شەن و کەو

10:30 - 2022-08-16
مستەفا محەمەد
400 خوێندراوەتەوە

سەدر لە کشاندنەوەی کوتلەکەی پەشیمانە؟

قەیرانی سیاسی عیراق و پێکنەهاتنی لایەنەکان رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتردەبێتەوە و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 مانگ بەسەر دواهەڵبژاردندا، دوو هەفتەی تەواوە لایەنگرانی سەدر ناوچەی سەوز و حەرەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان گەمارۆداوە.
ئەم جووڵە و تەکتیکەی سەدرییەکان لە پێناو پەکخستنی هەر هەنگاوێکیدایە کە لە رێگەی دامەزراوەی تەشریعییەوە بنرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی کاندیدێک بۆ پێکهێنانی کابینە، کە بە وتەی یاساناسان گەمەیەکی مەترسیدارە و دواجار بە زیانی دامەزراوەکان و ئەزموونی دیموکراسی تەواو دەبێت و دەشبێتە پێشینەیەکی خراپ بۆ لاساییکردنەوە لە داهاتوودا!
لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران هێندەی تر قەیرانەکە دەئاڵۆزکێنێ بەئاراستەی دابەشبوونی لایەنەکان بەسەر بەرەی رازی و ناڕازیدا  دەرخەری ئەوەن کە سەدر بە گوشاری شەقام دەیەوێت ئاستی داواکانی بەرزتر بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێش ئەوەی دۆخەکە بەم قۆناغە بگات و داوا لە ئەندامەکانی بکات دەست لەکاربکێشنەوە، لە توانایدا بوو لۆبیی بکات لە ڕێی هاوپەیمانەکانییەوە رێژەیەک لە نوێنەران قایل بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی «نوێنەران»!
کەواتە ئەو هەنگاوەی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرەکانی پەشیمان بوونەوەیە لە هەنگاوی پێشوویان و دەیانەوێت بە شێوەیەکی دیکە بگەڕێنەوە، ئێستا بە دوای دۆزینەوەی دەرچەیەکدا وێڵن تا لە رێگەی هەمواری دەقە یاساییەکانەوە بگەڕێنەوە ناو پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی داهاتووش چ بەم رێگەیە بێت یا لەڕێی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەوە هەر جێ دەستی ئەوانی پێوە دیاربێت.
ئەنجامەکە هەرچییەک بێت پرۆسەی سیاسیی عیراق لە ئۆکتۆبەری «2021»ەوە بەهۆی ئەو مانۆڕانەوە تووشی ئیحراجی گەورە هاتووە و لەدوا ئەنجامیشدا پێدەچێت سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەرجی گرێدانی کۆبوونەوەی نوێنەران و چۆڵکردنی بارەگاکەی لەلایەن خۆپیشاندەران و داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن و گۆڕینی پێکهاتەی ئێستای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە، بچنە ژێر باری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە و و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دیکە، دوایین بڕیاریش لە دەستی سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کورددایە.
 کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ناو چوارچێوەکە  و موقتەدا سەدر و هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم، بێگومان وەڵامی ئەو گریمانەیەمان دەداتەوە.

وتارەکانی نوسەر