پەشمەک

10:17 - 2022-08-14
ڤینۆس فایەق
778 خوێندراوەتەوە

گەمژەیی سیاسی
63

 
یەکێک لەو سەرکردانەی نوقمی گەمژەیی سیاسی ببوو سەدام حوسێن بوو، لە سەردەمی ئەودا گەندەڵی لە چوارچێوەی بنەماڵەکەی و چواردەورە کەمەکەی دەرنەدەچوو، بەڵام بە زەبری قانوون سزای هەموو ئەوانەی خوار خۆیانی دەدا ئەگەر هەوڵێکی گەندەڵییان بدایە، لەبەرانبەردا تەواوی میللەتێکی بە تێڵای حزبی دەسەڵاتدار حوکم دەکرد، ئەوەی بەعسی نەبوایە بە دوژمن و یاخیبوو لە قەڵەم دەدرا و رێگەی بە هیچ دەنگێکی دەرەوەی حزبی بەعس نەدەدا، ئەوەی دەنگی بهاتبا کەمترین سزای زمان و گوێچکە بڕین بوو. رژێمی بەعس کە بە ئاگر و ئاسن حوکمی دەکرد و بە ستەمکار پێناسە دەکرێ، بە دیوێکیدا ئەو ستەمکارییەی دەرئەنجامی لاوازییەکەی بوو، چونکە گەمژەیی سیاسی لەو سەردەمەدا گەیشتبووە لووتکە و لە سیماکانی ئەو گەمژەییە سیاسییەش هەڵواسینی وێنە زلەکانی سەرۆک و بڵاوکردنەوەی بە شوێنە گشتی و ناگشتییەکاندا دەستپێدەکات، جگە لە ململانێ و ساختەکاریی ئاشکرا بۆ بەدەستهێنانی زیاترین کورسیی نوێنەرایەتیکردنی میللەت و پێگە و پایە حکومییەکان. 
بە دیوێکی تردا گەمژەیی سیاسی ئەو کاتە قووڵتر هەستی پێدەکرێ کە سێکتەری خوێندن بە جۆرێک پاشەکشە بکات هەتا دەگاتە ئەوەی شکۆ بۆ مامۆستا نەمێنێتەوە و بڕوانامەی ساختە و بەپارە کڕدراو و بەخشینی بڕوانامە بەرزەکان بە منداڵانی بەرپرسان ببێتە مۆدێل و نەریتێکی ئاسایی و لە بەرانبەردا دەرچوانی خوێندنی باڵا ناچاربن ئیشێک بکەن کە پێویستی بە بڕوانامە نەبێت تەنها بۆ ئەوەی بژێویی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن. 
هەڵبەت راگەیاندنیش پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە چەسپاندنی ئەو گەمژەییە سیاسییە، کە لەوە دەردەچێت دەسەڵاتی چوارەم بێت و رۆڵی چاودێریکەر لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت و دەبێتە ئامرازێک بۆ جوانکردنی حزب و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بەرپرسەکان و گرنگیدان بە بابەتە پڕوپووچەکان کە هیچ سوودێکی بۆ ژیانی رۆژانەی هاووڵاتی نییە. 
کاتێکیش خەڵک دەڕژێنە سەر جادە و هێزە ئەمنییەکان بە فیشەکی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، لەملاو لەولاوە بەرپرسەکان ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بە هەڵوێستی دەزگا ئەمنییەکان دەردەبڕن، ئەمە لووتکەی گەمژەیی سیاسییە. لەولاشەوە سەرۆکی حزبێک پیاسەیەک بۆ ناو بازاڕ بە خۆپیشاندان دەشوبهێنێت کە ئەمە دەرئەنجام نەفیری گشتی لێدەکەوێتەوە و دووریش نییە قانوونی قەدەغەکردنی هاتوچۆی بۆ کارا بکرێ، ئیتر ئەگەر ئەمە گەمژەیی سیاسی نەبێت دەبێ چی بێت؟
جا وەختێکیش بۆ ماوەیەکی درێژ دەسەڵات لە دەستی یەک گرووپدا چڕدەبێتەوە، ئیتر تاعەت و سەردانەواندن و خۆبەنۆکەر زانینی دەسەڵات دەبێتە نەریتێکی سیاسی و دەنگ بەرزکردنەوە و ناڕەزایی دەربڕین دەبێتە پێشێلکردنی قانوون و پێویستی بە سزای توند و تۆقێنەر دەبێت. 
ئەنوەر ساداتی سەرۆکی تیرۆرکراوی میسر دەستەواژەی «گەمژەیی سیاسی» ئەو وەختە بەکارهێنا کە  ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی حکومەتەکەی سەردانی فاڵگرەوەیەک دەکەن و ناڕاستەوخۆ تێیان دەگەیەنێت کە باشتر وایە دەست لەکار بکێشنەوە بە مەبەستی ئەوەی سادات دووچاری قەیرانێکی سیاسی بکەن و ناچاربێت بە مەرجەکانیان رازی بێت، لەبەرانبەردا سادات فەرمانی دەسگیرکردنیان بۆ دەردەکات و دەڵێت: «ئەوانە دەبێت بە تۆمەتی گەمژەیی سیاسی دادگایی بکرێن».

وتارەکانی نوسەر