یاداشته‌كانی شۆفێرێك

گرەنتیی راستەقینەی ئۆتۆمبیل

09:46 - 2022-08-24
وتار
438 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید
ئۆتۆمبیلە چینییەكان گەشەیان كردووە و پێشكەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە، ساڵ لە دوای ساڵ رێژەیەكی زیاتر بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل داگیر دەكەن، تەنانەت لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش لە فراوانبوون و گەشەكردندان، كە ئەمەش مایەی تێڕامان و هەڵوەستەكردنە؛ چۆن دەكرێت ئەو كۆمپانیایانە لە ماوەیەكی پێوانەییدا بەو جۆرە گەشە بكەن و بەرەو پێشەوە بڕۆن؟

پێشتر هەر لەم گۆشەیەدا باسمان لە ئۆتۆمبیلی چینی كردووە، باسی بەشێك لە هۆكارەكانی گەشەكردن و پێشكەوتنیمان كردووە، ئێستاش قسە لەسەر گرەنتیی ئەو ئۆتۆمبیلانە دەكەین، كە هەندێك گرەنتیی كۆمپانیای دروستكەری ئۆتۆمبیلەكەن، هەندێكیشیان گرەنتی كۆمپانیای دابەشكار یان بریكاری فرۆشتنە! بەڵام ئەوەی مایەی تێبینییە زۆریی ماوەی گرەنتی و زۆریی كم و فراوانیی مەودای گرەنتییەكەیە كە بەڕاستی كەمەندكێشە و مایەی ئەوەی قسەی لە بارەوە بكرێت.
كۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەكانی ئۆتۆمبیل لە هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ژاپۆن، بەوانەشەوە كە تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە و ملیۆنان ئۆتۆمبیلیان فرۆشتووە و بەرهەمەكانیان جێگەی متمانەی بەكارهێنەر و كڕیارەكانە، بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی 60 هەزار كم بۆ 3 ساڵ گرەنتی ئۆتۆمبیلەكانیان دەكەن، بەڵام ئەگەر تەماشای كۆمپانیا چینییەكان بكەین، بەتایبەتی ئەوانەی ناوبانگی زیاتری بەدەستهێناوە و هەندێكیان كارگە و براندی جیهانییان كڕیوەتەوە، میچی كێبڕكێیان بەرز كردۆتەوە .. هەندێكیان 5 ساڵ و 100 هەزار كم گرەنتی دەكەن.. تەنانەت چەند رۆژێك لەمەوبەر ریكلامی كۆمپانیایەكی چینیم بەزمانی كوردی بینی كە گرەنتییەكەی گەیشتۆتە 6 ساڵ و 200 هەزار كم و 2 ساڵیش سێرڤسی خۆڕایی.
ئەم گرەنتییە زۆر و فراوانە بازاڕی ئۆتۆمبیلی تووشی شڵەژان كردووە، نەك تەنها لە بازاڕێكی بچووك و سنوورداری وەك كوردستان یان عیراق، بەڵكو سیاسەتی فرۆشتن و ماركێتینگی ئەو كۆمپانیا چینیانە لە وڵاتانی تریش، بەوانەشەوە كە زۆر توندن و هەموو بابەتێكیان رێكخستووە بۆ رێگرتن لە قۆرخكاری، كێشەی گەورەیان بۆ كۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەكان دروستكردووە. ئایا ئەم بابەتە بەرەو كوێ دەڕوات؟ چۆن چارەسەر دەكرێت؟ لایەنە باشەكانی كامانەن و لایەنە خراپەكانی چین؟ 
هاووڵاتییەكی كوردستان كە بڕیار دەدات ئۆتۆمبیلێكی چینی بەگرەنتی 6 ساڵ و 200 هەزار كم بكڕێت، كارێكی باشی كردووە یان هەڵە؟ چۆن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی بڕیارێكی دروستی داوە؟ ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی تەماشا بكەین؛ ئەو ئۆتۆمبیلانە لە ئۆتۆمبیلە هاوشێوەكانی كۆمپانیاكانی تر، سەرنجڕاكێشتر و جوانترن، هەروەها مەكینەی بەهێز و توربۆ و زۆر مواسەفاتی تریان تێدایە، بەڵام ئایا خەڵك دەتوانێت لەسەر شێوە و مواسەفات بڕیار بدات و پارە و سامانی خۆی بخاتە ئۆتۆمبیلێكەوە كە هێشتا سومعەیەكی بازرگانی و متمانەیەكی باش و بەرزی نییە؟ ئەم بابەتە زۆر فراوان و گشتگیرە، پێویستی بەوردەكاری و شارەزایی زیاتر هەیە، بەتایبەتی لەو رووەی ئەگەر پێمان وابێت كۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەكان تا ئاستێكی زۆر تووشی بێ منەتیی هاتوون و هیچ لێكدانەوەیەك بۆ توانا و خواستی كڕیار ناكەن!

وتارەکانی نوسەر