رۆڵ و پێگەی ژنانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

09:55 - 2022-12-12
حەسەن ئیبراهیم
465 خوێندراوەتەوە

حەسەن ئیبراهیم  

ژنان هەمیشە داینەمۆ و پێشەنگ و خاوەن توانایەکی زۆرن، ئەگەر برەویان پێبدرێت و گوێیان لێبگیرێت و هاوکاریان بن. 
تا هەنووکە ژنان لەناو یەکێتیدا، رۆڵ و کاریگەرییەکی گەورە دەبینن و دەگێڕن، چ لە رووی سیاسی چ لە راگەیاندنەکاندا بە بینراو و نوسراو و بیستراو، لە رووی فیکری و کۆمەڵایەتی بوارەکانی دیکەوە. 
ئەم رەگەزە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، لە هەردوو رەهەندی هزری و جەستەیی، هەمدیسان خاوەن پێگە و قورساییەکی تایبەتن و ئێمەمانان هەموومان شانازی بە رابردوویانەوە دەکەین، کە بەردەوام رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لەپێناوی فەلسەفە و رێبازی پیرۆزی مام جەلال. 
لەو دەلاقەیەوە مێژوو  گەواهیدەری ئەو راستییەیە، کە ژنان هەمیشە پێشەنگ و فریادڕەس و داینەمۆی کۆمەڵگە بوون، بە خۆشحاڵییەوە یەکێتی ئومێدی گەورەی لەسەر تواناکانی ژنان هەڵچنیووە، چ بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چ لەپێناوی بەرگری و پاراستنی نیشتمانەکەیان. 
ژنان لە رابردوودا وێنایەکی جوانیان تۆمارکرد، بۆیە ئێستا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێویستی زیاتری بە تواناو لێهاتوویی و تەجروبە و شارەزایی ژنانە، بە دید و خوێندنەوە و عەقڵیەتێکی تر و سەردەمیانەتر.
 ژنان ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە، ئەو جووڵە و هەنگاوانەی ژنانیش چ لەسەرکردایەتی و چ لە مەکتەب و مەڵبەند و کۆمیتە و ناو رێکخراوەکان رەنگی داوەتەوە و بۆتە هیوا بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان.
یەکێتی سوودی زۆری لە هێز و تواناکانی ژنان وەرگرتووە، لەم سۆنگەیەوە هاوکاری و پشتیوانی بۆ ژنان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و شانازی پێوەدەکات. 
ئەگەر سەیرێکی ناوەندە ئەکادیمییەکانی یەکێتی بکەین، دەبینین چەندین کچ و ژنی هەڵکەوتووی سەرکەوتوو لە بوارە جیاجیاندا کار دەکەن، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، شاسواری بەرجەستەکردنی خەونەکانی ژنانە بۆ پێگەیاندنیان، بۆئەوەی لە ئایندەدا بتوانن ئەوانیش شان بە شانی پیاوان رۆڵی خۆیان بگێڕن بەبێ جیاوازی.

بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردندا، پێشکەوتنی کۆمەڵگە مسۆگەر دەکات

وتارەکانی نوسەر