یەکێتی و کەرکوک ئاوێتەی یەکترن

10:30 - 2023-09-06
حەسەن ئیبراهیم
328 خوێندراوەتەوە

 حەسەن ئیبراهیم 


چۆن لە رابردوو کەرکوک بۆ یەکێتییەکان هێڵی سووربووە، ئێستاش لەگەڵ خوێن و جەستەی یەکێتیدا ئاوێتەن، لەسەر دەستی یەکێتی رۆژ بە رۆژ کەرکوک گەورەتر و پڕشنگدارتر دەبێت و وەکو شارێکی دێرینی کوردستان و ئەستێرەیەکی ئیلهام بەخش دەدرەوشێتەوە.
 مام جەلال بە قودسی کوردستان ناوی برد، ئەمڕۆش لای سەرۆک بافڵ و یەکێتییەکان بە شاری جوانی و میهرەبانی و شاری پێکەوەژیانی سەرجەم چین و توێژەکان وێنا دەکرێت و لە دڵیاندا ئاوێتە بووە.
یەکێتی هەوڵی داوە ناوچە دابڕێنراوەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت.
 ئەوانەی ئێستا دەهۆڵی سیاسی دەکوتن و چاویان بە سەرکەوتنەکانی یەکێتیی هەڵنایەت، دەبێت ئەو خەونەیان لەگەڵ خۆیاندا بەرنە ژێر گڵ، دەزانین ئاڵنگارییەکان زۆرن، دوژمنە دەرەکییەکانیش هەمیشە لە کەمیندان، بەجۆرێک دەیانەوێت کێشە و گرفتەکان لەو شارەدا قووڵتر و ئاڵۆزتر بکەن.
ئەگەر سەرنجێک لە رابردوو بدەین، ئەو راستییە دەبینین کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نەک نەیهێشت کەرکوک وەکو شەنگالی لێبێت، بەڵکو ئامادەیە هەموو باجێک بدات لەپێناوی ئارامی و سەقامگیریی و پاراستن و بەرگریکردن لە شوناس و خاکی پیرۆزی کەرکوک.
 دەبێت خەڵکی کەرکوک و کەرکوکییەکان رۆژ بە رۆژ بەجۆش و خرۆشتر بن بۆ یەکێتی، رێگە نەدەن پلان و بیرۆکە و پڕۆژە گڵاوەکانی نەیاران سەرکەتووبێت، بۆیە پێویستە کەرکوکییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەموو بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست قۆڵی لێهەڵبماڵن و سندوقەکانی دەنگدان سەوز پۆش بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە جەماوەر و کادر و خەڵکی بەشەرەفی کەرکوکی قودسی کوردستانیش هەر ئەوەیان لێچاوەڕوان دەکرێت کە لە رابردوودا بە دۆست و نەیار سەلماندیان و سندوقەکانی دەنگدانیان سەوزپۆشکردن.
 کەرکوک و کەرکوکییەکان تاقانە و ئەستێرەی گەشی گەلی کوردن و لەبرەودان و چرۆدەکەن. 

وتارەکانی نوسەر