قەتتارەكەی ئیمام عەلی

10:37 - 2022-08-23
گۆران فەتحی
380 خوێندراوەتەوە





رووداوەكەی ئەم دواییەی پارێزگای كەربەلا كە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی شیعە، لە مەزارێكی پیرۆزی ئەو پارێزگایە، بووە هۆی راکێشانی سەرنجی میدیاکان و بەكاربەرانی تۆڕەکانی سۆشیاڵ  میدیا لە عیراق، بەهۆی ناوی مەزارەكەوە كە لای زۆرێك لە هاووڵاتی نەبیستراوە، هەروەها لەبەر دڵتەزێنیی رووداوەكە كە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە ژنان و منداڵانیش بوونەتە قوربانی.
سەرەتا دەهێنێت لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە ئاخۆ ناوی مەزارەكە لە چییەوە هاتووە و سەرچاوە مێژووییەکان چۆن باسی دەكەن و هۆكاری رووداوەكە چی بووە؟
عیراق و ناوچەی میزۆپۆتامیا، بەهۆی دێرینی و سەرهەڵدانی شارستانیی جیاجیاوە تێیدا، خاوەنی چەندین شوێنەواری مێژوویی و ئاینیی (جوولەكە و مەسیحی و ئیسلام) و بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە ناوچەكانی عیراق مەزار و مەرقەدی تێدایە كە هەر مەزارە و بەلای بەشێک لە عیراقییەكانەوە پیرۆزن.
بە شێك لە مەزارە پیرۆزەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئیمامەكانی شیعە، بە تایبەتیش لە پارێزگای (نەجەفی ئەشرەف)و (كەربەلای پیرۆز) هەن کە لە بەغداوە نزیکن. واتا مەزاری ئیمام عەلی و كوڕ و نەوەكانی،  كە بەلای کۆی مسوڵمانانەوە پیرۆزن و ساڵانە ملیۆنان كەس سەردانیان دەكەن.
مەزارێك كە رەنگە بەشێك لە عیراقییەكان ئاشنای نەبن و ناویشیان نەبیستبێت،  «قەتتارەكەی ئیمام عەلی»یە لە پارێزگای كەربەلا، كە چەند رۆژی رابردوو رووداوێكی دڵتەزێن تێیدا روویدا، دوای ئەوەی بەهۆی رۆچوونی زەویەکەیەوە گردۆڵكەیەك بەسەر بینای مەزارەكەدا داڕما، كە ژمارەیەك سەردانیكار بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی دیکەش برینداربوون.
مەزارەكە لەسەر كانییەكی ئاو دروست كراوە و دەكەوێتە بیابانی خۆرئاوای پارێزگای كەربەلاوە کە 28 كیلۆمەتر لە شاری كەربەلاوە دوورە، شوێنەكەش نزیكە لە دەریاچەی رەزازەوە و بەپێی هەندێك لە مێژوونوسان دەگێڕنەوە کە «گوایە ئیمام عەلی کوڕی ئەبوتالیب كاتێك چووە بۆ شەڕی (صفیین) لە ساڵی 657دا، سوپاكەی بەوێدا تێپەڕیون و رووبەڕووی تینوێتی زۆر بوونەتەوە لەو بیابانەدا، ئەویش بەردێكی ئەو ناوەی بە دەست لەتكردووە و ئاوێكی پاك و شیرین لە ژێرییەوە دەركەوتووە، هەر لەو كاتەشەوە ئاوی لێی هەڵدەقوڵێت»، لەبەرئەوە مەزارەكە پیرۆزییەكی زۆری هەیە لای شیعە مەزهەبەکان و لە سەرجەم ناوچەكانی عیراقەوە سەردانی دەكەن.
چیرۆكەكان هەرچۆنێك بێت، سەبارەت بەو مەزارە، بەڵام ئێستا شوێنەكە لەلایەن وەربەرهێنەرێكەوە بەڕێوەدەبرێت و بۆتە شوێن و مەزارێكی پیرۆز، واتا لەژێر دەستی وەقفی شیعیدا نییە.
سەرەڕای قوربانی و بریندارەکان، ژمارەیەك هاووڵاتیش كەوتوونەتە ژێر دار و پەردووی بینای مەزارەكەوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی كەربەلاش ئاشكرایكردووە کە داڕمانی گڕدۆڵكەكە بەهۆی شێی زۆری ناوچەكەوە بووە و زیانی بە نزیكەی 30 % بینای مەزارەكەش گەیاندووە.
بە پێی میدیاکانی عیراقیش، پێشتر چەند جارێک هۆشداریی دراوە لەبارەی مەترسی داڕمان لە نزیك مەزارگەكە و گردۆڵكەكانی دەوروبەری، بەهۆی شێی ناوچەكە و بوونی ئاوی ژێر زەوییەوە لە ناوچەیەدا، بەڵام هیچ رێكارێك نەگیراوەتەبەر لەلایەن بەڕێوەبەرانی مەزارەكەوە، تا ئەم رووداوەی لێكەوتەوە. 

وتارەکانی نوسەر