە بازاڕەکاندا بەدیی دەکەین چێشتخانەی شەوانە تا بەیانی و دروستکردنی مقەڵی و ئامێری جۆراوجۆری گۆشت برژاندن و سفرەی سەفەری و قاپ و پەرداخ و کەوچک و چەتاڵی سەفەری و...هتد. هەروەها دووبارە بوژانەوەی کاری کشتوکاڵی و ئاودێریی بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک لە دەرەوەی شارەکان باخیان هەیە و پێویستیان بەکەرەستە کشتوکاڵییەکانە.
ئێستا بوارێکی تر سەریهەڵداوە کە بوژانەوەی دۆخی گەشتیارییە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا ئەم کەرتە بۆتە مایەی بوژانەوەی ئابووریی تاک و بۆ ئەوەش زۆرکەس دەتوانن سودمەندبن لەم کەرتە، وەک پێکهێنانی گروپی رێبەریی گەشتیار، دروستکردنی گروپی زمان و وەرگێڕان، گروپی هونەریی فۆلکلۆریی کە دەتوانن لە بەشێک لە ناوچە گەشتیارییەکاندا بژێویی خۆیان دابین بکەن، بەڵام بێگومان ئەوە دەبێت بەگوێرەی پێداویستیی ناوچەکان رێکبخرێت و لەرێی سەندیکا یان رێکخراوی تایبەتمەندەوە سەرپەرشتی بکرێت تا نەبێتە مایەی قۆرغکاریی و کێشەی کۆمەڵایەتی و ناوچەگەریی لێ نەکەوێتەوە.   

وتارەکانی نوسەر