رادیۆ یەكێكە لە گرنگترین و بەربڵاوترین تۆڕی هەواڵ و ئامێرەكانی دنیای بەرفراوانی راگەیاندن، وەك ئامێرێكی سادەی پەخش و وەشاندن، كەرەستە و ئامڕازێكی ئاسان و دەستكەوتنی پەیامی بیستراو بە وەرگر لە ریزبەندییەكانی پێشەوەدا ئەژمار دەكرێت .
رادیۆ وەك داهێنانێكی ناوازە لە دوای دۆزینەوە و دەستپێكردنی بۆ یەكەمجار ئیدی زۆر بەخێرایی پەرەیسەند و بۆ بەستنەوەی رایەڵەكان بەتایبەتی لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ناساندنی كەلتوری گەلان، ئەدەب و هونەر و پاراستنی تەندروستی كۆمەڵ و گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكان بە گوێگر و دروستكردنی رای گشتی رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە.
(28)ساڵ لەمەوبەر بە ئەرك و ماندووبوونی ژمارەیەك كادری تێكۆشەر، شۆڕشگێڕانە لە رۆژانێكی سەخت و دژواری پاش راپەڕیندا، بە ئیمكانییەتێكی ئێجگار كەم و بەچەند كەرەسەیەكی سادە و ساكاری بەردەستی ئەو سەردەمە، توانیان خەونێك بكەنە واقیع و پاش هەوڵ و ماندووبونێكی بێوچان، مژدەی دەستپێكردنی پەخشی دەنگێكی ئازاد و راستگۆی رادیۆیەكی لۆكاڵییان وەك سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو لە دوای ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە كردە دیاریی دەستیان بۆ گوێگرانی تامەزرۆ بۆ بیستنی هەواڵی دروست و زانیاری بەسوود و پێشكەشی هاوشاریانی سلێمانی و دەوروبەریان كرد
گومانی تێدا نییە رادیۆی سلێمانی، هەر لە سەرەتای یەكەم پەخشییەوە تا ئەمڕۆ، خۆشبەختانە سەرچاوەیەكی بەهێزی راستگۆیی و دەستەبەری سەرچاوەی هەواڵی گەرم و بەپەلە و سەكۆی ئازاد و هۆشیاریی و هونەری رەسەنی كوردی بووە بە تامی شارە حەیاتەكە، کە تائێستا لەنێو گۆڕەپانی هێڵە پڕ لە جەنجاڵییەكەی شەپۆلە جاڵجاڵۆكییەكانی هۆكارە جۆراوجۆرەكانی دیكەی بیستراو و بینراوی راگەیاندندا خاوەنی گەورەترین پانتاییە و توانیوێتی پێگەی بەهێزی خۆی لەدەست نەدات و تا ئەمڕۆ بەبێ پاشەكشە هەردەم بەرەوپێش لە هەنگاوەكانی بەبێ خاوبوونەوە بەردەوامە.
دواجار بۆ بەردەوامبوون و راگوزەر بەسەر هەمان رێچكەدا و لەپاڵ پەخشی بەرنامە و هەواڵە سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و زانستی و تەندروستی و ئەدەبی و هونەرییەكانیدا، پێویستە گرنكی زیاتر بە بەرنامە راستەوخۆكانیان بدەن، بە مەبەستی خستنەڕووی پێداویستی و داخوازییەكانی هاووڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاوەدانی و باشتركردنی حاڵ و گوزەرانیان و فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی، پەیام و داواكارییەكانی خەڵك لە رێی مایكی ئازادی رادیۆكەیانەوە بگەیەننە گوێی بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیدار و بە گواستنەوەی ستۆدیۆكانیان بۆ ناو خەڵك و دەست خستنە سەر خاڵە لاوازەكان و دیاریكردن و چارەسەركردنی دەردە كۆمەڵایەتییەكان رۆڵی كارا بگێڕن.
هەروەك پێویستە هەوڵبدرێت بۆ پەڕینەوەی گەلەكەمان بەرەو كەناری ئارام و دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و دارایی و ئابووری و لەوەشدا جێدەستی ئەو ستافە دیاربێت.