ژیان رەنگدانەوەی پەروەردەی خێزانە

09:56 - 2024-02-20
چنار عەزیز
292 خوێندراوەتەوە

چنار عەزیز

 

خێزان و پەروەردە دوو جومگەی باڵای کۆمەڵگەن، بەبێ ئەم دوانە، ژیان زۆر بێڕەحمانە تاکی ناو کۆمەڵگە دەکوتێت. کەواتە خێزان بنیاتنەری ژیانە و تاکی ناو خێزانیش هەڵگری ئەو پەروەردەیەیە کە پێی دەبەخشرێت، پەروەردەیەک پڕبێت لە رێز و خۆشەویستی و متمانە بەخۆبوون، واتا دایک و باوک  ئاوێنەن بۆ تاکەکانی ناو خێزان و تاکەکانی ناو خێزانیش کەسایەتی خۆیان لەم ئاوێنەیەدا دەبیننەوە. 
کەواتە خێزان بەو پەروەردەیەی کە هەیەتی، بەهای تاک لەناو کۆمەڵگەدا دیاری دەکات.  بۆئەوەی کەسایەتییەکی جوان لەناو کۆمەڵگەدا هەبێت، دایک و باوک پێویستە پەروەردەیەک پەیڕەو بکەن کە ببێتە بنیاتنەری کەسایەتیی تاک و هەستی متمانە بەخۆ بوونیان لەلا زیادبکەن و ئەوە پێشکەشی ئەندامانی خێزانەکەیان بکەن، چونکە پەروەردە پڕۆسەیەکە تا مردن لەگەڵ تاکدا دەمێنێتەوە و تاک ناتوانێت لێی داببڕێت.
 بە دابڕان لە پەروەردە، تاک دەبێتە کەسێک کە دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ شتە بێبایەخەکانی ژیان و متمانەی بەخۆی نامێنێت. هەمیشە دەبێتە بار بەسەر کۆمەڵگە و کەسانی دەوورووبەرییەوە، کەواتە ژیان رەنگدانەوەی پەروەردەی خێزانییە، رەنگدانەوەی ئەو ژینگە خێزانییەیە کە تیایدا پەروەردە کراوین و گەورە بووین، رەفتار و هەڵسوکەوتی تاک لەناو کۆمەڵگەدا پێناسەیە بۆ پەروەردەی خێزان.
هەر لەو روانگەیەشەوە بەپێی ئەو کەسایەتییەی کە هەمانە لەناو کۆمەڵگەدا دەروازە و دەرگاکانی ژیانمان بۆ دەکرێتەوە، واتا بە کەسایەتی و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی باش دەروازەی باشمان بۆ دەکاتەوە و دەتوانین لەوێوە داهاتوویەکی باش بینادبنێین.
 بەپێچەوانەشەوە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی خراپ دەروازەی شکستەکانمان بۆ دەکاتەوە، چونکە خواست و ویست لە دەست دەدات، بەمەش ناتوانێت لەگەڵ رەوڕەوەی ژیاندا بڕوات و رادەوەستێت. ئەمەش بە واتای راوەستانی ژیان  دێت، واتا ئەم بیرکردنەوە خراپانە وەک کۆت و بەند وایە لە دەستی کەسەکەدا کە ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی خۆیدا بکات. ئەمەش دواکەوتنە، چێژ وەرنەگرتنە لە ساتە خۆشەکان و لایەنە باشەکانی ژیان، کەواتە ئەرکی یەکەمی خێزان، پەروەردەیە و سەرەتاش لە پەروەردەکردنی خودی دایک و باوکەوە دەستپێدەکات، ئەوکاتە دەتوانن ئەندامانی خێزان پەروەردە بکەن و ئاڕاستەی کۆمەڵگەی بکەن بەو پەروەردەیە چەوتییەکانی کۆمەڵگەش راست بکەنەوە. 
بۆ ئەمەش دایک و باوک دەبێت خودی خۆیان بناسن تا بتوانن تاکەکانی ناو  خێزان بناسن و پەروەردەیان بکەن، چونکە بە نەناسینیان دایک و باوک ناتوانن   شەپۆلە پەروەردەییەکان بۆ هزر و  ناخی منداڵ بگوازنەوە و کەسایەتیانی پێ دروست بکەن.
عەزیز ئالانی لە کتێبی پەروەردەکردنی منداڵەکانمان لە چوارچێوەی خێزان و کۆمەڵگە و خوێندنگەدا، دەڵێت: «مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی  بایۆلۆژی لەدایک دەبێت و وەک بوونەوەرێکی کومەڵایەتی دەمرێت»، کەواتە ئەوەی دەیکات بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، بێگومان پەروەردەی خێزانە، کەواتە خێزان ئەلبوومێکە پڕە لە رێز، خۆشەویستی و کەسایەتی بەهێز، لەبەرئەوە لێرەدا بەو رێز و خۆشەویستییەی کە هەیە کارلێک لەنێوان خێزان و تاکدا دروست دەبێت.
پەروەردە لە شوێنێک ئامادە نابێت کە مرۆڤی لێنەبێت، چونکە مرۆڤ و پەروەردە وەک هاودەمی یەکتریی وان و تەواوکەری یەکترن، واتا ژیانی تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر پەروەردە بنیاتنراوە.

وتارەکانی نوسەر