سەبارەت بە رۆژنامەگەریی مۆبایل

11:16 - 2022-06-11
ئەركان جەبار
963 خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە ماستەرنامەیەکی پەسەندکراوی بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ ئەم کات و سەردەمە هەفتانە بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە:
 بەشی سێیەم
تایبەتمەندێتییەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل
رۆژنامەگەریی مۆبایل كۆمەڵێك تایبەتمەندێتی هەیە، كە بەراورد بە ئامرازە تەكنەلۆجییەكانی دیكەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی هەواڵدا، جیاوازی لە شێوە و ناوەڕۆكیدا هەیە، بۆیە بەشێكی زۆری ئەو تایبەتمەندێتییانە دەخەینەڕوو:
1-  تێچووی كەم (Lower costs): تێچووی رۆژنامەگەریی مۆبایل لە رووی داراییەوە، زۆر كەمترە بەراورد بە بەكارهێنانی ئامێرەكانی دیكەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی هەواڵ و ماددەی بینراو، بە جۆرێك بوونی مۆبایلێكی زیرەك لەگەڵ هەندێك پاشكۆ و كەرەستەی دیكەی وەكو (ستاندی دەستی، مایكی دەرەكی، هیتفۆن ‌و هاوێنە)، تەنیا نزیكەی هەزار دۆلاری ئەمریكی تێچووەكەیەتی، ئەمەش فاكتەرێكە بۆ ئەوەی بەشێكی زۆری رۆژنامەوانان بتوانن بە ئاسانی ئەو كەرەستانە بەدەستبخەن ‌و كاروبارە میدیاییەكانیان رایی بكەن.
2 - ئاسانی جوڵەپێكردن (Ease of movement): ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە بە سروشتی خۆی پێویستی بە كەرەستەی زۆر و قەبە نییە، بخوازێت لە رێگەی زیاتر لە كەسێكەوە بەكاربهێنرێت، بۆیە جوڵەی میدیاكاری رۆژنامەگەریی مۆبایل ئاسان و خێرایە.
3 - خێرایی (Immediate): ئەم ژانرە نوێیەی بواری كاری میدیایی كە خۆی لەگەڵ پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیای نوێی گەیاندندا گونجاندووە، توانیویەتی رەگەزی (كات) بۆ رووماڵكردن ‌و بەرهەمهێنانی تەلەفیزیۆنی بگێڕێتەوە، بە جۆرێك پڕۆسەی تۆماركردنی وێنە و ڤیدیۆ ‌و گواستنەوەی لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە، بەخێرایی لە رێگەی مۆبایلەوە بەڕێوەدەچێت.
4 - ئاوێتەبوون (Interactive): رۆژنامەگەری مۆبایل لەو جۆرە رۆژنامەگەرییانەیە زۆرترین ئاوێتەبوونی لەگەڵ جەماوەری وەرگردا هەیە، بە واتایەكی دیكە بریتییە لە رۆژنامەگەریی مۆڵتی میدیا لە زۆربەی بلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكاندا بوونی هەیە، نموونەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ‌و پڕۆگرامەكانی گەیاندن ‌و پەیوەندیكردن ‌و بەیەكگەیشتن، بەشێوەیەك لەم جۆرە رۆژنامەگەرییەدا، وەرگر پێگەی باسیف (ناكارای) نییە ‌و بەپێچەوانەوە وەرگرێكی ئاكتیڤە، ئەمە لە میدیای كلاسیكدا پێچەوانەیە، سەرەنجام ئاست و رادەی ئاوێتەبوونی (MOJO) لەگەڵ جەماوەری بەرفراواندا بەرز و كارایە.
5 -پارێزراوی (Safety): رۆژنامەگەریی مۆبایل سەلامەتیی زیاتر بۆ رۆژنامەوانان دەستبەر دەكات، بەجۆرێك ئەو رۆژنامەوانانەی مۆبایل لە نێو ئاپۆڕای خەڵك ‌و شوێنە قەرەباڵغەكاندا بەكاردەهێنن، وریاتر و سەلامەتترن، بەراورد بەو رۆژنامەوانانەی كەرەستە و ئامێری گەورە و قورس ‌و قەبە بەكاردەهێنن.
6 - تۆماركردنی وێنە و ڤیدیۆ بە كوالێتی K4 (high Quality): ئێستا كۆمپانیاكانی دروستكردنی مۆبایلی زیرەك لە كێبڕكێدان بۆ پێشخستنی تەكنەلۆجیای بەكارهاتوو لە كامێرای مۆبایلەكاندا، بەشێوەیەك بەشی زۆری نەوەكانی ئێستای مۆبایل بە هەردوو سیستمی (IOS و Android) دەتوانرێت بە كوالێتی (4K) وێنە و ڤیدیۆ تۆمار بكرێت، ئەو كۆمپانیانە بانگەشەی ئەوەش دەكەن، لە چەند ساڵی داهاتوودا كوالێتی (8K)  لەنێو كامێرای مۆبایلی زیرەكدا بەردەست دەخەن.
7 -پەخشی راستەوخۆ (live stream): لە رۆژنامەگەریی مۆبایلدا، تەكنەلۆجیای پەخشی راستەوخۆ بە ئاسانترین شێواز و كەمترین تێچوو دەستەبەر دەكرێت، ئەویش لە رێگەی كارپێكردنی پڕۆگرامەكانی تایبەت بە پەخشی راستەوخۆ لەناو مۆبایلە زیرەكەكاندا، ئەمە لەكاتێكدا گواستنەوەی پەخشی راستەوخۆ بە بەكارهێنانی ئامێری (SNG)، جگە لەوەی لە رووی تەكنیكییەوە كارێكی ئاڵۆزە، هاوكات تێچووی دارایی لەسەر دامەزراوە میدیاییەكان زۆرە.
8 - هەمەچەشنیی پڕۆگرامەكان (Multiple application): بوونی ژمارەیەكی زۆری پڕۆگرامی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگ ‌و مۆنتاج، وایكردوە ناوەڕۆكی بەرهەمی میدیایی لە رۆژنامەگەریی مۆبایلدا بە وردی ‌و هەمەچەشنیی ئامادە بكرێت.
لە چوارچێوەی خستنەڕووی كۆمەڵێك تایبەتمەندێتیی گشتیی پەیوەست بە رۆژنامەگەریی مۆبایل، توێژەر بە پشتبەستن بە ئەزموونی كاری میدیایی و مەیدانی لەو بوارەدا و لە بازنەی تێڕوانین و گۆشەنیگای زانستییەوە، كۆمەڵێك زانیاری سەربار دەكات و وایدەبینێت، تێچووی دارایی ئامادەكردنی هەواڵ یان هەر جۆرە هونەرێكی دیكەی رۆژنامەوانیی لە تەلەفیزیۆندا بەشێوە كلاسیكییەكەی ‌و لە رێگەی كاری تیمەوە (ریپۆرتەر، كامێرامان، كارمەندی دەنگ ‌و رێكخەری رووناكی)، زۆر زیاترە بەراورد بەو بەرهەمە تەلەفیزیۆنییەی تەنیا لەلایەن رۆژنامەوانێەكەوە ‌و لە رێگەی مۆبایلەوە ئامادە دەكرێت، بۆ نموونە، بۆ ئامادەكردن و رووماڵكردنی هەواڵێك، دەبێت كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان توانای مرۆیی لانیكەم سێ میدیاكاری خۆی بەگەڕبخات، بەڵام (MOJO) هەم قەبارەی توانای مرۆیی كەمكردۆتەوە، هەمیش تێچووی ئەو سێ میدیاكارەی بۆ تەنیا میدیاكارێك دابەزاندووە.
هاوكات لەبارەی ئاسانی جوڵەپێكردنی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییەوە، توێژەر تێبینی دەكات، ئەم تایبەتمەندێتییە وایكردووە ئەو رۆژنامەوانانەی لە رێگەی مۆبایلی زیرەكەوە بەرهەمی تەلەفیزیۆنی ئامادە دەكەن، دەتوانن زۆر بە ئاسانی ‌و بە خێراییەكی زیاترەوە رووماڵی رووداوەكان بكەن ‌و بگەن بە شوێنە ئەستەمەكان و لە كێشەی بارگرانی ‌و گواستنەوەی ئامێری قورس رزگاریان بێت، وەك ئەوەی لە كاری تیمدا زۆربەی كات گرفتە.
دەربارەی رادەی سەلامەتیی رۆژنامەگەریی مۆبایل، توێژەر چاودێریی ئەو پرسەی كردووە و ئەو تێگەیشتنەی لەلا روونبۆتەوە، لەكاتی دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی لە رووماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكاندا، ئەو میدیاكارانەی لە رێگەی رۆژنامەگەریی مۆبایلەوە رووماڵ دەكەن، زۆر بە ئاسانی و سەلامەتتر لەو گرژییانەدا دەرباز دەبەن. چونكە لەو كاتانەی پیشەی میدیاكار لە شوێنی رووداوەكانەوە دەكەوێتە مەترسییەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەوڵی دەستبەسەر كردنی دەدرێت، میدیاكاری رۆژنامەگەریی مۆبایل تەنیا بە شاردنەوەی مۆبایلەكەی بە سەلامەتی لەو بارودۆخە دەرباز دەبێت، بەڵام ئەم رەوشە بۆ كاری تیم سەلامەت نییە.
دوا تێبینی توێژەر سەبارەت بە تایبەتمەندێتییەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل، بریتییە لە بەردەستبوونی كەرەستەی تەكنیكی و ئەلیكترۆنی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، ئێستا چەمكێك لەناو (MOJO)دا پەیدا بووە بە ناوی «شۆڕشی ئەپەكان» وەك گوزارشتێك بۆ فەراهەمبوونی سەدان پڕۆگرامی تایبەت بەم رۆژنامەگەرییە پەیوەست بە بەرهەمهێنانی ماتریاڵی میدیایی، بۆ نموونە میدیاكار دەتوانێت بە تەنیا سەردانیكردنی پڕۆگرامی بە بازاڕكردن (store) لە سیستمی (IOS) و (play) لە سیستمی (Android)دا، دەیان پرۆگرام بۆ وێنە و ڤیدیۆ و دەنگ و كاری مۆنتاجكردن بە خۆڕایی بەدەستبخات، بەڵام نرخی تەنیا پڕۆگرامێكی وەك (Final Cut Pro) بۆ مۆنتاجكردن بە كۆمپیوتەری جۆری (Mac) بریتییە لە 300 دۆلاری ئەمریكی، ئەمە جگە لەوەی نرخی ستاندێكی مۆبایل تەنیا 20 دۆلارە، لە بەرامبەردا نرخی ستاندی كامێرای سەرشان نزیكەی 130 دۆلارە.
  * ماستەر لە تەكنيكي ميديا

وتارەکانی نوسەر