ئەم بابەتە ماستەرنامەیەکی پەسەندکراوی بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ ئەم کات و سەردەمە هەفتانە بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە:
بەشی چوارەم
پڕۆگرامەكانی
رۆژنامەگەریی مۆبایل
لەم ساڵانەی دواییدا و بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای مۆبایلی زیرەك و تەوژمی بەرفراوانی ئەوەی پێی دەوترێت «شۆڕشی ئەپەكان App Revolution سەدان پڕۆگرام بۆ بواری رۆژنامەگەریی مۆبایل بەردەست بوون، كە بەشێكیان بە خۆڕاییە و بەشێكی دیكەشی پێویستە بكڕدرێن، لەو چوارچێوەیەدا لە هەردوو سیستمی IOS و Android دا چەندین پڕۆگرام هەن بۆ رۆژنامەگەریی مۆبایل سوودیان هەیە و دەتوانرێت بە داگرتنیان لەسەر سكرینی مۆبایل، كرداری وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆ و مۆنتاژكردن بە دەیان فلتەر، لەگەڵ پڕۆگرامی تایبەت بە دەستكاریكردنی ڤیدیۆ و وێنە و دەنگ و...تد بکرێت.
لە رووی چەمكەوە، پڕۆگرامەكانی رۆژنامەگەریی مۆبایل بریتییە لەو پڕۆگرامانەی بەشێكیان لەگەڵ سیستمی تایبەت بە مۆبایلەكە دابەزێنراوە (Install)، بەشێكیشیان لە رێگەی داگرتن لە هەردوو پڕۆگرامی بە بازاڕكردن (store) لە سیستمی (IOS) و (play) لە سیستمی (Android). هەندێك لەو پڕۆگرامانەش پێویستیان بە گەیاندنی تۆڕی ئینتەرنێتە و هەندێكیشیان بەبێ بوونی ئەو هێڵە كار دەكات، ئەم پڕۆگرامانە بەكاردەهێنرێت بۆ (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، گەڕان بەدوای هەواڵ و زانیاری و داڕشتنی، تەماشاكردنی وێنە و ڤیدیۆ، دەنگ، تۆماركردنی وێنە و ڤیدیۆ، مۆنتاژكردن، نووسینی تێكست، پەخشی راستەوخۆ و بازاڕكردن...تد).
پڕۆگرامەكانی تایبەت بە بواری رۆژنامەگەریی مۆبایل (MOJO) فراوان و فرەچەشنن، بۆ نموونە تەنیا لە بواری تۆماركردنی ڤیدیۆ و دەستكاریكردنیاندا (Video recording and editing)، سەدان پڕۆگرام بۆ هەردوو سیستمی IOS و Android بەردەستن، بۆیە توێژەر كۆمەڵێك لەو پڕۆگرامانەی (MOJO) بۆ هەردوو سیستمی كارپێكردنی مۆبایلی زیرەك دەخاتەڕوو، كە سەرچاوە زانستییەكان و میدیاكارانی شارەزا لە رۆژنامەگەریی مۆبایل جەختیان لەسەر دەكەنەوە، لەگەڵ ناساندنی سوود و تایبەتمەندێتی و شێوەی كاركردنی ئەو پڕۆگرامانە.
1-پڕۆگرامەكانی دەستكاریكردنی وێنە picture Editing:
*پڕۆگرامی (Pro camera): تایبەتە بە تۆماركردنی وێنەی فۆتۆگرافی بە كوالێتی بەرز و بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵ، لەگەڵ دەستەبەركردنی چەندین جۆر فلتەری تایبەت بە وێنە، ئەم پڕۆگرامە لەسەر سیستمی (IOS)دا كار دەكات و بە خۆڕایی نییە.
*پڕۆگرامی (snap seed): ئەم پڕۆگرامە تایبەتە بە دەستكاریكردنی وێنە و گۆڕانكاریكردن، بە هەردوو سیستمی IOS و Android كار دەكات. تایبەتمەندێتی زیادكردنی (فلتەر، كاریگەریی رەنگ، نووسین و كۆمێنتی فۆتۆگرافەر)ی لەگەڵدایە و بە خۆڕایی بەردەستە.
*پڕۆگرامی (Proshot): بە هەردوو سیستمەكە كار دەكات و رۆژنامەوان دەتوانێت خزمەتگوزارییەكانی (خێرایی شەتەر و هاوێنە، هەستیاری كامێرا بۆ رووناكی) دەستبەر بكات و بە خۆڕایی بەردەست نییە.
*پڕۆگرامی (Vsco): بەهەمان شێوە بە هەردوو سیستمەكە كار دەكات، بۆ فۆتۆگرافەرە پیشەییەكان بە یەكێك لەباشترین پڕۆگرامەكان دادەنرێت و بەشێوەی خۆڕایی لە بازاڕی ئەپەكاندا بەردەستە. هاوكات ناوەندی میدیایی كەناڵی (ئەلجەزیرە) بۆ راهێنان و پێشخستن، دوو پڕۆگرام لە بواری دەستكاریكردنی وێنەی فۆتۆگرافی بۆ رۆژنامەگەریی مۆبایل دیاری دەكات، كە بریتین لە: (camera++) بۆ سیستمی (IOS) و پڕۆگرامی (Adobe photo shop Express) بۆ سیستمی كارپێكردنی IOS و Android.
2-پڕۆگرامەكانی تۆماركردنی ڤیدیۆ (video Recording):
*پڕۆگرامی (Filmic Pro): رۆژنامەوانان دەتوانن ئەم پڕۆگرامە بە هەردوو سیستمی IOS و Android كار پێبكەن، یەكێكە لە پڕۆگرامە پێشكەوتووەكان كە دەتوانرێت كار لەسەر (خێرایی شەتەر، كرانەوەی هاوێنە و هەستیاری رووناكیی كامێرا) بكرێت و بە خۆڕایی بەردەست نییە.
*پڕۆگرامی (open camera): تایبەتە بە تۆماركردنی ڤیدیۆ بە كوالێتی بەرز، خاوەنی ژماریەك فلتەری بەهێزە و تەنیا بۆ سیستمی (Android) كار دەكات و بە خۆڕایی بەردەستە.
*پڕۆگرامی (Cinema 4k): بەهەمان شێوە كاركردنی لەگەڵ سیستمی (Android)دا دەبێت و یەكێكە لەو پڕۆگرامانەی كە پێویستی بە شارەزایی رۆژنامەوان هەیە، لە وێنەگرتنی ڤیدیۆییدا و بە خۆڕایی كارا نییە.
*پڕۆگرامی (DSLR Camera Pro): پڕۆگرامێكی زۆر بەهێزی بواری ریكۆردی ڤیدیۆییە و بەشێكی سیستمی (DSLR)ی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە، بەوەش تا ئاستێكی باش تایبەتمەندێتیی كامێرا پرۆفیشناڵەكانی بواری ریكۆردكردنی ڤیدیۆ بۆ بەكاربەرانی دەستەبەر كردووە. ئەم پرۆگرامە بەخۆڕایی نییە و بۆ هەردوو سیستمی IOS و Android)بەردەستە.
3-پڕۆگرامەكانی مۆنتاجكردن (Editing):
*پڕۆگرامی (Luma Fusion): ئەم پڕۆگرامە لەسەر ئەو مۆبایلە زیرەكانە كار دەكات كە سیستمەكەیان (IOS) ، چەندین تایبەتمەندێتی گرنگ لە پڕۆگرامەكەدا بەردەستخراوە، ئاسانكاریی بۆ رۆژنامەوانان دەكات لە كاری مۆنتاجكردنی كلیپی ڤیدیۆیی و زیادكردنی فلتەر و لابردن و زیادكردنی دەنگ و وێنە و بە خۆڕایی كارا نییە.
*پڕۆگرامی (Kine Master): ئەم پڕۆگرامە لە هەردوو سیستمەكەدا كار دەكات و چەندین خزمەتگوزاری بۆ رۆژنامەوانان دابینكردووە، لەوانە: (دانانی تێكست «كاپشن»، جێگیركردنی لۆگۆ، لكاندنی دەنگی دەرەكی بە ڤیدیۆ كلیپ)، لەگەڵ بەردەستخستنی چەندین ئیفێكتی دەنگی و وێنەیی، بەشێك لە ئۆپشنەكانی ئەم پڕۆگرامە بە خۆڕایی نییە.
*پڕۆگرامی (Power Director): ئەم پڕۆگرامە بە جێگرەوەی پڕۆگرامی (Kine Master) دادەنرێت كە لەسەر سیستمی كارپێكردنی (Android) كار دەكات، بەڵام بۆ ئەوەی ڤیدیۆی مۆنتاژكراو بەبێ لۆگۆی كۆمپانیای بەرهەمهێنی پڕۆگرامەكە دابەزێنرێت، دەبێت بڕێك پارە بۆ ژمارە حیسابی كۆمپانیاكە رەوانە بكرێت.
*پڕۆگرامی (Alight Motion): ئەم پڕۆگرامە لەسەر سیستمی (Android) كار دەكات، تایبەتە بەو رۆژنامەوانانەی كاری (موشن گرافیك) دەکەن و بە خۆڕایی نییە.
*پڕۆگرامی (iMovie): ئەم پڕۆگرامە لەسەر سیستمی (IOS) كار دەكات و لەتوانایدایە بە كوالێتی (4K) ڤیدیۆ مۆنتاژ بكرێت، ئەمە جگە لە دانانی كاپشن و زیادكردنی تۆماری دەنگی. ئەم پڕۆگرامە بە خۆڕایی بۆ بەكاربەران بەردەستە.
4-پڕۆگرامەكانی تۆماركردن و مۆنتاجكردنی دەنگ Audio Editing
*پڕۆگرامی (Voice Recorder): ئەم پڕۆگرامە لەسەر سیستمی (IOS) كار دەكات و لەتوانایدایە دەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ بە هەستیاری تۆمار بكات و پاشان بیگۆڕێت بۆ شێوە فایلی دیكە و بەرز و نزمی لە لەرە دەنگیەكانیش بكرێت، بەڵام ئەم پڕۆگرامە بە پارەیە و خۆڕایی نییە.
*پڕۆگرامی (PCM Recorder): ئەم پڕۆگرامە بە هەردوو سیستمەكە كار دەكات و تۆماری جۆری (PCM)ی تایبەت بە مایكی ناوەكی بەكاردێت، ئەمە جگە لەوەی بە كوالێتی بەرز و بە هەردوو جۆری WAVE و PCM فایلی دەنگیی بەردەست دەخات.
*پڕۆگرامی (Rec Forge Lite): ئەم پڕۆگرامە گونجێنراوە لەگەڵ سیستمی (Android) و دەتوانێت بە كوالێتی بەرز دەنگ تۆمار بكات.
5-پڕۆگرامەكانی پەخشی راستەوخۆ (live stream):
*پڕۆگرامی (periscope): ئەم پڕۆگرامە لەسەر هەردوو سیستمەكە بە خۆڕایی كار دەكات و لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە پەخشی راستەوخۆ بڵاودەكاتەوە، بە تایبەتمەندێتی دیاریكردنی شوێنی جوگرافی (GPS). لەم پڕۆگرامەدا دەتوانرێت شێوەی بینین لە گشتییەوە بۆ تایبەت دیاری بكرێت و لەپێش دەستپێكردنی پەخشەكەش، ناونیشان یان كاپشنی بابەتی پەخشكراو بنووسرێت. ئەمە جگە لەوەی لەم پڕۆگرامەدا داتای تایبەت بە ژمارەی بینەر و لایك و كۆمێنتەكان ئاشكرا بكرێت، هەروەها دەتوانرێت بۆ ماوەی 24 سەعات پەخشی راستەوخۆ بەبێ بچڕان جێبەجێبكرێت لە رێگەی ماڵپەڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە.
*پڕۆگرامی (U stream): لە هەردوو سیستمەكەدا بە خۆڕایی كار دەكات و خاوەنی تایبەتمەندێتی دیاریكردنی چوارچێوەیە بۆ ڤیدیۆی پەخشەكە و توانای تۆماركردنی پەخشە راستەوخۆكەشی هەیە، بەڵام ناتوانرێت شوێنی جوگرافی دیاری بكرێت. ئەم پڕۆگرامە پەخشی راستەوخۆ لە رێگەی هەردوو ماڵپەڕی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك و تویتەرەوە دەکات.
*پڕۆگرامی (Bambuser): ئەم پڕۆگرامە بە هەردوو سیستمی IOS و Android كار دەكات و رێگە دەدات لە هەرسێ ماڵپەڕی (فەیسبووك، تویتەر و مای سپەیس)ەوە پەخشی راستەوخۆ بڵاوبكرێتەوە، جگە لەوەی خزمەتگوزاریی چاتكردن لە ماوەی پەخشەكەدا دەستبەر دەكات. هەروەها توانای كۆنێكتی هەیە لەگەڵ سیستمی برۆدكاستینگی تەلەفیزیۆنەكان و بە خۆڕایی بەردەستە.
توێژەر بە گەڕان لەناو هەردوو پڕۆگرامی play و store تایبەت بە گەڕان و بازاڕكردن بۆ پڕۆگرامەكان، تێبینی دەكات، سەدان پڕۆگرامی تایبەت بە رۆژنامەگەریی مۆبایل هەن، كە هاوشێوەی پڕۆگرامە ئاماژە بۆ كراوەكان سوودیان هەیە لەبواری بەرهەمهێنانی تەلەفیزیۆنیدا.
هاوكات توێژەر لەدوای پشكنینی بەشێكی زۆری ئەو پڕۆگرامانە، دەركەوت كە زۆربەی پڕۆگرامەكانی تایبەت بە (MOJO) لە سیستمی (Android)دا بە خۆڕایین و هیچ مەرجێك لەبارەی دانان و بڵاوكردنەوەی لۆگۆی پڕۆگرام بەسەر بەكاربەردا ناسەپێنێت، پێچەوانەی سیستمی (IOS) كە زۆربەی پڕۆگرامەكانی بە خۆڕایی نین.
* ماستەر لە تەكنيكي ميديا