خێزان وەک کۆنترین دامەزراوەی کۆمەڵگە

09:16 - 2024-03-03
چنار عەزیز
237 خوێندراوەتەوە

خێزان بنچینەییترین و دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵگەیە کە کاریگەریی بنەڕەتی هەیە لەسەر هەموو یەکە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.
لە کتێبی  پەروەردەکردنی منداڵەکانمان لە چوارچێوەی خێزان و کۆمەڵگە و قوتابخانەدا، دەڵێت: «رەفتار بەرهەمی پەروەردەیە‌«، کەواتە لەپێناوی ژیان و گۆڕینی کۆمەڵگەدا بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، دەبێت لە خێزانەوە دەستپێبکەین، چونکە خێزان سەرچاوە و جەوهەری پەروەرەیه. بنیاتنەری کەسایەتی تاکە، بۆ ئەمەش دەبێت دایک و باوک سەرەتا لە پەروەردەکردنی خۆیانەوە دەستپێبکەن و کار لەسەر رەفتارەکانی خۆیان بکەن، چونکە بە رەفتار و هەڵسوکەوت و گفتوگۆکانیان کاریگەری لەسەر ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگە دادەنێن، واتە چارەنووسی کۆمەڵگە لەسەر پەروەردەی خێزان و رەفتاری دایک و باوک وەستاوە، چونکە خێزان بەرپرسە لە دروستکردنی نەوەیەکی بەرهەمدار یان بێبەرهەم، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا، چونکە نەوەی تازەپێگەیشتوو زۆر هۆگری سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، بە جۆرێک تەواوی ژیانیان لەناو سۆسیال میدیادا بەرجەستە دەکەن و بۆتە بەشێکی سەرەکی ژیانی تاک و وەک دیوارێکی بەرز وایە لەنێوان تاک و دەستگەیشتن بە جوانییەکانی ژیان، بەجۆرێکە تاک دابڕاوە لە چێژبینین لە ژیان و لە ساتە خۆشەکانی ژیان، لە خوێندن، چونکە بۆ دیوە باشەکەی بەکارناهێنرێت. 
هیچ تاک و خێزانێک و کۆمەڵگەیەک بەبێ پەروەردە توانای درێژە بەخۆدانی نابێت، ناتوانێت لەگەڵ رەوتی ژیاندا رێبکات. کەواتە پەروەردە وەک کۆڵەکەیەکی راگر وایە لەپێناوی مانەوە و پێگەیاندن و ئاڕاستەکردنیان بۆ ژیانێکی ئارام و جێگیر. 
پەروەردە کار بۆ ئەوە دەکات کە دەیەوێت مرۆڤێکی بیرکەرەوە، خاوەن کەسایەتی و ئامانجدار بەرهەم بهێنیت، کەواتە ئەوە پەروەردەیە بەها و مەزنی مرۆڤ دیاری دەکات و ژیان لەسەر پەنجەکانی پەروەردە دەگەڕێت، 
هیچ کەسێک بەبێ پەروەردە ناتوانێت لە ژیان بەردەوام بێت، چونکە هەر پەروەردەیە  بەهای ژیان دیاری دەکات و جوانییەکانی دەخاتە سەر رێی هەموو کەسێک، تا بتوانێت درێژەی پێبدات و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەی پەروەردە ئاوێتەی ژیان بووە، تاک بەبێ پەروەردە وەک جەستەیەکی بێ رۆح وایە.
 باشترکردنی ژیانی خێزان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە نزیکبوونەوەی ئەندامانی خێزان و رێگریی لە ناکۆکی و ناخۆشییەکانی ناو خێزان بکات.
 پەروەردە ئامانجی ئەوەیە مرۆڤ رابهێنێ لەگەڵ خۆگونجاندن و کارلێککردن لەگەڵ دەوروبەردا، چونکە مرۆڤ سەنتەری سەرەکیی کارلێککردنەکەیە، پەیوەندیی نێوان پەروەردە و تاک بەجۆرێک تۆکمەیە ناتوانرێت لە یەکتری جیابکرێنەوە، واتە پەروەردە ناسنامەی تاکە، چونکە، تاک ناتوانێت  درێژە بە ژیان بدات و لەگەڵ رێڕەوی ژیاندا بەردەوام بێت ئەگەر پەروەردە پشتیوان و هاوکاری نەبێت.
 پەروەردە سیڤی و پێناسی تاکە کاتێک دەچێتە ناو  کۆمەڵگەوە، بەم هۆیەوه ئاستی رۆشنبیریی دایک و باوک و پەروەردەی  خێزان دەخاتەڕوو. لەڕووی هەڵسوکەوت و کەسایەتی و هەستی متمانە بەخۆبوونەوە خۆی بە کۆمەڵگە دەناسێنێت. 
لەکۆتاییدا پەروەردە لەناو کۆمەڵگەدا جێگەی تایبەتی خۆی هەیە، بۆتە مادە گرنگەکەی هەوێنی هەموو قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ.

وتارەکانی نوسەر