هیچ دیمەنێک هێندەی عەقڵییەتی تاکڕەوی مەترسی نییە بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە بۆیە دەبێت رێگریی لێبکەین.
تاکڕەوی لە حکومڕانیدا نادادی دێنێتە ئاراوە و ئایندەمان لەسەر زەمینی بەختەوەری و ئازادی دەبێتە سەرزەمێنێک بێ خۆشەویستی و تراژیدیا و دەرهاویشتەی نێگەتیڤی بۆ کۆمەڵگە لێدەکەوێتەوە.
مەترسییەکان گەلێک زۆر و خێران لە کۆمەڵگەدا، لەبەر تەسکبوونەوەی ئازادیی رادەربڕین و پاشەکشەی دیموکراسی و مەترسی تیرۆرستانی داعش، بەتایبەتی لە خاڵە جێناکۆکەکان و بگرە لە قۆرخکاریی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، تا مۆنۆپۆڵکردنی نیشتمان.
ئەمانە زەنگی گەورە و مەترسیدارن بۆ گەلی کورد، پێویستە سەرکردایەتی کورد هەڵوێستە و شرۆڤەی جدییان بۆ بکات تا کار لە کار نەترازاوە.
ئەفسوس بڕیاری تاکڕەویی لە حکومڕانیی وڵات و کەمتەرخەمی و بێباکی، خەریکە خەون و بیرۆکە و پڕۆژە جوانەکانی کۆمەڵگە دەکوژێت، لە جێگەی ئەوەی سەرقاڵ بین بە پرسە نیشتمانیی و هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە، سەرقاڵین بە پرسە تەرفیهی و لابەلاییەکان و سزادانەوە.
ئەمە لە واقیعدا رەنگدانەوەی سلبییان دروستکردووە لە نێوان شار و شارۆچکەکان لە رووی خزمەتگوزاریی و کەرتی تەندروستی و رێگاوبان و خزمەتکردنی ژینگەوە.
یەکێکی تر لە مەترسییەکان، بەردەوامیی عینادی سیاسییە لە ئیشکردن و بڕیارداندا، کاتێک تاکی کۆمەڵگە پێیوابێت حەقیقەتەکە تەنیا لای کەسێک بن و هیچی تر.
تراژیدیاکە ئەوەیە ئەو جۆرە لە عەقڵیەتە دیماگۆگی و قۆرخکارییە، دەمێکە لە دونیای مۆدێرن و پۆستمۆدێرنیزم گوێگر و لایەنگر و جەماوەری نەماوە.
بەدیدێکی تر ئەو جۆرە عەقڵیەتە، بژاردە و ئامانجی تەنیا گوێگرتنە لە هاودید و هاوبۆچوونەکانی خۆی لەپێناوی بەرجەستەکردن و هاتنەدیی بەرژەوەندییەکانیان.
ئەمەش کارەساتە بۆ داهاتوومان کە ئێستا بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە و رووبەڕووی دیدگای تاکی کورد بۆتەوە.
سەرۆکی کابینەی نۆیەم پڕۆژەکانی لە دەڤەری سلێمانی بە ناتەواوی راگرتووە