هەڵوێستەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی

11:58 - 2022-08-15
حەسەن ئیبراهیم
297 خوێندراوەتەوە

 لە کۆبووونەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسی یەکەم یان نوێنەری باڵای حزبەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە وردی شرۆڤەی پرسە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە و برینەکانی ناو کۆمەڵگەی کرد،  بەتایبەتی  کەمتەرخەمی و بێباکیی حکومەت بەرامبەر پارێزگای  سلێمانی   و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
 یەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە دۆخی   ئاڵۆزی  ئێستای عیراق و  پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی ئەو کۆت و بەندانەی کرد کە ئێستا بەرۆکی سلێمانی بەتایبەتی و سنووری ئیدارەی سلێمانیی جارانی گرتووە و بەهۆیەوە ژیانی خەڵکی هەراسان کردووە.
 ئەگەر لەو دەلاقەیەوە سەیری وتەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بکەین و شرۆڤەی بکەین، بابەتەکە پەیامێکی  رۆشن بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە حکومەت جیاوازیی لە نێوان پارێزگایەک و پارێزگایەکی تردا دەکات، ئەمەش ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە کە ئەو حکومەتە نەیتوانیوە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات حکومەتی هەموان بێت و لە ئاستی داخوازییەکانی کۆمەڵگەدا بێت بە گشتی، بەڵام هەڵوێستەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموانی تووشی شۆک کرد کە تا هەنوکە حکومەت بەردەوامە لەسەر جیاوازیکردن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، نموونەش پشتگوێ خستنی سلێمانی و دەوروبەرێتی چ لە رووی کەرتی تەندروستی و چ لە رووی کەرتی خزمەتگوزاریی گشتی و کەرتی تایبەتەوە و نەدانی کرێی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک نموونەیەکی زەقی ئەو جیاوازیکردنەیە ئەوە سەرەڕای پشتگوێخستنی لایەنی هونەریی و رووناکبیری.
 یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی قسەوباسی لەبارەوە کرا، پرسی هەڵبژاردن بوو،  دیارە یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە، بەڵام ناکرێت خەڵک بەدەست کۆمەڵێک گرفتەوە بناڵێنێت و ئێمەش خۆمان لە پرسیارە جەوهەری و داخوازییە رەواکانی میللەتەکەمان  بدزینەوە.
 ئەرێ لەکوێی دنیادا هەبووە پێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتێکی سیاسی 11 کورسی بۆخۆی مسۆگەر کردبێت؟ لەو سۆنگەیەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی راشکاوانە قسەی خۆی لەسەر ئەو بابەتانە کرد کە جاران وەک موجامەلە لە چوارچێوەی (بڤەکان)دا بوو، بەڵام ئەو لە سۆنگەی بڕوابوون بە تێپەڕاندنی کۆبوونەوەی موجامەلاتەوە ئەو کۆت و بەندەی شکاند و لەجیاتی هەموان راشکاوانە ئاستەنگەکانی روونکردەوە. 

هەڵوێستەکانی سەرۆک 
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموانی تووشی شۆک کرد کە تا هەنوکە حکومەت بەردەوامە لەسەر جیاوازیکردن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر

راستە یەکێتی سوورە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی وەهمیی و مردوو، پاشان کاتێک دیاریبکرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندروست و بێ خەوش لەژێر چاودێریی وردی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا.
 مخابن تا ئێستاش لایەنەکان لە دۆڵێک و پ.د.ک لە دۆڵێکی دیکەن چونکە ئەو حزبە سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکارییەی لە هەیکەلی سیاسیی هەموو ناوچە و حزبەکاندا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام بەئاشکرا دەیەوێت  درێژە بەو شێوازی حکومڕانی و هەڵبژاردنە بدات.
بێگومان ئەو جۆرە لە سیاسەت و بەردەوامبوون لەسەری، شێوازێکە کە لەمێژە بەسەرچووە و لە جیهانی نوێدا و لایەنگریشی نەماوە.
بەڵێ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕوونی پەیامەکەی گەیاند، فەرموون دەست لەجیاکاریی هەڵگرن، با یاسای هەڵبژاردن بگۆڕین، تۆماری دەنگدەران خاوێن بکرێتەوە، کۆمسیۆنێکی نوێ بە گوێرەی هەیکەلەی نوێ دروست بکرێت و هەنوکەش با بژێویی خەڵک چاک بکەین کە لە ئەولەویەتی کارەکانمانە، ئینجا کاتێک دیاری بکەین بۆ هەڵبژاردن، ئەگەرنا بەبێ ئەو هەنگاوانە هیچ ئەنجامێکی لەمەی ئێستا باشترمان چنگ ناکەوێت و تا مەسەلەی چاکسازیی هەر لە چوارچێوەی دروشمدا بمێنێتەوە، ئەوا ئەو چاکسازییە لە خەونێکی خۆشەوە دەبێتە کابوس و 
هیچی تر. 

وتارەکانی نوسەر