پەشمەک

ئەو کورسییەی کە قەد دەکرێت

09:32 - 2022-08-28
ڤینۆس فایەق
533 خوێندراوەتەوە

65

ئەگەرچی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بزووتنەوەی ژنان هەبووە، بەڵام هەتا ئێستاش گەشەسەندنی ئەو بزووتنەوانە بە گشتی دوور لە کاریگەریی خۆرئاوا نەهاتۆنەتەئاراوە، بگرە ئەگەر کاریگەری و پشتگیریی رێکخراوە ناحکومییەکانی خۆرئاوا نەبێت لە راستیدا ئەوان لەناو بازنەیەکی داخراودا بەدەوری خۆیاندا خول دەخۆن. ئەمە بۆ باس و خواسی سەرهەڵدانی شتێک بەناوی جموجۆڵی ژنانەوە پەلکێشمان دەکات و بپرسین ئەگەر راستە بزووتنەوەیەکی فێمینیستی « نیشتمانی» لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، لە چ هەلومەرجێکدا سەریهەڵداوە؟ 
لە لوبنان بزووتنەوەی فێمینیستی لە سایەی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسیدا سەریهەڵدا، هەروەک لە وڵاتانی مەغریبی عەرەبی لە قۆناخی خەباتی نیشتمانی لە دژی داگیرکاریی فەرەنسی سەریهەڵدا. لە میسریش 1919 لە وەڵامی نەفیکردنی سەعد زەغلولدا کۆمەڵێ گۆڕانکاری روویاندا، خۆپیشاندانی توندوتیژیان لێکەوتەوە، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی میسری بەشداریان تیادا کرد، یەکەمجار بوو ژن لە رووداوێکی لەوجۆرە ئامادەگیی کاریگەری هەبێت، کە لە راستیدا زەمینەخۆشکەرێک بوو بۆ بەشدارییەکی سیاسیی چالاک، لە رێی بەشدایکردنیان لە بزووتنەوەیەکی نیشتمانیدا دژ بە بەریتانییەکان.  
لە وەڵامی پرسیاری: بزووتنەوەکانی ژنان لە کوردستان چۆن دەبینیت و چی رێگرە لەوەی گۆڕانکاریی راستەقینە دروستبکەن؟  لە میانەی بەشداریکردنم لە راپۆرتێک بۆ سایتی رەسمی BBC، گوتم: لە کوردستان شتێک نییە بە ناوی بزووتنەوەی ژنانەوە، بەڵکو ژنانی چالاکمان هەن لەناو کۆمەڵێک رێکخراوی ژنان/ئافرەتان/خانمان..تاد سەر بە حزبەکان، هەر یەکە بە قەبارەی حزبەکەی توانای چالاکی هەیە. هیچ لێکچوونێکیش لە نێوان ئەو رێکخراوانە و بزووتنەوەی ژنانی جیهانیدا نابینم کە سەرەتای سەدەی نۆزدە بە باکگراوندێکی فکری و ئایدیۆلۆژییەوە، بەشێوەیەکی خۆڕسک و سەربەخۆ لەسەر دەستی ژنانێکدا سەریانهەڵدا و بەناوی هەموو ژنانی کۆمەڵگەکەیانەوە داوای یەکسانی و دادپەروەری و مافەکانی خوێندن و کارکردن و بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەیان دەکرد. 
لە راستیدا هیچ رێکخراوێکی ژنان لە کوردستان کە لەسەر بنەمایەکی فکری و ئایدیۆلۆژی پوخت لەناو ریزەکانی خەڵک و بەناوی تەواوی ژنانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە داوای ماف بۆ ژنان بکەن نییە. بە واتایەکی تر خیتابەکانی ژنان لە کوردستان لە زۆنێکەوە بۆ زۆنێکی تر لە کڵێشە و داڕشتن و زمان و وشەسازی و دەستەواژەشدا کە سادەترین شتن هەرگیز یەک نین. هیچ کام لەو رێکخراوانە بێ گەڕانەوە بۆ حزبەکانیان دەسەڵاتی هیچ هەنگاوێکیان نییە و بێ بڕیارێکی نێرانەی حزبی هیچ پڕۆژەیەکیان ناچێتەپێشەوە. 
شیرلی شیشۆلمی سیاسەتمەداری ئەمریکی بەڕەگەز ئەفەریقی گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێ: «ئەگەر لەدەوری مێزەکە کورسیان بۆ نەهێشتیتەوە، کورسییەک لەوانەی کە قەد دەکرێن لەگەڵ خۆت بەرە». لای ئێمەش ئەو کورسییەش بۆ ژن نەماوەتەوە لەگەڵ خۆیان بیبەن. 
هەر کاتێک بزووتنەوەیەکی فێمینیستی راستەقینە و ئازاد هاتە ئاراوە، ئەو کاتە بە ئاسانی و بەبێ پاڵنان و هیچ دەست تێوەردانێکی پیاوان، ژن داخڵی هەموو سووچ و کەلەبەرێکی هەرەمی هەموو دەسەڵاتەکان دەبێت. 

وتارەکانی نوسەر