فلاش فیکشن

11:21 - 2022-08-16
محەمەد كەریم
366 خوێندراوەتەوە

73

من كوشتم

 ئەمشەو لەو شەوانەیە كە جێ بەخۆی ناگرێت و لە هیچ شوێنێك ناحەوێتەوە. هەتا دوو مانگ لەمەوبەر، لەم شەوانەدا ملی رێی دەگرت و لە ماڵی فریشتە خۆی دەبینییەوە. كە دەگەیشت ئەو وەكو گوڵ دەگەشایەوە، پەردەكانی دادەدایەوە، مۆبایلەكانیان دادەخست، دەیانگوت: «خوای دەكرد دنیا كاول دەبوو!» لەگەڵ مۆسیقایەكی ئارامدا، پێكەوە دەستیاندەكرد بە رازاندنەوەی مێزەكە، شەرابی سوور، جۆرەها مەزەی نایاب، تشریبیش بۆ دوایی و خەوتنی دوای مەستی بۆ دوای نیوەی شەو.
خۆشی نازانێت دوای تەمەنێك چۆن نیوەكەی خۆی دەدۆزێتەوە؟ ئەگەرچی ئەو لەم گەورەترە، ئەمما كورد وتەنی: «دەڵێی سێوێكن و كراون بە دوو لەتەوە،» یانی خاڵی هاوبەشیان ئەوەندە زۆرە، هیچ ژن و مێردێك ئەوەندە خاڵی هاوبەشیان نییە، كاتێ بەیەك دەگەن، ئەوەندە خۆش دەگوزەرێ، ئەو شەوە دەبێتە چەند ساتێك، ژنە لەو ژنانەیە كە هەموو مناڵەكانی قەلفڕ دەكەن بۆ هەندەران و بە ماچی سینەمایی و پەیوەندی ڤیدیۆیی دڵی تەنیایی دەدەنەوە، ئەمیش لەو پیاوانەیە ژنەكەی لەسەر یەك كیلۆ پیاز، كە گوایە سەلكەكانی گەورەن و دەبوو هی وردتری بهێنایە، شانامەی فیردەوسی دەخوێنێتەوە، دەیەوێت ئەمیش بەیت  بە بەیت وەڵامی بداتەوە، خۆ ئەمیش گێل نییە دەتوانێ بە بێدەنگی بسپێرێت، ئەگەر ئەویش وەكو گسكی كارەبایی هەر ئیش بكات، ئەودەم دێتە دەرەوە و لە ماڵی فریشتە تۆز دەكات.
پێنج دانە ساڵ، ئەم عەشقی پیرییە بەردەوام دەبێت، بەبێ ئەوەی سەر لە ریسوایی بدات، رۆژ بە رۆژ رەنگینتر و جوانتر دەبێت، كەچی ئەم وەك ئەوەی چاوئێشەی بێت، دوو مانگ بەرلەئێستا هەر لەخۆیەوە هەموو شتەكان لنگەوقووچ دەكاتەوە و دەیگەیەنێتە كۆتایی. ئەو هەرچەندە دەپاڕێتەوە، نامەی بۆ دەنێرێت و تەلەفۆنی بۆ دەكات، وەڵامی هیچی ناداتەوە. دوا نامە دەڵێت: «پیاوان هەر لە خۆیانەوە ون دەبن، بەڵام ئەو كاتەی تەسەور ناكەیت دەگەڕێنەوە.» شەوێك هەر پەیدا دەبیت.
ئان و سات سواری ئۆتۆمبیلەكەی دەبێت، بەرەو ماڵی فریشتە دەكەوێتەڕێ. لە دڵی خۆیدا دەڵێت، هەموو شتێكی بۆ دەكەم بە سوپرایز، دەگاتە ئەو كەلاوەیەی هەمیشە ئۆتۆمبیلەكەی لەوێ رادەگرێ و بەخشكەیی تەلی دەرگاكە رادەكێشێت و دەچێتە ژوورەوە.
لایتی ئۆتۆمبیلەكەی دەكەوێتە سەر لافیتەی قەد دیوارەكە.
«ئای خوایە من چەند تاوانبارم!! من كوشتم.»

وتارەکانی نوسەر