شوان كەریم
هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بیری نوێ هاوشانی خەبات و تێكۆشانی بێوچان لەپێناوی ئازادی و رزگاریی گەلەكەمان، پڕۆسەی خزمەتكردنی خەڵك و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەكانیانی كردۆتە بەشێكی خەبات و لەچوارچێوەی كارنامە سیاسی و چاكسازییەكانیدا بۆ بنبڕكرنی هەموو ئەو دیاردە ناشارستانییانەی كۆمەڵگە بەرەودوا ئاڕاستە دەكەن، وەك ئەرك لە پێشەوەی هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان لە ریزبەندییەكانی پێشەوەدا و لە چوارچێوەی بەرنامەی گەیاندنی دەستی ئاوەدانی بۆ تەواوی خەڵك بەگشتی، پانتاییەكی بەرفراوانی بۆ تەرخانكردووە.
گومانی تێدا نییە یەكێتی لە قۆناغی خەباتی شاخدا بۆ ئازادی و گەیشتن بە ئامانجەكانی گەلەكەمان، دیارترین كارەكتەری بەهێزی سەر گۆڕەپانی سیاسی و شۆڕشگێڕیی گەلی كوردستان بوو، بۆ قۆناغی ئەمڕۆی شارستانی و حوكمڕانیش، سەختترین سەنگەری بەرگریكردنی بەدەستهێنانی داخوازییەكانی خەڵكە بەگشتی.
پشتیوانی مافی یەكسان بوون و سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ و پارێزەری دەستكەوتەكانی گەلەكەمانە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانیش بە رێکردن بەسەر رێچكە و رێبازی سیاسی و كۆمەڵایەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال بەپاراستنی ریزەكانی یەكێتی ناو یەكێتی كە زۆر بە روونی لەدوای پێنجەمین كۆنگرەوە هەستی پێدەكرێت و لەلایەن چاودێرانەوە پەی پێبراوە، یەكێتی چەندین هەنگاو خێراتر بەرەو پێش چووە و بە هاوكاری خەڵكی دڵسۆز و یەكێتییە رەسەنەكان، چەندین بەربەست و ئاستەنگی وەلاناوە .
هەر لەو روانگەیەوە سەرۆ ک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەدیداری لەگەڵ هەرسێ لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەكانی سلێمانی، شارەزوور و گەرمیاندا و لەمیانی رێنمایی كردنیان بە ئاڕاستەی سەركەوتنیان لە ئەركەكانی داهاتوویاندا كە زیاتر پەیامێك بوو بۆ سەرجەم یەكێتییەكان لە هەموو ئاست و پلە و پۆستێكی حزبی و حكومیدا، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی خەڵك بكەن و لەداهاتوودا هەموو تواناكانیان بۆ چاكەی گشتی تەرخان بكەن، بە میكانیزمی نوێ و گونجاوتر خزمەتی ئەو سنوورانە بكرێت و هەموو هەوڵەكان بارتەقای خەبات و قوربانیدانی خەڵكە تێكۆشەرەكەی بێت .
بەمەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە یەكێتی لە چەمكی گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان، پاشگەز نەبۆتەوە و لەپێناوی بنیاتنانی نیشتمانێكی ئارام و كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران و شارستانیی هاوچەرخ لەسەر راستەڕێی یەکسانیی بێ جیاوازی، رەخساندنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە، بۆ قۆناغی نوێی سەركەوتن و گێڕانەوەی پێگەی سەنگینی یەكێتی لە جاران بەهێزتر بەرەوپێش هەنگاوەكانی خاوناكاتەوە .