شوخت

رۆژئاڤا مانگێك پاش لێدوانەكەی بایدن

10:42 - 2022-08-21
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
370 خوێندراوەتەوە

رۆژئاڤای كوردستان لە دۆخێكی ئەمنیی ناسەقامگیردا دەژی، توركیا بەردەوام هەڕەشەی پەلاماری سەربازیی دەكات. لە ئاسمانەوە رۆژانە درۆن و فڕۆكەی كۆنترۆڵكراو بە ئاسانی دەبینرێت كە چاودێریی هەموو ناوچە سنوورییەكان دەكەن و چەند رۆژ جارێك پەلاماری لێپرسراوانی ئیداریی و سەربازیی دەدەن! لەسەر زەویش دەبینین بەردەوام هەڕەشەی پەلاماردان دەكرێت و لێرەو لەوێ‌ گرژیی هەیە.
ئەو هەڕەشانەی ئەنقەرە كە ماوەی دوو هەفتەیە كەمێك هێورتر بۆتەوە، بۆ دوو هۆكاری سەرەكیی دەگەڕێتەوە. یەكەمیان روسیا بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هانی توركیا دەدات هەڕەشەكانی توندتر بكات و گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەمریكا بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە جێ نفوزی ئەمریكایە كە لە شارۆچكەی دێرك-ەوە دەستپێدەكات تا عامودا كە دەكەوێـتە رۆژئاوای قامیشلۆ، ئەمەش لەپێناوی ئەوەدایە كە ئەو هێزانەی روسیا دەكەونە رۆژئاوای قامیشلۆ دەرفەت وەرگرن، بەڵكو بکشێن بەرەو ناوچەكانی جێ نفوزی ئەمریكا. واتە قۆناغ بە قۆناغ ئەو مەفرەزانەی روسیا كە لەسەر سنوور بە هاوبەشی لەگەڵ رژێمی سوریادا دەگەڕێن، بپەڕنەوە ناوچەکانی جێ نفوزی ئەمریكا لە عاموداوە بەرەو قامیشلۆ.
هۆكاری دووەم پەیوەندیی بە بارودۆخی ناوخۆی توركیاوە هەیە كە حزبی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان لە دۆخێكی خراپدایە بەرەو هەڵبژاردن، بۆیە ئەو گرژی و هەڕەشانەی توركیا، رەنگە هەم میدیا كەمێك بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات و هەمیش كاریگەریی لەسەر دەنگدانی ناوخۆی ئەو وڵاتە بكات لە بەرژەوەندیی  ئەو حزبە.
تا هاتنی جۆ بایدن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، هەڕەشەكانی توركیا رۆژ لەدوای رۆژ توندتر دەبوو، بەڵام لێدوانەكانی بایدن ئەنقەرەی لە ئەگەری پەلاماردانی رۆژئاڤا بەتەواوی یەكلایی كردەوە، كاتێك بایدن دۆستەكانی وڵاتەكەی دڵنیاكردەوە كە بەجێیان ناهێلن و وتی: «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێناهێلین،  بۆشاییەك دروست ناكەین كە روسیا و چین و ئێران پڕیبكەنەوە».
بایدن لەو لێدوانەیدا رووی لە هەموو ناوچەكە بوو، مەبەستی هەموو ئەو وڵات و گروپانە بوو كە پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریكا هەیە. تەنانەت لە باسی عیراقدا بە روونی ناوی هەرێمی كوردستانیشی برد كە ئەمە ئاماژەیەكی روون بوو بایدن هیچ دۆستێكی وڵاتەكەی لەبیر ناكات.
لەدوای ئەو لێدوانە، هەم روسەكان تێگەیشتن ئەمریكا ناوچەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات فەرامۆش ناكات، هەمیش رێگا بە توركیا نادات هیچ جموجۆڵێك لە رۆژئاوای كوردستاندا بكات، بەڵام لەدوای ئەو لێدوانەوە گوشارەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاڤای كوردستان لەڕێی فڕۆكەی بێ‌ فرۆكەوانەوە زۆر زیادیكردووە، بارودۆخێكی خراپی ئەمنی دروستكردووە، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەدوور نازانرێت ئەمریكا بیر لە رێگەچارەی پاراستنی ناوچەكە بكاتەوە. یان لەڕێی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئاسمانی ناوچەكە بپارێزێت و دایبپۆشێت، یاخود چەك و تەكنۆلۆژیای تایبەت بە روبەڕوبوونەوەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان لە رۆژئاڤا دابین بكات.

وتارەکانی نوسەر