لە پەنجەرەی پەروەردەوە

10:23 - 2022-08-16
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
601 خوێندراوەتەوە

با ئاگامان لە دەروونی مامۆستا بێت

مامۆستا لە پڕۆسەی پەروەردەدا لە پێشەنگی هەرە کاریگەرەکانی بوارەکەیە و سەرجەم پێکهاتەکانی تر لەسەر دەستی مامۆستا دەخرێنەگەڕ و پەرەیان پێدەدرێت، ئارامی دەروونی و ئاسوودەیی رۆحیی مامۆستا هۆکارێکی گەلێ کاریگەرە تا بتوانێت ئەو رۆڵە پێشەنگییەی وەک خۆی و ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێ بکات، لە دنیادا دڵنیایی و ئاسوودەیی دەروونی مامۆستایان جێگەی تێڕامان و لێوردبوونەوە و حساب بۆ کردنێکی گەورەیە، بۆ نموونە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەروەردەیی لە هەشتەمین دانیشتنی خۆیدا کەساڵی 2019 بەڕێوە چوو زۆر بەڕوونی تیشکی خستە سەر کۆمەڵێ لایەنی گرنگ کە کاریگەری نەرێنی دەکەنەسەر دۆخی دەروونی مامۆستا و ماندووی دەکەن لەوانە؛ بارگرانی بەردەوامی رۆژگار و جۆری بژێوی و ئەو ئەرکە زیادانەی مامۆستا ناچارە بیانکات بۆ دابینکردنی ژیانی، دۆخێکی نالەباری دەروونی بۆ مامۆستا دێننەکایەوە، دوورنییە دووچاری خەمۆکی و نیگەرانی و چەندین جۆری دڵەڕاوکێی بکات، لە زانستی دەروونی نوێدا هەموو ئەو گوشار و فشارانەی بەهۆی کار و نادڵنیایی لە کار و نا ئاسوودەیی لە پیشەوکاردا دێنە کایەوە پێی دەوترێت(Psychological Burnout) کە بەواتای سووتانەوەی دەروونیی دێت، ئەگەر سەرنجێک لەواتا و مەبەستی ئەم زاراوەیە بدەین دەبینین رۆژانە لەناو چینی مامۆستایاندا زۆر لەزیادبووندایە و نابێت نکوڵی لەو حەقیقەتەش بکەین، چونکە بەداخەوە نادڵنیایی لە کاری مامۆستایەتیدا لە زۆر لایەنەوە رۆژانە لەبری ئەوەی کەمبکرێتەوە زیاد دەکات، هەر لە گۆڕانکاری خێراوبەردەوامی رێنماییەکان و ناجێگیری هەلومەرجەکانی سیاسی و ئابوری و ئایندەیی و چاوەڕوانی مووچە و شایستە داراییەکانی تری مامۆستا وەک پلەبەرزکردنەوە و رێز و پێزانین بەشێوەی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ئەرک و رۆڵ و کارامەییەکان و چەندی تر کە تەنها بەڕێنمایی چارناکرێن، بەڵکو هەنگاوی کرداری و واقیعی و جێبەجێکاری دەوێت، زۆرجار ئەگەر کۆمەڵێک یان کەسانێک خەمی پەروەردەیان هەبێت ئەوانیش لە ژێر گوشاری جۆربەجۆردا نائومێدی و نادڵنیایی دەیانگرێتەوە، ئەم نادڵنیاییە چەند شێوازێک لەخۆ دەگرێت، بەشێک بەجدی کار بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە دەکەن، بەڵام کاتێک وەک پێویست تەقدیر ناکرێن، دووچاری بێزاری و نائومێدی دەبن، بەشێکی تر بەهۆی دووبارەبوونەوە و نەبوونی گۆڕانکاری نوێ و داهێنان و پێشڤەچوون وردە وردە خاودەبنەوە تا دەگەنە ئاستێکی لاوازی کارکردن و بگرە وەستانیش لەکاری داهێنانکاری و لەدۆخێکی چەقبەستوودا دەمێننەوە، هەندێکی تر کار و پیشەی پەروەردەیی لای دەبێت بە پەراوێز و ناچار بەرەوڕووی کاری تردەبێتەوە کە بژێوی و چارەنووسی ژیانی زیاتر بۆ دابین بکات و بتوانێت بەئارامی بگوزەرێت، کاریگەرترین دۆخیش کە بەشێکی تری مامۆستایان بەهۆی نالەباری دەروونییەوە دووچاری دەبن ئەوانەن گرفتە دەروونییەکانی رۆژانە کاریگەری فسیۆلۆجی و جەستەییشیان لەسەردەکات، دووچاری چەندین جۆر لە نەخۆشییەکانی شەکرە و فشارو ئازاری جەستەیی دەبنەوە، بۆیە دەبێت ورووژاندنی ئەم بابەتە جێگەی تێڕامان و کاربۆکردن بێت، چونکە ئەگەر ئاسوودەیی دەروونیی و دڵنیایی ژیان بۆ مامۆستایان و پەروەردەکاران دەستەبەرنەکرێتەوە ئەستەمە هیچ بابەتێکی تری پەروەردەیی وەک خۆی بتوانرێت بگەیەنرێتە ئەنجام، ئەوەی پێویستە لە ئێستادا بۆ مامۆستایان بەهەموو بەشەکان و جۆرەکانیانەوە بکرێت دڵنیایی و متمانەو کەسێتییە بۆ مامۆستا و کاری مامۆستایەتی و پەروەردە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر