لە پەنجەرەی پەروەردەوە

بۆ ئەوەی رێزلێنان رێزی بمێنێت

10:41 - 2022-08-23
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
771 خوێندراوەتەوە

سوپاس و پێزانین، یاخود رێزلێنان، جۆرێکە لە جۆرەکانی هاندانی ئەرێنی بۆ پاڵپشتیکردنی کارامەیی و برەودان بەتوانایی و لێهاتوویی و بەردەوامبوون لەو کارانەی دەرئەنجامی باش و پێشکەوتوو بە پرۆسەی پەروەردە دەگەیەنن، گرنگە ساڵانە بە پرۆسەیەکی رێکخراو و پلان بۆدانراو و پاڵپشت بە میکانیزم و پێوەری زانستی و بابەتی بۆ ئەو کەسانە بکرێت لە بواری پەروەردەدا ماندووی رێگان و شوێن پەنجەیان لە گۆڕانکاری و داهێنان و نوێگەریەکانی پەروەردەدا دیارە، چونکە رێزلێنان بەهای مەعنەوی خۆی هەیەو بڕ و قەبارە و تێچووەکەی گرنگ نییە بەهێندەی هێزی مەعنەوی و ئەو لایەنەی پێشکەشی دەکات و ئەو واتایەی هەڵیگرتووە، نابێت کارێک بکرێت ئەو نرخ و بەهایەی لە دەست بدات.
پێدانی رێزلێنان ئەگەر لەسەر بنەڕەتێکی دیراسەبۆکراو نەبێت، کاریگەری زۆر نەرێنی بۆ دەورووبەرەکەی درووست دەکات، بەجۆرێک لەبری هاندان دەبێتە هۆی نائومێدکردن و دامرکانەوەی خواستی کارکردن و بەردەوامبوون، بۆ نموونە ئەگەر لە ناوەندێکی پەروەردەییدا کەس یان کەسانێک دەستنیشان بکرێن لەسەر بنەڕەتێکی کەسی یان ناسراوی یان مەنەستی تایبەت بۆ رێزلێنان، بەڵام لەو ناوەندەدا کەسانی کارامەتر و بەهرەمەندتر و زانستی تر هەبن و خەڵات و رێزلێنان نەکرێن بەدڵنیاییەوە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت و سەرەڕای ئەوەی بێ متمانەیی درووست دەبێت هۆکارێکی بنەڕەتیشە بۆ ئەوەی دڵسۆزە راستەقینەکان پشت ساردببنەوە و بڕوایان بەکارکردنی جدی نەمێنێت، ئەوەی پێویستە لە بەرچاو بگیرێت بە سادەیی تەماشای رێزلێنان نەکرێت، یاخود وای لێنەکرێت بەئاسانی و بەسانایی ببەخشرێتەوە وەک لە هەندێ کاتدا بەرچاودەکەوێت، بەداخەوە کەسێک لە کاتێکی دیاریکراودا چەندین رێزلێنانی بۆ بکرێت  بەرامبەر بەکارێک گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت لە بواری پەروەردە و هەرکەسێکی تری ئاسایی بتوانێت بیکات یان کەسانێکی تر هەبن باشتر بەجێیانگەیاندبێت و لە رێزلێنانیشدا بێبەشکرابن تەنها لەبەرئەوەی دەرکەوتوو نین یان پاڵپشتی کەسی ناکرێن، کارەساتەکە گەورەتر ئەبێت و ئەو کەسەی رێزلێنانی بۆ دەکرێت لەئاست ئەو رێزلێنانەدا نەبێت کە بۆی دەکرێت و تواناو کارامەیی نەبێت یان کەم بێت یاخود لەسەر بنەڕەتێکی ئەکادیمی و زانستی کارنەکات، بۆیە زۆر گرنگە وەزارەتی پەروەردە بە پێی رێنمایی تایبەت و لەسەر بنەماو پێوەری شایستەو گونجاو ئەم بابەتە رێکبخات و سنورداری بکات بەجۆرێک بەشێوەیەکی فەرمی و بەئاگاداری و لەڕێی لیژنەی تایبەتەوە هەڵبژاردنی کەس یان ئەو کەسانە بکرێن کە شایستەی رێزلێنانی فەرمی وەزارەت یان بەڕێوەبەرێتی گشتی یان بەڕێوەبەرێتی قەزاکانن، پوختەی کار و رابردووی کارکردن و کارکردن لەسەر بنەمای زانستی و ئەرێنی و گونجاو لەگەڵ رێنمایی و داخوازییەکانی پەروەردە گرنگن وەک پێوەر هەژماربکرێن.
سەرەڕای ئەوە دیزاینکردن و شێوازێکی یەکخراو بۆ رێزلێنان تایبەت بە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە پێویستن، بۆ ئەوەی بناسرێتەوە و لەهەمانکاتدا جیابکرێتەوە لە هەر دەزگا و رێکخراوێکی تر، واتادارکردنی خەڵاتی رێزلینان گەڕانەوەی شکۆیە بۆ رێزلێنان وەک هاندەرو فەخرپێوەکردن بۆ کەسەکان کە لە دنیادا شتێک نییە لەخۆوە و بێ هۆکار و پێوەر ببەخشرێتەوە و واتای بۆ دانەنرێت. 

وتارەکانی نوسەر