یەکبێژ

10:17 - 2022-08-18
هیوا محەمەد
370 خوێندراوەتەوە

شەقام حزبییە  نەک میللی

تاکی عیراقی هێندەی لە خەم و خەیاڵی خۆدەربازکردن و جێهێشتنی وڵاتەکەیدایە هێندە لەخەمی بنیاتنان و پێشخستنیدا نییە، چونکە زۆرێک لە سەرانی سیاسی ئەم وڵاتە لە خەمی تاڵانکردنی خەزێنەی وڵات و پڕکردنی گیرافانی خۆیاندان، کە ئەمەش بوو، ئەوا بە ئاسانی دەبنە داردەستی هەر کەس و لایەنێکی لە خۆیان دەسەڵاتدارتر.
شەرمە عیراق خاوەنی سەروەریی خۆی نییە، رۆژانە دەیان لێدوانی جۆراجۆری سیاسی دژ بەیەک دەدرێت و خزمەتێک بە گەلانی ئەم وڵاتە ناکات.
هەموان دەڵێن فەرموون بۆ گفتوگۆ، بۆ دانوستان، بۆ چارەسەر، بەڵام کەسیش ئامادە نییە لە کەمیی بەشەکەی خۆی چاوپۆشی بکات.
شەقامەکان دابەش بوون، بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران دوو جۆر مانگرتنی لێیە، یەکێکیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، یەکێ تریان داوای هەرچی زووتر بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات، حکومەتیش کە کاربەڕێکەرە داوای کۆبوونەوەی سەرانی سیاسیی وڵات دەکات و دادگاش خەریکی شەنوکەوی داوای سەدرییەکانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن.
بەیانیان هاووڵاتییان لە خەو هەڵدەستن گوێیان لە کۆمەڵێک لێدوان، بەیاننامە و دروشمی نوێ دەبێت، ئیدی هیوای خۆیانی لەسەر هەڵدەخەن و دەبێتە مشتومڕی رۆژ بۆیان، هەزاران کێشە و هەڵچوون و داچوون لە نێوانیان دروست دەبێت لەسەر لێدوانی فڵان، بەڵام بۆ رۆژی دوایی ئاراستەکان پێچەوانە دەبنەوە و بەیاننامە و دروشمەکان شتێکی دیکە دەبن.
شەقامی عیراقی لەمە بێزار بووە، تاکەکانی هەست دەکەن کە بەرەو لێکهەڵوەشاندن دەچن، متمانەیان بە حزبەکان نەماوە، پێیان وایە رەوشتی سیاسیی بەرەو سفر بوونەوە دەچێت.
ئەوان دەزانن کە هیچ کام لە حزبەکانی گۆڕەپان، بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی تەسکی حزبیی خۆی هەنگاو نانێت، ململانێ هی حزبەکانە و بۆ بەدەستهێنانی پشکی زیاتر، لەپێناوی عیراق و هاونیشتماناندا نییە، لەسەر شێوازی حکومڕانی نییە، پێشبڕکێی پێشخستن و خزمەتکردن نییە.
عیراقی ئەمڕۆ لاوازە، دوو ساڵە حکومەت بێ ئیقراری بودجە کار بەڕێدەکات، لەم بۆشاییانەدا زۆر شت دیار نامێنێت و زۆرێک لە سامانی ئەم وڵاتە بەهەدەر دەچێت، شەقامیش دابەشبووی ئەو بەرژەوەندییانەیە، نەک دەنگی پێویست و راستەقینەی خەڵک، شەقام حزباوییە نەک خەڵکاویی.
ئەوانەش کە بەراستی لە خەمی وڵات و خەڵک دان و هەست بە عەیبە و شەرمەزاری دەکەن کاتێک ئەم وڵاتە بەم جۆرە دەبینن بێدەسەڵاتن، نە شەقام رێگەیان پێدەدات جێگەیانی تێدا ببێتەوە، نە حزبەکان.
رۆژانە دەیان هەوڵ دەدرێت بۆ ئاشتەوایی و رێکەوتن و کۆبوونەوە بۆ دانوستان و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت کە دە مانگە هەڵبژاردنی بۆ کراوە، کەچی ئەوەی ئەمڕۆ ئەوەی دوێنێ رەتدەکاتەوە بە لێدوانێکی دەستێکی نەیار یان ئاشکراکردنی لێدوانی بەرپرسێک لە کۆبوونەوەیەکدا، هەموو هەوڵەکان پوچەڵ دەبنەوە.
دەبوا رێژەی کەمیی بەشداربوانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقی ساڵی رابردوو، سیاسییەکانی تووشی شۆک بکردایە و بەخۆیاندا بچووبانایەوە، کام لایەن دەنگی بە رێژەی بەرچاو کەمی نەکرد؟ کام لایەن ئەوەندەی زۆرینە هێناوە کە بتوانێت حکومەت دروست بکات؟
پێویستە سیاسییەکان هەرچی زووتر بیر لە خواستی خەڵک و ئاستی توڕەییان بکەنەوە، دەنا ئەو جامە رۆژێک دێت قڵپ دەبێتەوە!

وتارەکانی نوسەر