پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییان

10:57 - 2023-06-25
حەسەن ئیبراهیم
323 خوێندراوەتەوە

لەم کاتەدا راگەیاندنی سەنتەرێک بۆ گەیاندنی سەرنج و پێشنیازەکانی خەڵک و ئاڵوگۆڕکردنی پەیوەندییەکان و گوێگرتن لە داخوازییەکانی هاووڵاتییان، یەکێکی ترە لە دەستکەوت و پڕۆژە ستراتیژییەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بێگومان ئەمەش ئەوپەڕی هەستکردنە بە گیانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر نەبوونی و کەموکورتی و گرفتەکانی خەڵک و نیشتمان، ئەمەش کارێزمایی و گەورەیی سەرۆک بافڵ وێنا دەکات کە خەمخۆر و فریادڕەسی راستەقینەی کۆمەڵگەیە.
گوێگرتن لە خەڵک و بەدەمەوە چوونی کێشەکانیان، بەدڵنیاییەوە زۆرێک لە گرفتە سایکلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش لەم هەلومەرجەدا ساڕێژ دەکات. 
ئەو سەنتەرەی سەرۆک بافڵ رایگەیاندووە هەنگاوێکی باشە بۆ گێڕانەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان.
ئەو سەنتەرە دەبێتە یەکێکی تر لە بیرۆکە جوان و هەنگاوە پڕشنگدارەکان و بەئاڕاستەی زیاتر خزمەتی یەکێتی و یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 
ئەو هەنگاوە نوێباوە بۆ کوردستان و کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان بەشێوەی گشتی، دەشێت ببێتە دەرچەیەک بۆ بەرپرس و سەرکردەکانی تری گەلی عیراق و هەرێم و خۆرهەڵات، ئەو رایەڵە لە نێوان خەمی تاک و گەیاندنی راستەوخۆ گرفتەکان بە سەرۆک، دەرخەری ئەو راتستیەیە کە سەرۆک بافڵ خەمی پاراستنی بەرژەوەندی تاک و گەلەکەیەتی، ئەمەش جارێکی تر تۆمار کردنی شانازییەکی تر و دەستکەوتێکی ترە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەوە وێنا دەکات کە سەرۆک دەیەوێت بەدید و عەقڵیەتێک و تێڕوانینێکی مۆدێرن و هاوچەرخەوە خزمەتی کۆمەڵگە بکات.
لە لایەکی دیکەوە روویەکی دیکەی یەکێتی کە لە هەوڵ و جووڵەکانی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانیدا دەردەکەوێت و هیوا و ئومێدی خستۆتەوە ناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەنگاوەکانێتی بە ئاڕاستەی بەهێزترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم و گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عیراق، جێگەی ئومێدی هەموانە.
دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و راسپاردنیان بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ستراتیژ و خزمەتگوزارییەکان لە شار و شارۆچکەکان، دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە تاکە ئامانج و ئەولەویەت لای ئەو لەم هەلومەرجەدا بریتییە لە گرنگیدان بە خزمەتکردن و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵانی خەڵک. 
بەڵێ ئەم هەنگاوانە لەگەڵ هەنگاوەکانی تری لە وەساتنەوە لە دژی گەندەڵی و نادادی و چەسپاندنی شەفافیەت لە داهات و ئەو جووڵە بەردەوامانەی جێگری سەرۆکی حکومەت، وایکردوە هاوشێوەی کارەکتەرێکی نوێخواز و سیاسییەکی حەکیم دەربکەوێت لای خەڵکی هەرێم و لەناو شەقام رەنگدانەوەی زیاتری دەبێ. 
لەناو حکومەتیش هۆکارێکە بۆ بەهێزکردنی پایەکانی حکومەتێکی خزمەتگوزار لەبەرامبەر هاووڵاتیان و جاڕدانەوەی ئاشتەواییە لە نێوان حکومەت و دام و دەزگا فەرمییەکان و خەمخۆرییە بۆ دروستکردنەوەی پردی پەیوەندییەکان لە نێوان خەڵک و حکومەت، بێگومان ئەمەش بۆ یەکێتی تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕشنگدار و شانازی و سەروەرییە.

وتارەکانی نوسەر