گەڕانەوەی زەمەن

نامە (57) لاپەڕەییەكەی سەدام حسێن یەك مانگ بەر لەسێدارەدانی چی تێدا نووسرا بوو؟!

11:07 - 2022-08-13
مەریوان مەسعود
1021 خوێندراوەتەوە

63

ئەگەر دادگاییكردنی سەدام حسێن-ی (دیكتاتۆری) سەرۆكی پێشووتری عیراق، لای هەندێكمان مەعلوم بێت، ئەوا بێگومانم بۆ نەوەی ئێستا زانیاریان زۆر كەمە لەسەر ئەو دادگاییە و تاوانەكانی سەدام حسێن، بۆیە من بە ئەركی توێژەر و رۆژنامەنووسانی دەزانم، پەردە لەسەر زۆر هەقیقەتی ئەم سەردەمە هەڵدەنەوە، چونكە زیاتر لە 30 ساڵ حوكمی سەدام و بەعسییەكان سێ‌ نەوەی تێپەڕاندووە.
ئەوەی من دەمەوێت ئەمجارە تیشكی بخەمە سەر، ئەو نامە (57) لاپەڕەییە بوو، كە سەدام حسێن بەر لە فەرمانی لە سێدارەدانی لە رێگەی سەرۆكی پارێزەرەكەیەوە بەرزی كردۆتەوە بۆ سەرۆكی دەستەی تاوانەكانی یەكەم، بەڵام بە پێی بەڵگەنامەكان، ئەم نامەیە كە سەدام حسێن بە دەستوخەتی خۆی نووسیویەتی نەگەیشتۆتە دەست دادگا و وەكو دەڵێن هەر لە رێگایەوە (گم) كراوە، نامەكە، زۆر شتی سەیر و سەمەرەو بۆچوونی نەبیستراوی سەدام حسێنی تێدایە، كە من هەوڵدەدەم تیشك بخەمە سەر چەند خاڵێكی.
نامەكە لە لایەن پارێزەر خەلیل دلێمی بەرزكراوەتەوە، لە 2/10/2006، و داوا دەكات بخرێتە دۆسێی قەزیەكەوەو لە دانیشتی 16/10/2006 بخرێتە ڕوو كە موەكیلەكەی سەدام حسێن نووسیویەتی وەكو بەرگرییەك لە خۆی.
بێگومان نامەكە لە دانیشتنەكەو هیچ دانیشتنێك نەخوێندرایەوە، نامەكەی سەدام كە بەدەستوخەتێكی (هیلاك) نووسراوە، بەڵام دەبێ ئەوەندە بڵێم كە بە عەرەبییەكی باش نووسراوە، سەرەتای نامەكەی بە ئایەتێكی قورئانی و كۆمەڵێك دروشمی سەردەمی خۆی دەستپێدەكات، و دواتر دەڵێت: « ئەوەی من لەم نامەیە دەینووسم گێڕانەوەی راستییەكانە بۆ هەموو عیراقییەكی دڵسۆز، نەك بەرگریكردن بێت لەخۆم».
پاشان، گێڕانەوەیەكی مێژوویی بەناوی (خەبات)ی خۆی بۆ عیراق دەگێڕێتەوە لەسەرەتای چەكداربوون و تەنزیم بوونی بۆ بەعسی و لەبارەی ئەو كودەتایەی كە بەعسییەكان ناویان ناوە (شۆڕشی 17-30 تەموز)، سەدام حسێن لە نامەكەی دەنووسێت:
«سێ‌ ساڵی یەكەمی شۆڕشەكەمان زۆر قورس بوو، واتە لە نێوانی تەموزی 1968 تا ئازاری 1970، چونكە بودجەی دەوڵەت تەنها سێ‌ ملیۆن دینار بوو هەر ئەوەندە بۆ دەوڵەت جێمابوو، ئەمەش تەنیا بەشی چەند مانگێكی كەمی مووچەی فەرمانبەران و سەربازەكانی دەكرد، بۆیە خوالێخۆشبوو سەرۆك ئەحمەد حەسەن بەكر، بیری لە فرۆشتنی سەربازگەیەكی عەسكەری گەورە كردەوە بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی پارەیەكمان دەست بكەوێت و دەوڵەت بەرین بەڕێوە، سەربازگەكە لە (وشاش) بوو، بەڵام من دژی ئەم بڕیارەی وەستامەوەو وتم نابێت سەربازگەیەكی وا گەورە بكەین بە پارچە زەوی و بیدەین بە هاووڵاتیان بەڵكو با بكرێت بە پاركێكی گەورە بۆ هاووڵاتیان، بۆیە كە نەگەیشتینە ئەنجام، بڕیارماندا كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بكەین بۆ ئەم مەسەلەیە، ئەوەبوو كۆبوونەوەكەمان كردو بەداخەوە لەكۆبوونەوەكە، بۆچوونەكەی من كەمینەی هێنا و زۆرینە لەگەڵ بۆچوونەكەی سەرۆك بەكر بوون، بۆیە كۆبوونەوە، داوای لە ساڵح مەهدی عەماش كرد بە سیفەتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ، كە هەستێت بەو كارەو سەربازگەكە بكاتە پارچە زەوی نیشتەجێبوون  و بیفرۆشێت بە هاووڵاتیان، ئیتر دوای شەش مانگ بەشێكی زۆری زەوییەكان فرۆشران، بۆ هەر پارچە زەوییەك بڕی تەنها 180 هەزار دینار وەرگیرا، دوای ئەوە من جارێكی تر داوای كۆبوونەوەم كرد بۆ ئەوەی بە بیرۆكەكەدا بچینەوە، چونكە زەوییەكان زۆر هەرزان فرۆشكرابوون، بۆیە لە كۆبوونەوەەی دووەم بیرۆكەكەی من دەنگی زۆرینەی هێنا و ئەو بەشەی زەوییەكەی سەربازگەكە كە مابۆوە، كرا بە پارك و باخچە، هەرچەندە سەرۆك بەكر هەر لەگەڵ بیرۆكەی فرۆشتن بوو».

 

« داواكاری گشتیی، دەڵێت تۆمەتبار سەدام حسێن وتویەتی من یەكێك بووم لەوانەی تەقەم لە خوالێخۆشبوو عەبدولكەریم قاسم كردووە، لە پای ئەوە ئایا دەسەڵاتدارانی ئەو كات كەسیان لە نزیكەكانی سەدام دەستگیركردووە؟  

 

لە بەشێكی تری نامەكەدا، سەدام باسی ئەو خێرو بێرە دەكات كە لە سەرەتای حەفتاكان بەسەر عیراقیەكان رژاو دەڵێت:
« دوای شەڕێكی دوورودرێژ لەگەڵ كوردەكان كە دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961، توانیمان لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 مۆر بكەین، و دواتر لەساڵی 1972 نەوتی شیمالمان خۆماڵیی كرد، بەمەش خێر و بەرەكەت بەسەر عیراق باری و هەموو كەرتەكان بوژانەوە «. 
سەدام حسێن، زۆر سەیر ئامارێك باس دەكات، و پێی وایە رێژەی نەخوێندەواری لە پێش ساڵی 1970 ئێجگار زۆر بووە لە عیراق و ئەوەتا دەنووسێت: « هەر چەندە لەوانەیە ئامارێكی ورد نەبێت، بەڵام بۆ نموونە لە پارێزگایەكی وەكو سەڵاحەدین كە دانیشتووانەكەی زۆرینەیان گوندنشین بوون رێژەی نەخوێندەواری تا ساڵی 1969 گەیشتۆتە 73 %. یان بۆ نموونە ئەو كاتە تەنیا یەك ئوتێلی دەرەجە یەك لە بەغدا هەبووە كە دوو قات بووە، جگە لەمەش بۆ نموونە تەنیا لە كۆشكی سەرۆكایەتی مەسعەد هەبووە، خۆ ئەگەر مەسعەدەكە تێكچوو بوایە كەس نەبوو چاكی بكاتەوە، چونكە مەسعەد و فێنكەرەوەی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی نیشتمانیی تەنیا یەك ئەندازیاری هەبوو. بۆیە ئەگەر هەر كامێكیان خراپ بوایە، دەبوایە لە رێگەی فڕۆكەوە لە بەریتانیاوە ئەندازیاری بۆ بێنین چاكیان بكاتەوە. ئەمە حاڵی بەغدای پایتەخت بوو، ئەوە باسی پارێزگاكانی تر هەر ناكەم كە چەندە وێران بوون. هەر بۆ زانیاریشتان تا ناوەڕاستی هەشتاكان هیچ ئەندازیارێكی ناوخۆ نەبوو مەسعد دامەزرێنێ‌ و چاكی بكاتەوە، هەر دەبوایە یارمەتیدەری بیانیان هەبووایە «.
لەبارەی دانیشتنەكانی دادگا كە بۆ تاوانی (دوجەیل) بەڕێوەچوو، لەكاتی قسەكان، داواكاری گشتیی، باسی لەوەش كرد كە كاتی خۆی سەدام حسێن تەقەی لە عەبدولكەریم قاسم كردوە بەڵام نە خۆی و نە كەسوكارەكەی نەگیراون ئەو كات، لەوەڵامی ئەمەدا سەدام حسێن، لە نامەكە دەڵێت:
« داواكاری گشتیی، دەڵێت تۆمەتبار سەدام حسێن وتویەتی من یەكێك بووم لەوانەی تەقەم لە خوالێخۆشبوو عەبدولكەریم قاسم كردووە، لە پای ئەوە ئایا دەسەڵاتدارانی ئەو كات كەسیان لە نزیكەكانی سەدام دەستگیركردووە؟،  وەڵامەكەش بۆ ئەم پرسیارە (بەڵێ‌)یە، چونكە كە هەوڵەكەمان ئەنجامدا، لە ساڵی كۆتایی خوێندنی زانستی بووم لە ئامادەیی كەرخ، و لە ماڵی خاڵم (خوالێخۆشبوو خەیروڵڵا تولفاح) دەژیام و دایكم سێ‌ برا بچووكەم (سەبعاوی، بەرزان، وەتبان) لە عوجە دەژیان، بۆیە لە ماڵی خاڵم سێ‌ پیاو بووین، خاڵم و كوڕی خاڵم عەدنان خەیروڵڵا و من، ئەو كات خاڵم و عەدنانی كوڕی خاڵمیان دەستگیر كرد «. 
سەدام، لە نامەكەیدا، زۆر تەوەر و بابەتی وروژاندووە، بەهیوام لە داهاتوودا ئەم نامەیە كە مەزنەندە دەكەم نامیلەكەیەكی لێدەربچێت، هەمووی وەكو خۆی تەرجەمە بكرێت، چونكە ئەم بۆچوونانەی سەدام، لەڕووی مێژووی حزبی بەعس و دەوڵەتی عیراق لە ماوەی 30 ساڵدا گرنگە، لەوانەیە من لەم گۆشەیەوە دەرفەتی زیاترم نەبێت.
سەدام، زۆر راشكاوانەش دەڵێت: ئەوەی لەشارۆچكەی دوجەیل كراوە دژی من دەستی دەرەكی لە پشت بووە، من چووم شارۆچكەكە بەسەربكەمەوەو خزمەتگوزارییان بۆ بەرم، كەچی ئەوان بە تەقە و هەوڵی كوشتن وەڵامی منیان دایەوە، و ئەوانەشی لە سێدارە دران، هەموویان لە رێگەی دادگای شۆڕشەوە بووەو تاوانەكەیان لەسەر چەسپاوە.
لەكۆتایی نامەكەدا، وێڕای ئیمزای خۆی نووسیویەتی: سەدام حسێن سەرۆك كۆماری عیراق و فەرماندەی گشیی هێزە چەكدارەكان.

تێبینی:
دوای 41 دانیشتن لە بارەی تاوانی قەتلوعامی هاووڵاتیانی شارۆچكەی دوجەیل كە سەدام حسێن و بەناو دادگاكەی فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ زیاتر لە 148 هاووڵاتیی سڤیلی ئەو شارۆچكەیە دەركردو هەموویانی لەبەرەبەیانی 23/2/1985 لە سێدارەدا. لەبەرامبەردا، دادگای باڵای عیراق لە 5/11/2006 حوكمی لە سێدارەدانی بۆ هەریەك لە سەدام حسێن و بەرزانی برای و عەواد ئەلبەندەری سەرۆكی دادگای شۆڕشی بەعسییەكان دەركرد.  

هیچ بەرگرییەک دیکتاتۆری لە پەتی سێدارە نە پاراست 

وتارەکانی نوسەر