پەروەردەی مناڵ و سامان

10:02 - 2022-08-18
چنار عەزیز
1630 خوێندراوەتەوە

بێگومان پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکە و بەخێوکردنی پێویستییەکی گرنگە. دیارە پارە و دەوڵەمەندی ناتوانن لە جیاتی پەروەدەکردن رۆڵ بگێڕن لە پێگەیاندن و دروستکردنی کەسایەتی باشی  منداڵدا. هەموومان ئەوە دەزانین کە پارە چ رۆڵێکی هەیە، بەڵام لە پەروەردەکردنی منداڵدا ناتوانێت ببێت بە تاکە فریادڕەس، کەواتە خێزان پێویستی بە دەوڵەمەندی مادی نییە، بەڵکو پێویستی به دەوڵەمەندی عەقڵی و پەروەردەی زانستی هەیە، تا بتوانێت تاکێکی دەوڵەمەند لە رووی کەسایەتی و بیرکردنەوەوە بنێرێتە ناو کۆمەڵگە. چونکە هەر ئەو تاکەیە کە کۆمەڵگە بنیات دەنێت و بە داهێنانەکانی دەوڵەمەندی دەکات.
 منداڵ شایەنی ئەوەیە لەڕووی عەقڵییەوه دەوڵەمەند بکرێت ئەمەش بێگومان پێویستی بە دەوڵەمەندی رۆشنبیریی و بیرکردنەوەی خێزانە، چونکە خێزان شانۆگەرییەکە دایک و باوک کارەکتەری ئەو شانۆگەرییەن، چی لەو شانۆگەرییەدا بەرجەسته بکرێت لە کەسایەتی منداڵدا رەنگ دەداتەوە. کەواتە پێویستە وا لە منداڵ بکرێت بە دەوڵەمەندی عەقڵی سەیری ژیان و جوانییەکانی ژیان بکات، بیرکردنەوەکانی ئەرێنی بن تا لە ژیانیدا قۆناغەکانی تەمەنی بە سەرکەوتوویی ببڕێت، جا لە پەیوەندی خێزانیدا بێت، یان لەناو فێرگەدا بێت، یان پەیوەندی هاوڕێیەتی بێت. دەبێت فێربکرێت چۆن هەوڵبدات دڵخۆش بێت، رەنگە خوێندنەوەی کتێبێک یان ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا سەرچاوەی دڵخۆشی بێت. کەواتە پارە و دەوڵەمەندی بەشێکی ژیانن یان پێویستییەکی ژیانن، بەڵام بەشە گرنگەکەی ژیان دەوڵەمەندیی پەروەردەیە،  پارە تەنیا بۆ مامەڵەیەکی رۆژانەیە، بەڵام پەروەردە بەردەوامە لەگەڵ گەورەبووندا هەتا مردن. 
لەبەر ئەوە وەکو رۆماننووسی گەورەی فەرەنسی ڤیکتۆرهۆگۆ دەڵێت: 
«منداڵەکانتان پەروەردە مەکەن دەوڵەمەند بن، پەروەردەیان بکەن کە دڵخۆش بن، تا بەهای شتەکان بزانن.» 

وتارەکانی نوسەر