لەپەراوێزی بڕیارەكەی سەرۆكی ی.ن.ک-دا

10:35 - 2022-08-23
شوان كەریم
514 خوێندراوەتەوە

پتر لە دوو دەیەیە دیاردەی دزێوی گەندەڵی لە نێو دامودەزگاكانی حکومەت و تەشەنەكردنی ئەو دەردە هەیە كە دەرچوونە لە یاسا رەوشتییەكان و ئاکارە كۆمەڵایەتییەكان، لەلایەن كەسانێكی بەرژەوەندیخوازی دوور لەیاسا و لە رێی رایكردنی مامەڵە یاسییەكانیان بە نایاسایی و لەژێر پەردەوە، لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی پلە و پۆست و ناونیشانیان لەپێناوی دەستكەوتی مادی، بەتایبەتی لە كەیسی بەدەستهێنانی موڵكی گشتی و مامەڵە پێكردنی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا كە دواجار كاریگەریی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت.
ئیتر لەو ساتانەوە تائێستا هەرچی راگەیاندنكار و سیاسەتمەدار و شرۆڤەکارە سەربەخۆكانە، بەردەوام لەبەرامبەر خستنەڕووی كەموكووڕی و دۆخی چەقبەستوی چەند ساڵەی سیاسی و ئابووری هەرێم و نادروستی لە بەڕێوەبردنی حكومڕانیدا بۆ رای گشتی لە تاوانباركردنی لایەنی حكومەت و بەتایبەت كەمتەرخەمی (یەكێتی و پارتی) بەردەوام قەڵەمەكانیان بۆ روبەڕوبوونەوە لەكاردایە.
كەموكووڕیی زۆرە و سستیی و جیاوازیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکاندا هەیە، بەڵام ناهەقییە کە هەموو ئەو لایەنانەی بەشدار لە حكومەتدا بە یەكچاو سەیر بکرێن و تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنرێت.
 واتە واتێكی تری باوی نێو بەشێكی خەڵك و راگەیاندنكاران بەگشتی و تیڤییە بەناو سەربەخۆكان بەتایبەتی، دیسان (یەكێتی و پارتی) بە دەستەواژەی دەستەجەمعی بەكاردەهێنرێت و دەوترێت ئەم دوو حزبە تەنها لە ساتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا خزمەتكردنی خەڵكیان بیر دەکەوێتەوە.
بۆئەوەی یەکێتی لەنێو بازنەی تاوانباركردن دەربهێنین ئەگەر بەڕێژەییش بێت لە هەڵە و كەموكووڕییەكانی ساڵانی رابردووی باڵادەستیی حزبێك بە هاوبەشی لە حكومەتدا قوتار بكەین و پێكەوە رێبازەكەی سەرۆک مام جەلال پەیڕەو بكەین كە هەمیشە دووپاتی دەكردەوە کە یەكێتی هەڵقوڵاوی خواست و ویستی داواكارییەكانی كۆمەڵانی خەڵكە، دەبێت یەکێتی لە خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان درێغی ناكات. 
هاوكات شان بەشانی ئەو بڕیارە گرنگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە زیادەڕۆیی بۆ سەر زەوییەكانی دەوڵەت و شارەوانی و ئاگاداركردنەوەی هەر لێپرسراوێكی حكومی و حزبی نێو ریزەكانی یەكێتی كردووە لەهەر ئاستێكدا بێت، پلە و پۆست و ناونیشانیان لە پێناوی دەستكەوتی تایبەتدا بەكاربێنن رووبەڕووی یاسا و سزای توندی حزبی و رێكخراوەیی دەبنەوە.
ئەم بڕیارە، كە پێشتریش لە دیدارێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی دیاری عەشیرەتی كۆكۆییدا ئاماژەی پێداوە و وتویەتی: "بڕیارەكانی یەكێتی لە خزمەتی گشتی و بوژاندنەوە و گەشەپێدانی یەكێتی و بەرنامەی خزمەتکردنە، یەكێتی موڵکی خەڵکە و چیتر یەكێتی تاقم و گروپ نییە تا حزب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكاربهێنرێت"، ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ بەجێگەیاندنی چەندین كار و پڕۆژە و بەدەنگەوەچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە كە سەرجەمیان لە سۆنگەی هەستكردنەوەیە بە لێپرسراوێتی و خەمخۆرییە  بۆ خەڵك و گوزەركردنە بەسەر رێبازەکەی سەرۆك مام جەلال- دا، كە دیارترینیان چارەسەركردنی كێشەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان و پرسی تەندروستی و كێشەی كەمیی دەرمان و بەهاناوەچوونی  گرفتی پێنەدانی مافی ژینگەپارێزان و خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ باشتركردنی حاڵ و گوزەرانی خەڵك، هەروەك بۆ پەكخستنی پرسی پلانگێڕییە لە پەراوێزخستنی سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان، کە لەوەشیاندا  كەمتەرخەم نەبووە و بەردەوام لە داكۆكیركردندایە. 
لێرەوە چاوەڕوانی هەوڵ و كۆششی زیاتر و پڕۆژە و كاری جوانتر لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەکەین رووەو گەڕانەوەی بۆ پێگە و سەنگی پێشووی و دەربازکردنی لە تانە و تەشەری نەیاران و رێگرتن لە ناوهێنان و بەكارهێنانی ناوی یەكێتی لەگەڵ هەرحزبێكی دیكەدا و دانانیان لە تای یەک تەرازوودا.

 

كەموكووڕی زۆرە و سستیی ئاوەدانی لە نێوانی شارەکان هەیە، بەڵام ناهەقییە کە هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حكومەت بەیەك چاو سەیر بکرێن و تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنرێت

وتارەکانی نوسەر