شوخت

10:01 - 2022-08-14
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
238 خوێندراوەتەوە

عیراقی بێ‌ چارە و كوردی پەرتەوازە
گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەغدا درێژە دەكێشێت. بەرەیەكیان كە سەدرییەکانە دەیەوێت جەماوەر بكاتە بەردەباز بۆ بەدەستهێنانی هەندێك خواستی سیاسی و گۆڕینی رێڕەو و سیستمی حوكمڕانی بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خۆی، بەرەكەی دیكەیان (چوارچێوەی هەماهەنگی) لەپاڵ ئەوەی خۆپیشاندان لە دژی حكومەت رێكدەخەن، هاوكات جار جارە لوولەی تفەنگیش پیشان دەدەن. 
ئەگەریش هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گروپی سەدر هەنگاوی دیكە بەئاراستەی گوشاری زیاتر لەسەر پەرلەمان و كاربەدەستانی حكومەت بكەن و قسەیەك هەیە كە سكاڵای یاسایی لە دژی بەشێك لە كاربەدەستان تۆمار بكەن بەتۆمەتی جێبەجێنەكردنی ئەركی پێویستی خۆیان لەبەرامبەر دۆخی ئێستای عیراق.
داواكاری موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، داوایەكی یاساییە، بەڵام ئەو شێوازەی داوای دەكات، نادەستوریی و نایاساییە. چونكە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی چەند رێكارێكی دیاریكراوە و لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە نەك لە رێی دادگای فیدراڵیی یان هەر دامەزراوەی دیكەی دەوڵەت. 
بۆیە ئەم داوایە دامەزراوەكانی دادوەریی دەخاتە بەردەم واقعێكی سەخت و بە دوور ناگیرێت، ئەوانیش رووبەڕووی خۆپێشاندەران بكرێنەوە.
ململانێكانی دوای هەڵبژاردنی ئەمجارە، دامەزراوەی دادوەریی عیراقی تێكەڵ بەدۆخی سیاسی كرد و لەبری كردنەوەی گرێ‌ كوێرەكان، گرێی زیاتری خستە سەر، بۆ نموونە كاتێك دادگای فیدراڵ پرسیاری چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری وەڵام دایەوە، لەوێوە دەستەواژەی سێیەكی پەكخەر (ثلث معطل) دروستبوو. 
ئەم پەكخستنە وەك تەكتیك لە بەرژەوەندی گروپێكی سیاسی بوو، بەڵام وەك ستراتیژ زیانەكەی زۆر گەورەیە و گرفتی گەورە بۆ داهاتووی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عیراق دروستدەكات، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی تازە بووە پێشینەیەكی یاسایی (سابقة قانونیة) واتە هەموو هەڵبژاردنێكی دیكەی سەرۆك كۆمار، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، ئەگەرنا ناتوانرێت رێكارەكان تەواوبكرێت. 
واتە لەداهاتوودا هەموو حزبێك یان بەرەیەكی سیاسی دەتوانێت پەرلەمان پەكبخات، هەروەك چۆن چوارچێوەی هەماهەنگیی بەیەك لەسەر سێی كورسیەكانی پەرلەمان، دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخست.
چەند رۆژێكیشە لەبەغدا دەنگۆیەك لەمیدیاكانی بەغدا بڵاوبۆتەوە گوایە پێشنیازێك هەیە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق بهێنرێتە كوردستان بۆ تەواوكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
ئەم پێشنیازە ئەگەر سەربگرێت لەلایەك جارێكی دیكە كورد دەكاتەوە تەرەف لە ململانێی نێوان شیعە، لەلایەكی دیكە پێكهێنانی هەر حكومەتێك یان دانانی هەر كەسێك لەم كابینەیە بەبێ‌ سازان هیچ بەهایەكی نییە، چونكە هەمووكات دەتوانرێت خۆپیشاندەران ببرێتە سەر دامودەزگاكانی دەوڵەت (پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان) و لەكاركردن پەكبخرێن.
هەرچەندە تائێستا وەفدێكی هاوبەش یاخود ئەجێندایەكی هاوبەشی كورد نییە، بەڵام لانیكەم پێویستە چیتر لایەنەكانی كوردستان خۆیان نەكەنە لایەنگر لەم دۆخەی بەغدا، چونكە ناتوانن شتێكی ئەوتۆ لە واقعی سیاسی بگۆڕن یان ناتوانن كاریگەریی گەورە دروستبكەن. واباشترە چاوەڕێ بكەن لە بەغدا لەسەر سەرۆك وەزیران و حكومەت یان هەر بڕیارێكی دیكە رێكبکەون، ئینجا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قسەی خۆیان بكەن.

وتارەکانی نوسەر