پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا و تەكنیكی هاوچەرخی پەیوەندیكردن، خزمەتی گەورەی بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی گەیاندووە و شێوەی هەڵسوكەوت و تێگەیشتنی تاكی خستۆتە قۆناغێكی نوێوە، بە شێوەیەك ئێستا تاك لە پەیوەندییەكی «رۆمانسیدایە» لەگەڵ تەكنۆلۆجیادا كە نە دەتوانێت دەستبەرداری بێت، نە ویستی زویركردنیشی هەیە، بۆیە ئەم رۆژگارە بە «رۆژگاری ئالوودەبوون بە تەكنۆلۆجیا» ناودەبرێت.
لەگەڵ ئەو خزمەتەی كە تەكنۆلۆجیای هاوچەرخ پێشكەشی كۆمەڵگەی دەكات، هاوكات تاك و كۆمەڵی تووشی چەندین كێشە و بەڵای كۆمەڵایەتیی كردووە كە بەردەوام لەسەر ئاستی جیهان و لە نێو ناوەند و دەزگا ئەكادیمییەكاندا، لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت.
لە چوارچێوەی ئەو پێشكەوتنانەدا، ئێستا مۆبایلی زیرەك (smart phone) بووە بە بەشێكی گرنگ و دانەبڕاو لە ژیانی هەر تاكێكدا، هەرچییەك دەكەیت، پەنا بۆ ئەو ئامێرە بچووكە دەبەیت، «وێنە و ڤیدیۆی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان تۆمار دەكەین، داتا و زانیارییە گرنگ و هەستیارەكانمان لەناویدا دەپارێزین، لە رێگەیەوە ئەپەكانی سۆشیال میدیا بەكاردەهێنین و پەیوەندیی دەبەستین، بازاڕیی دەكەین و كاروباری بانكی پێ رایی دەكەین».. ئەمە و چەندین خزمەتگوزاریی دیكە، بەڵام هەموان دەزانن كە مەترسییەك هەیە بە ناوی «هاك»ەوە و ژیانی زۆر كەسی وێران كردووە، كەچی كەمترین زانیاریمان لەبارەیەوە هەیە و نەمانتوانیوە سەبارەت بە هاكی مۆبایل (phone hack) هۆشیاریمان هەبێت و رۆشنبیریی خۆپارێزی لەو بەڵایە بەدەست بهێنین، بۆیە زانیارییەکانی ناو ئەم دووتوێیە، هەنگاوێكی تاڕادەیەك سەرەتاییە، بەمەبەستی ئاشنابوون بە بەڵای هاكی مۆبایل و نیشانە و رێگاچارەسەرەكان، چونكە ئەم بەڵایە لە دەرگای زۆربەی بەکارهێنەران دەدات و كێشە بۆ زۆر كەسیش دروست دەكات.
* ماستەر لە تەکنیکی میدیا