ئەم بابەتە ماستەرنامەیەکی پەسەندکراوی بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ ئەم کات و سەردەمە هەفتانە بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە:
بەشی شەشەم و کۆتایی
لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل
هاوشێوەی جۆرەكانی دیكەی رۆژنامەگەریی، توێژەرانی بواری میدیا لایەنە باش و خراپەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل-یان دیاری كردووە، لەسەر رۆشنایی سروشت و تایبەتمەندێتییە تەكنیكییەكانی ئامرازی مۆبایلی زیرەك. هاوكات بەشێوەیەك لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، كە رۆژنامەگەریی مۆبایل وەكو تەكنەلۆجیایەكی نوێی میدیایی، لەبەرامبەر خزمەتگوزارییە ئەرێنییەكانیدا، كۆمەڵێك رەهەندی نەرێنیشی هەیە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی میدیاییدا.
لایەنە باشەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل
1- دەتوانرێت وردەكاریی چیرۆكی هەواڵەكان لە مەیدانی رووداوەكانەوە راستەوخۆ و بە خێرایی بڵاوبكرێنەوە.
2- هەڵگرتنی كەرەستەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل سوك و ئاسانە و بە تەنیا كەسێك دەکرێت، بەشێوەیەك ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە پێویستیی بە تیمێك نییە بۆ هەڵگرتنی ئامێری كێش قورس كە گواستنەوەیان كارێكی زەحمەتە.
3- لەم جۆرە رۆژنامەگەرییەدا، رۆژنامەوان دەتوانێت بە ئاسانی وێنە لەو شوێن و جێگایانە تۆمار بكات، كە بۆ تیمی كامێرا كارێكی زۆر ئەستەمە. هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە رۆژنامەگەریی مۆبایلدا هەموو ئەركەكان لە تەنیا مۆبایلێكی بچووكدا چڕ بۆتەوە.
4- رۆژنامەگەریی مۆبایل پێویستی بە بودجەیەكی كەمە بۆ كڕین و دابینكردنی كەرەستەكانی.
5- لەهەموو شوێنكدا (MOJO) بوونی هەیە و بۆتە ئامرازێك بۆ دەستكەوتنی زۆرترین هەواڵ و زانیاری و وێنە و ڤیدیۆی خامی میدیایی بۆ كەناڵەكان، بەتایبەت هەواڵ و رووداوە كتوپڕەكان.
6- هاوشێوەی رۆژنامەوانە پیشەییەكان، هاووڵاتیانیش دەتوانن پیادەی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە بكەن، بۆیە زۆركات (MOJO) بۆشایی نێوان رۆژنامەوانان و هاووڵاتیانی ئاسایی كەم دەكاتەوە، ئەمەش بۆتە هاندانێك بۆ گەشەسەندنی هۆشیاریی میدیایی لای جەماوەر.
هەر لە چوارچێوەی لایەنە ئەرنییەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایلدا، توێژەر لە رێگەی شیكردنەوە و راڤەكردنی سروشتی كاری ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، دوو خاڵی دیكە سەربار دەكات كە بریتییە لە:
*فراوانكردنی مەعریفەی میدیایی میدیاكاران: ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، میدیاكارانی لە مومارەسەكردنی تەنیا كارێكی میدیایی دیاریكراودا دەرباز كردووە و مەعریفەی پراكتیكییانی فراوان كردووە. بۆ نموونە، پێشتر پەیامنێران و هەواڵسازانی كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان، تەنیا كاری دیاریكراوی خۆیان جێبەجێكردووە، بەڵام رۆژنامەگەریی مۆبایل دەرگای ئاشنابوون و مومارەسەكردنی چەندین كاری میدیایی دیكەی لە بەردەمیاندا واڵا كردووە. لەوانە: (كاری كامێرامانی، مۆنتاژكردن و كاری تەكنیكی هونەرەكانی بەرهەمهێنان لە میدیای بینراودا... تد).
*رووماڵكردنی رووداو و دیاردە پەراوێزخراوەكان: چیتر رووداوە بچووكەكان نابن بە قوربانیی رووداوە گەورە و دیارەكان. میدیای كلاسیك هەمیشە رووماڵی رووداوە گەورەكانی لەلا مەبەست بووە و كەمتر دەپەرژایە سەر رووداوە بچووكەكان، بەڵام ئێستا كامێرای مۆبایلی زیرەك تەنیا رووداوە گەورە و دیارەكان تۆمار ناكات و بەهۆی بەربڵاویی بەكارهێنانیەوە، فۆكس دەخرێتە سەر رووداو و دیاردە بچووكەكان كە پێش پەیدابوونی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە تاڕادەیەك پەراوێزخرابوون.
لایەنە خراپەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل
1- نزمی كوالێتی بەرهەمی رۆژنامەگەریی مۆبایل (وێنە و ڤیدیۆ)، یەكێكە لە كێشەكانی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ سنوورداریی هاوێنەی كامێرای مۆبایلی زیرەك و نەبوونی ئەزموون و شارەزایی بەكارهێنانی.
2- وێڕای پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای دروستكردنی مۆبایلی زیرەك، بەڵام هێشتا كەمی وزەی «پاتری» مۆبایل بۆ ماوەیەكی درێژ، یەكێكە لە كێشەكانی بەردەم (MOJO)دا.
3- بەهۆی ئەوەی بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتی ئاسایی لە رێگەی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییەوە، هەواڵ و زانیاریی رەوانەی كەناڵە میدیاییەكان دەكرێت، بۆیە زۆربەی كات كێشەی ناهاوسەنگی و شێواندنی راستییەكان و پابەندنەبوون بە ئیتیك و یاسای رۆژنامەوانییەوە دروست دەبێت.
4- زۆركات رووماڵكردنی رووداوەكان بەم جۆرە رۆژنامەگەرییە بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ، مەترسی بۆ ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵ دروست دەكات و لەلایەن دامەزراوە حكومی و ئەمنییەكانەوە كێشەیان بۆ دروست دەبێت.
هاوكات، توێژەر لەگۆشەنیگای ئەزموونی كاری مەیدانی لە میدیای بینراودا، دوو خاڵی دیكە وەكو لایەنی نەرێنیی رۆژنامەگەریی مۆبایل (MOJO) سەربار دەكات كە بریتین لە:
*نا پرۆفیشناڵی لە رۆژنامەگەریی مۆبایلدا: بەهۆی نوێی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە و كەمی ژمارەی راهێنەر و میدیاكاری شارەزا لەم بوارەدا، بەشێك لە بەرهەمی میدیایی رۆژنامەگەریی مۆبایل لەسەر ئاستی كوالێتیی ناوەڕۆك وفۆرمەوە لاوازە و بە ناپرۆفیشناڵی (MOJO) بەكاردەهێنرێت. بۆ نموونە: رووماڵی ئەو هەواڵانەی كە بە رۆژنامەگەریی مۆبایل لە كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكاندا كراون، ناچنە قاڵبێكی هونەریی یەكانگیری بەرهەمی میدیاییەوە.
*پێویستیی بە ژووری زیرەكی هەواڵ هەیە: وەك لە توێژینەوەكانی پێشووی پەیوەست بە توێژینەوەی ئێستادا ئاماژەی بۆ كراوە، ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە پێویستی بە ژووری زیرەكی هەواڵ هەیە كە بەشێك لە توێژینەوە میدیاییەكان بە «ژووری زیرەكی هەواڵ» ناوی دەبەن. ئەم چەشنە لە ژووری هەواڵ جیاوازە لە ژووری هەواڵی كلاسیك و لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبیش، تاڕادەیەك نامۆیە و شارەزایی بوون تێیدا كەمە.
* ماستەر لە تەكنيكي ميديا