خێزان، جوانییەکان دەخاتە ناو پەروەردەوە

10:12 - 2024-03-10
چنار عەزیز
452 خوێندراوەتەوە

 ئەفلاتۆن دەڵێت: (پەروەردە خستنەسەری هەموو جوانی و تەواوکارییەکانە بەپێی توانا بۆ جەستەمان).
خێزان پێش‌ هەموو شتێک بناغەیەکە بۆ باشترکردن و گەشەکردنی ئاکار و مەعنەویاتی مرۆڤ.
خێزان وەک شۆڕشگێڕێک وایە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە تەواوی ئەندامانی خێزان بۆ دیوە جوانەکەی ژیان ئاڕاستە بکات و هەموو جوانییەکانی ژیان بخاتە ناو پڕۆسەی پەروەردەی خێزانەوە، تا تاکی ناو خێزانی پێ پەروەردە بکات. 
واتا کاری خێزان گەشتێکە بەناو ژیان و هۆنینەوەی جوانی و ئومێدەکانی ژیاندا، کەواتە ژیانی هەر یەکێکمان رەنگدانەوەی ژینگەی  خێزان و رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ناو خێزانە، خێزان و جوانییەکان  وەکو دوانەیەکی لەیەکنەترازاو وایە کە پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە بە ئاسانی لە یەکتر جیاناکرێنەوە، بەڵکو دوای تێکەڵبوونیان بەیەکەوە کەسایەتییەکی پشت بەخۆ بەستوو و خاوەن  متمانە دروست دەکات کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و بەرەو پێشچوونەکانی کۆمەڵگە هەیە. 
خێزانەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەن پەروەردە و بەرنامە و رێسای تایبەت بەخۆیانن، واتا هەر خێزانێک پڕۆسەی پەروەردە جیاوازتر لە خێزانێکی تر پەیڕەو دەکات، بەڵام هەبوونی پێویستییەکی هەنووکەییە، چونکە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی. 
کۆمەڵگەیەک کە پەروردە و جوانییەکانی خێزان تیایدا رەنگدەداتەوە، تاک تیایدا بەختەوەر دەبێت، کەواتە خێزان نێوانگیری تاک و کۆمەڵگەیە، نیشانەی کۆمەڵگەیەکی باشە بۆ هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگە کە تیایدا یەکسان بن. ئەمەش ئەگەری گەشەکردنی توانا و کەسایەتی تاک فەراهەم دەکات. بێگومان ئەو یەکسانییەش لە خێزانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەیوەستە بە چۆنێتی پەروەردەکردنی ئەندامانی خێزان، چونکە پەروەردە سەرەتا بە چاو دەبینرێت، پاشان بە گوێ دەبیسترێت، واتا منداڵ هەڵسوکەوت و ئاکار و  رەفتاری دایک و باوک دەبینێت و ئەویش لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنیدا دووبارەی دەکاتەوە، لەبەرئەوە ئەگەر بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان ئەندامانی خێزاندا پەروەردەکردنەکە پەیڕەو کرا، ئەوا ئەندامانی خێزانیش لە تەواوی ژیانیاندا یەکسانی و دادپەروەری پەیڕەو دەکەن.
 کاتێک  ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکرێت بە دادپەروەری و بە یەکسانی لەگەڵ دەوروبەردا هەڵسوکەوت دەکەن، جا لە هەر کایەیەکی ژیاندا بێت. ئەمەش ئامانجی سەرەکی هەموو کۆمەڵگەیەکە.
لە کتێبی (مێژوو فەلسەفە لە ئەفلاتۆنەوە تا هابرماس)دا  کە لە وەرگێڕانی: عەبدوڵڵای رەسوڵی-یە هاتووە، «باشترین دەوڵەت، دەوڵەتێکە کە تایبەتمەندییە جیاوازییەکانی خەڵک رەچاو بکات و هاوکاریی نێوان ئەوان  بە شێوەیەک رێکبخات کە هەر کەسێک بتوانێت ئەرکێک کە  شیاوی ئەوە جێبەجێ بکات، بەم شێوەیە هەموان دەتوانن ئەو ئاستە لە ئاکار و بەختەوەری  بەدەست بێنن کە  بارودۆخ و شایستەبوونیان رێگەیان پێدەدات».
کەواتە بۆ خێزانیش‌ بە هەمان شێوەیە و باشترین خێزان خێزانێکە کە تایبەتمەندییەکانی تاکەکانی تەواوی ئەندامانی رەچاو بکات، گیانی هاوکاری لە نێوانیاندا هەبێت، تا بتوانن بەپێ توانا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

وتارەکانی نوسەر