عیراق دەوڵەتی دامەزراوە پەكخراوەكان

09:38 - 2022-08-28
فەرید ئەسەسەرد
520 خوێندراوەتەوە

قەیرانی سیاسی عیراق هەر بەردەوامە و تا ئێستا تروسكاییەك بۆ دەربازبوون لە كۆتایی تونێلەكە دیار نییە. كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە بەبێ سەدر بەسترا و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش وەك چاودێر ئامادەی بوو، هیچی لێ نەكەوتەوە. دوای كۆبوونەوەكە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بوو شەقام خڕۆشانێكی زۆرتری بەخۆوە بینی. 
سەدر تا ئێستا هەر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران. ئەم سووربوونەش خۆی لە خۆیدا مەتەڵە، چونكە سەدر بەر لەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران بكشێتەوە، 73 ئەندامی هەبوو، فراكسیۆنەكەشی گەورەترین فراكسیۆن بوو لەناو ئەنجومەن. لەگەڵ ئەوەشدا سەدر كتوپڕ بڕیاری دا لە ئەنجومەن بكشێتەوە. بەمە گەورەترین خزمەتی نەیارەكانی خۆی كرد لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەرووی هەموویانەوە نوری مالیكی.
پاش كشانەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەدر هیچ شتێكی دەربارەی كارنامەی داهاتووی دەرنەبڕی. بەڵام هەر ئەوەندە نەیارەكانی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران راگەیاند و كەوتنە خۆ بۆ بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەدر كەوتە جموجۆڵ و شەقامی وروژاند و داوای لە لایەنگرانی كرد بچنە ناو ئەنجومەنی نوێنەران. 
تا ئێستا روون نییە ئایا سەدر پەشیمانە لە رادەستكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە نەیارەكانی یان مەسەلەكە هەر رقەبەرایەتییە و خوازیارە تۆڵەی خۆی لێیان بكاتەوە. كتوپڕ ئەو ئەنجومەنەی كە سەدرییەكان گەورەترین فراكسیۆنیان تێیدا هەبوو، كەوتە بەر غەزەبی سەدر و لایەنگرەكانی. سەدان كەس لە لایەنگرانی سەدر هەڵیان كوتایە سەر ئەنجومەنی نوێنەران. رووداوەکە، هەڵكوتانە سەر كاپیتۆڵی ئەمریكای بیرخستینەوە، كاتێك پاش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لایەنگرانی ترەمپ ئەنجامەكەیان رەتكردەوە و هەڵیانكوتایە سەر كاپیتۆڵ. ئەم دیمەنە بەشێوەیەكی نەختێك جیاواز، لە بەغدا دووبارە بۆوە.بە هەڵكوتانە سەر ئەنجومەنی نوێنەران، دەزگاكە پەك خرا و عیراق بووە دەوڵەتێكی بێ دامەزراوەی یاسادانان.
بەهەمان پێودانگ، لە هەنگاوێكی پێشبینیكراودا، سەدرییەكان پەلاماری ناوەندی دەسەڵاتی دادوەرییان دا و ئەویشیان پەكخست. دادگای فیدراڵ لای سەدرییەكان هەر لە سەرەتای قەیرانەكەوە بەچاوی رق و گومانەوە سەیردەكرێ. هۆكەش ئەوەیە كە ئەو دادگایە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و بەپێی دەستوور كاری كردووە و بەئاشكرا رایگەیاندووە كە دەستوور و یاساكان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پێ نەداوە.
بە گەمارۆدانی ناوەندی دەسەڵاتی دادوەری، ئەو دامەزراوەیەش پەكی كەوت. ئێستا عیراق دامەزراوەی دادوەریی نیە و دیار نییە ئەم دۆخە هەتا كەی بەمجۆرە دەمێنێتەوە.
بەكردەوە، دەسەڵاتی راپەڕاندنیش كە سەرۆكی وەزیرانی كاربەڕێكەر سەرۆكایەتی دەكا، پەكی كەوتووە و سەرۆكی وەزیران هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە، بەتایبەتی لەو گۆشە نیگایەوە كە كازمی توانای پاراستنی دامودەزگاكانی دەوڵەتی لەدەستداوە.
ئەمە بەم واتایە دێ كە عیراق لەم قەیرانەدا هەر سێ دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان و دادوەریی لەدەست داوە كە ئەمەش شێوەیەكی نزیكە لە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت.
بەمە ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان پێ دەنێتە قۆناغێكی هەستیارەوە و خەریكە ململانێكە دەبێتە ململانێ لەنێوان دوو بەرەدا:
بەرەیەك هەنگاوی وا دەنێ كە، بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست، دەبێتە هۆی پەكخستنی دامودەزگا شەرعیەكان و هەڵوەشاندەوەی دەوڵەت و بەرەیەك كە كەوتۆتە بەرەی پاراستنی دەوڵەت و دامودەزگاكانی.بە گەیشتنی ململانێكە بۆ ئەو خاڵە هەستیارە، ئەگەری هەڵكشانی گرژی زیاد دەبێ و ململانێكە لەوە دەترازێ كە بتوانرێ لە ژوورە داخراوەكان چارەسەر بكرێ. بەكارهێنانی شەقام لە ململانێی سیاسیدا یارییەكی مەترسیدارە كە ئەگەری لە كۆنترۆڵ دەرچوونی زۆرە و دان بەخۆداگرتن دەكاتە كارێكی زۆر سەخت. لەگەڵ هەڵكشانی گرژییەكاندا، چانسی هاتنەئارای سیناریۆ هەرە خراپەكان زیاد دەبێ. لەبارودۆخێكدا كە شەقامێکی وروژاوی كۆنترۆڵنەكراو هەموو جومگە سەرەكییەكانی پەكخستووە، چارەسەر بە نزا و پاڕانەوە و بانگەوازی برایەتی نایەتەدی، بەتایبەتی لە سایەی تەشەنەسەندنی دیاردەی هەستنەكردن بە لێپرسراوەتی نیشتمانی و زاڵبوونی ئەنگێزەی تۆڵەسەندنەوە و بەزۆر خۆسەپاندن.

وتارەکانی نوسەر