بەهای تاک پەیوەستە بە بەهای پەروەردەوە

09:48 - 2024-02-26
چنار عەزیز
271 خوێندراوەتەوە

چنار عەزیز 

تاک کەسێکی تازە لەدایکبووە، واتا لەدایکبوون شتێکی گەورەیە، هاتنە دنیای کەسێکە کە پێشتر نەبووە، پەروەردەش لەم نێوەندەدا، وەک گەشتیار وایە لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر، واتا گواستنەوەی هەڵسوکەوت و کەسایەتی لە خێزانەوە بۆ تاکی ناو خێزان. کەواتە تاک لەناو پەروەردەی خێزاندا دەتووێتەوە. لە هەر شوێنێک بەهای پەروەردە بەرزر بێت، بەهای مرۆڤیش بەرزتر دەبێتەوە. چونکە بەبێ پەروەردە کاتێک تاک رادەستی ژیان دەبێت، ئەرزشی کەم دەبێتەوە و تەریک و تەنها دەکەوێت، ناتوانێت لە هەناوی پەروەردەدا هەناسە بدات و رەفتار بکات، ژیانیش بێڕەحمانە دەیکوتێت، بەجۆرێک کە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا نەرم ناکات کە هەیەتی. 
ژیان بەبێ پەروەردە مرۆڤی بێ بیرکردنەوە بەرهەم دەهێنێت. لە هونەری بیرکردنەوەدا کۆڵەوارە. ئەم کۆڵەوارییە بووە بە بەشێک لە ژیانی بێ بیرکردنەوە و بیرکردنەوەش لەناو ئەم جۆرە شێوازەی ژیاندا نییە، ئەوەی هەیە پڕاکتیزەکردنی ژیانێکی هەڕەمەکییانەی بێ کردارە.
لە دەرەوەی ژیانی پەروەردەییدا هیچ شتێکی بەنرخ و گرانبەها لەئارادا نییە، چونکە خاڵییە لە هەموو پێوەرێکی پەروەردەیی،  بۆ باشترکردنی ژیانی تاک، بێگومان پڕۆسەکە لەناو خێزانەوە دەست پێدەکات، ئینجا باخچە و فێرگەکان، چونکە هەرسێ دامەزراوەکە بەرپرسن لە بنیاتنانی کەسایەتی تاک.
 کاتێک گەورە دەبێت، دەچێتە ناو کۆمەڵگە  بە چاویلکەی خێزان و باخچە و فێرگە بۆ ژیان دەڕوانێت و بیر لە ژیان دەکاتەوە، رووە جوان و ناشیرینییەکانی ژیان دەبینێت، چۆن ژیان وێناکرابێت، چۆن شێوەی ژیان گەیەنرابێتە زیهن و مێشکی، ئەو تاکە بەو جۆرە بیر لە ژیان دەکاتەوە، جا بیرکردنەوەی سلبی بێت یان ئیجابی، کەواتە ئەوە خێزان  و باخچە و فێرگەن وا لە تاک دەکەن ئومێد لەسەر ژیان هەڵبچنێت یان پشت بکاتە ژیان و باوەش بۆ لایەنە خراپەکانی ژیان بکاتەوە و بە رەشبینییەوە بۆ ژیان بڕوانێت.
کەواتە پەروەردەی خێزان گرنگییەکەی لەوەدایە کە چۆن دەگەیەنرێت و چۆن  لە دڵ و دەروونی منداڵدا جێگیر  دەکرێت، چونکە ئەگەر بە راست و دروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرا، ئەوا تووشی چەندین دۆخی خراپی دەروونی و نەبوونی متمانە بەخۆی و شکستی کەسایەتی دەبێتەوە کە ئەمەش لە گەورەبووندا دەردەکەوێت. 
کەواتە هەر پشێوی و کەموکورتییەک  لە کەسایەتیی منداڵدا هەبێت، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەموکورتی لە پەروەردەکردنیدا، هەموو تاکێک ئەوە دەڵێتەوە و ئەوە دەکات کە پێی وتراوە و فێری بووە. 
کەواتە پەروەردە رووخسارە دیارەکەی کۆمەڵگەیە ، واتا کار لەسەر ناخی تاکەکەس دەکات کە ئەمەش لە رووخسار و هەڵسوکەوت و گفتوگۆی کەسەکەدا رەنگدەداتەوە، لەبەرئەوە تاک کاتێک دێتە ناو کۆمەڵگەوە پێناسەی پەروەردەی خێزان و هەڵسوکەوتی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی دەکات، ئەو تاکەش بەو پەروەردە و هەڵسوکەوت و رەوشتەی کە وەریگرتووە و فێری بووە، کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە دادەنێت.
کەواتە تاک سەنتەری پەروەردەیە، لەبەرئەوە خێزانەکان دەبێت گرنگی تەواو بدەن بە تاکی ناو خێزان، گەشە بە توانای عەقڵی و جەستەییەکانی تاک بدرێت، چونکە تاک وزە و توانا لە خێزانەوە وەردەگرێت، خیزانیش پێویستە تاکێکی چالاک و هۆشیار پەروەردە بکەن لەپێناوی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.

وتارەکانی نوسەر