ناڕەزاییەکانی خەڵک و دۆخی ناوچەکە

10:46 - 2022-08-16
موتەلیب سەعید عومەر
402 خوێندراوەتەوە

دەنگی ناڕەزایی هەوڵێکە بۆ چاکسازیی و گۆڕینی ئەو شێوازە نادروستە لە حکومڕانی، بە مانەوەی دۆخی خەڵک بە خراپی، داواکارییەکان و ناڕەزاییەکانیش بەرزتر دەبێتەوە، زۆرینەی ناڕەزاییەکانیش دەرەنجامی نائومێدی خەڵکە بە گوێنەگرتنی داواکارییەکان و پێشێلکردنی مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
سەرباری ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر لە دەستوەردان، دروستبوونی پشێوی لە ناوخۆی سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ، سەرهەڵدانی داعش، هێرش و شاڵاوەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، گرتنەوەی ئاوی رووبارەکان بە مەبەستی سیاسی و پاساوی جیاواز، دروستبوونی کاریگەریی قەیرانی ئاو، سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکرانیا و روسیا وەک دوو دەوڵەتی بەرچاو لە جیهاندا، بەرفراوانیی جەنگەکە بە پشتگیری و کۆمەکی ئەمریکا و ئەوروپا، جەنگی ساردی نێوان چین و ئەمریکا، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و رەتدانەوەکان، ئەم رووداوانە وایکردووە جیهان بارودۆخێکی ئاڵۆز و نا ئارام بەخۆیەوە ببینێت. 

ئیتر عیراقییەکان چاوەڕوانی ئاشتی و سەقامگیرین

لەم نێوەندەدا ناڕەزاییەکانی شەقامی عیراق، بەتایبەتی سەدرییەکان کە رەوتێکی بەهێزی مەزهەبییە لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق، وێڕای رۆڵ و پێگەی رێبەری رەوتەکە، هەژموون و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی هەیە دژ بە چەند لایەنێک لە حکومەتی ئێستای عیراق، ئەم دەنگ و هەژموونە ناڕەزاییە نەک ئێستا بەڵکو لە ساڵانی رابردووشدا هەڵوێست و بیروڕای جیاوازی هەبووە بەرامبەر بە سیاسەت و ستراتیژی حکومەت و لایەنەکانی تری دەسەڵات بە شیعە و سوننەوە.
وتار و دروشمی خۆپیشاندەران لە دەربڕینی سکاڵا و داواکارییەکان لە رووی نادادپەروەریی و گۆڕینی دانانی بەدیل بۆ حکومەت ، حکومەتێک کە خاوەنی سەروەری خۆی بێت و لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دەوروبەردا نەبێت و هەڵقوڵاوی هەست و موعاناتەکانی خەڵک بێت. 
لە رابردوودا زیاتر داواکارییەکان بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و نایەکسانی، دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بوو، کە ئەمەیان مافی هەموو کۆمەڵگەیەکە، بەڵام ئەم ناڕەزاییانەی شەقام لەناو بەغدا لە رووی ئاکارەوە جیاواز لەوەی رەهەندێکی ناشارستانی پێوە دیارە لە هەڵکوتانە سەر دامەزراوە باڵاکانی حکومەت، لە هەمانکاتدا رەهەندێکی دەروونی نائومێدانەی هاووڵاتییانە بە چارەسەر نەکردن و نەبوونی چاکسازی بە دەسەڵاتدارانی عیراق بە گشتی، خواستی ئەوان بۆ گۆڕین و چارەسەرکردنی ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات و بەدیهێنانی دادپەروەری.
کێشە و گرفتی وڵاتێک لەوە زیاترە بە لایەنێک چارەسەر بکرێ، ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە خۆڕسک نین، دەنگە ناڕازییەکان ناتوانن گۆڕانکاری بەدی بهێنن بە پێچەوانەوە گۆڕینی سیستم بە سیستمێکی دامەزراوەیی نیشتمانی کە یەکسانی و ئارامی و دادپەروەری بۆ هاووڵاتیان بێنێتەدی و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بێت، ئەویش خەباتێکی دوور و درێژی دەوێ، دوور لە دیدگا و بیری زاڵی ئایینی و مەزهەبی و خێڵەکیی دیاریکراو.

وتارەکانی نوسەر