وردتر

بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشقەوە

10:40 - 2022-08-23
لەشکر حەمە ساڵح
345 خوێندراوەتەوە

پێشهاتەكان بەو ئاراستەیەن كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریا، دوای 11 ساڵ گرژی و ناكۆكی و دژایەتیكردنی یەكتری، بەرەو ئاسایی بوونەوە بڕوات. تەنانەت  شیكردنەوە و لێكدانەوەكان بەو جۆرەیە كە رەنگە ئەنقەرە و دیمەشق دەسبكەن بەكاری پێكەوەیی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاری و كێشەكانی ناوچەكەدا، لە پێشەوەی هەموو بابەتەكانیشدا ئاماژە بەمەسەلەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی و هێزە كوردییەكان دەكرێت.
لە دوای رووداوەكانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، لە 15ی ئاداری 2011ەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی، ناوچە جیاجیاكانی سوریای گرتەوە كە پاشان پەرەی سەند بۆ شەڕ و روبەڕوبوونەوەی چەكداری و پاشان زەمینەخۆشكردن بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی وەك توركیا و روسیا و ئێران و ئەمریكا و پاشان هاتنی تیرۆریستانی داعش، ئەم دۆخە لەو كاتەوە تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام ماوەیەكە باس لە ئەگەری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەكرێت.
رەنگە ئەم دۆسێیە كاریگەری جۆراوجۆر دروست بكات، هەروەك رەنگە كاریگەرییەكەی سەر بكێشێت بۆ وڵاتانی تر، بەتایبەتی لەو رووەی ئەم پێشهاتە دوای كۆبوونەوەكانی ماوەی رابردووی سەرۆكی وڵاتانی روسیا و ئێران و توركیا لە تاران دێت، هەروەك لە كاتێكدایە كە بەچڕی باس لە ئەگەری هێرشێكی تری توركیا دەكرێت بۆ هەندێك ناوچەی سوریا كە ئێستا بەشێكن لە سنووری قەڵەمڕەویی هێزەكانی سوریای دیموكرات.
لە راستیدا، مەسەلەی سوریا و لێكەوتە و وردەكارییەكانی، هەروەها مەسەلەی كورد لەو وڵاتەدا، زۆر ئاڵۆز و بەیەكداچوون، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە ناكۆكی نێوان ئەمریكا و روسیا گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز لە گرژی و 6 مانگیش بەسەر هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا تێپەڕیووە و هێشتا بەردەوامە، ئەوەندەی تر مەسەلەكانی ئاڵۆز و بەیەكداچوو كردووە. 
رەنگە ئەگەری نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق تائاستی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بەشێكی پەیوەندیی بەو دۆخە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە هەبێت كە لە دوای شەڕی ئۆكرانیا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام رەنگە بەشە سەرەكییەكەی پەیوەست بێت بەبێ ئومێدبوونی هەردوولا لە سیاسەتی بێ دەرئەنجامی رابردوویان، بەڵام مەترسییە سەرەكییەكە لەسەر كورد و هێزە هاوپەیمانەكانی و بەدیاریكراوی لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و قەوارە و قەڵەمڕەوییەكەیەتی. بەو واتایەی هەر نزیكبوونەوە یان رێكەوتنێكی ئەو دوو وڵاتە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر رۆژئاوای كوردستان دەبێت.
ئەمەش جارێكی تر مشتومڕ لەبارەی جەدوای هەوڵ و كۆششی كورد بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەكی تایبەت بەخۆی دەهێنێتەوە ئارا لەو كاتەی كە دەوروبەرەكەی تەژین لەو دوژمن و ركابەرانەی بەدوای دەرفەتێكەوەن بۆ ئەوەی كورد و ناوچە كوردستانییەكان زیاتر و زیاتر بەرەو پووكانەوە و لە قاڵبدان بەرن و توانا و لێوەشاوەییەكانی بەرەو لەناوچوون بەرن. ئەزموونی سیاسی و قەوارەكەی رۆژئاواش، كە نوێترین كۆشش و تەقەلای كوردە لە جاران زیاتر تووشی نەهامەتی دێت، ئەم حاڵەتەش بەرلەوەی مایەی بێ ئومێدی بێت، مایەی جۆشدانەوەی تێكۆشان و باوەڕهێنانە بەڕەوایی مەسەلەیەك كە زیاتر لە 100 ساڵ تەمەنیەتی.

وتارەکانی نوسەر