كۆنگرەیەك بۆ نوێبوونەوە

10:17 - 2023-09-26
شوان كەریم
372 خوێندراوەتەوە

وردە وردە رێكارەكانی خۆئامادەكردن بۆ بەستنی پێنجەمین كۆنگرە رووە و تەواوبوون دەچێت، وەك قۆناغی یەكەمیش كۆنفرانسی مەڵبەند و مەكتەبەكان بە مەبەستی دیاریكردنی دەستەبژێری شایستە و ئەوانەی جێی متمانەی تەواوی هەڤاڵان و لایەنگران و ئەندامانی یەكێتین، لەنێو ئەو ئۆرگانە گرنگانەدا بە هەڵبژاردنی (260) ئەندام،  بە سەركەوتوویی و بەبێ‌ هیچ كۆسپ و لەمپەرێك كۆتایهات.
لەو پڕۆسەیەدا ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی  سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و بەندەش بوو وەك دەنگدەرێك، یەكڕیزیی و تەبایی و پێكەوەیی هەڤاڵان بوو، دوور لە دیاردەی تەكەتول و  دەستە و تاقم و دەستەگەریی، كە بەداخەوە پێشتر زۆر بە روونی لەنێو ریزەكانی یەكێتیدا بەدی دەكرا و سەرجەمیان فاكتەری دیاری هەنگاونان بوو بە ئاڕاستەی پێچەوانە و پاشەكشە، بەڵام وەك سەرەتایەكی دڵخۆشكەرانە بۆ سەركەوتنی كۆنگرەیەكی هاوهەڵوێست، هاودەنگ، هاوتەریب و هاوخەمیی پێكەوەیی تەنها بۆ پەڕینەوەی یەكێتی رووە و كەناری ئارام و بەرەوپێشچوون و نوێبوونەوەی زیاتر رووە و  یەكبوون و پتەوكردنی ریزەكانی یەكێتی، وا نیشانەكانی  روون دەردەكەوێت. 
دیارە پێنجەمین گۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەلومەرجێكی هەستیاری سیاسی  وادا بەڕێوەدەچێت كە لە ناوخۆ و عیراق و ناوچەكە و جیهانیشدا تەواوی گەلانی جیهان بە چەندین پێشهات و كێشە و گرفتی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە گیرۆدەن و بەشێكیشیان بەهۆی كارەساتە سروشتییە هەمەجۆرە وێرانكەرەكانەوە گرفتارن، بەڵام یەكێتی بوێرانە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر چۆنێتی بنیاتنان و نوێبوونەوە لە هەیكەلی دامەزراوەیی و داڕشتنەوەی پەیڕەودا، بە بەرنامەیەكی تۆكمەی نوێگەرانە رووە و قۆناغێكی نوێ بە ئاراستەی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسییەكانی جیهان و بەبێ‌ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە هەنگاو دەنێت، ئەویش بە گوزەركردن بەسەر راستەهێڵی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال-دا و درێژەدان بە خەباتی رووە و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە گشتی، بە فراوانكردنی بازنەی پان و بەرینی دیموكراسی وەك حزبێكی سۆشیال دیموكرات، كۆمەڵگە بەرەو ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی ئاراستە دەكات .
ئەوەی جێی ئاماژەیە لەم كۆنگرە چاوەڕوانكراوەدا ئەوەیە،كەپێویستە یەكێتی بە پۆشینی بەرگێكی نوێتر و بە ستراتیژێكی  سیاسیی هاوچەرخەوە بە سەرۆكایەتی تاكە سەرۆكەكەی بەرنامە بۆ ئایندەی دوور و نزیكی خۆی دابڕێژێت بە جۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ قۆناغەكانی داهاتوودا و پێگەیەكی سەنگینی هاوشێوەی یەكێتییەكەی جارانی سەردەمی مامی گەورە بۆ حزبەكە بگێڕێتەوە كە چ لەنێو گۆڕەپانی خەباتی سیاسیدا كاریگەربێت و چ لە روبەڕوبوونەوەی ئەركەكانی دوای كۆنگرەدا توانای یەكلاییكردنەوە و گۆڕینی باڵانسی هێزی هەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و عیراقیش.   

وتارەکانی نوسەر