رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، لە میدیاکاندا پێشنیازی هاوپەیمانییەکی ئیسلامیی لە نێوان تورکیا و میسر و سوریا کرد کە لوبنانیش بگرێتەوە. ئامانجی راگەیەنراوی هاوپەیمانییەکە دانانی سنوورێکە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان. پێشتریش لە لێدوانێکی بەناوبانگدا رایگەیاندبوو کە پاراستنی فەلەستینییەکان پێویستی بە هاوپەیمانییەکی ئیسلامییە، هەروەک ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو کە دەبێ سنوورێکیش بۆ پەلهاویشتنی ئیسرائیل دابنێ.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، بەبێ رەزامەندیی پەیمانەکە بەشداریی لە هاوپەیمانییەکی تردا بکات، بەتایبەتی کە ناوی سوریاشی هێناوە، بۆیە دژوارە لە هاوپەیمانییەکدا دۆستی ئەمریکا بێت و لە هاوپەیمانییەکی تردا دۆستی نەیارەکەی بێت
کاردانەوەکان لەو ئاستەدا نەبوو
ئێستا لەناو موسڵمانانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆچوونێکی گشتی لەو رووەوە هەیە کە ئیسرائیل لە سایەی فەرمانڕەوایی باڵی راستڕەوی توندڕەودا بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهو و دوو هاوپەیمانەکەی، بن گڤیر و سمۆتریچ، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی سەخت دەبات.
سەرەڕای گرنگیی لێدوانەکەی ئەردۆغان، کاردانەوەکان لەئاستی گرنگییەکەدا نەبوون.
تورکیا لەسەرەتای قۆناغی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانێتی لەگەڵ میسر و سوریا، کە ئەمەش هەنگاوێکی دروستە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچەکە. بەڵام ئەم ئاساییکردنەوەیە هێشتا بەتەواوی نەهاتووەتە دی، بۆیە گوێزانەوە لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە بۆ هاوپەیمانییەکی ئیسلامی، بازدانێکی گەورەیە و پێویستی بە کاتێکی زۆرتر و جموجوڵێکی دیپلۆماتکارانەی گورج و گۆڵتر هەیە.
پێشنیازەکە لە هیچەوە هاتووە؟
لێدوانەکە رەنگدانەوەی نیگەرانییە لە پەرەسەندنی هێزی ئیسرائیل و تێوەگلانی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل، هەروەک دەشێ لێدوانەکە پەیامێکیش بێت بۆ شەقامی تورکی کە تورکیا جگە لەوەی کە لێپرسراوێتی نێودەوڵەتیشی لەسەر شانە و دەشێ لەم رووەوە ئەکتیڤتر بێت. بەم پێیە. پێشنیازەکە لە هیچەوە نەهاتووە.
لوبنان مەبەستی حزبوڵڵایە؟
بەڵام پێشنیازەکە بە تێروتەسەلی و بە روونی نەخراوەتەڕوو و زۆر خاڵی نا رۆشنی تێدایە. بەرلە هەموو شتێک، پرۆژەی هاوپەیمانییەکە ئێرانی دوورخستۆتەوە، لەکاتێکدا لە تورکیا زیاتر لەناو مەسەلەکەدایە. هەروەها پرۆژەکە ناوی لوبنان دەهێنێت، لەکاتێکدا کە لوبنان وەک دەوڵەت توانای جەنگیی نییە و ناشیەوێت بگلێتە گۆبەندێکی دژوارەوە، بەڵام دەشێ وا لێکبدرێتەوە کە مەبەست لە ناوهێنانی لوبنان، خودی دەوڵەتی لوبنان نییە، بەڵکو مەبەست حزبوڵڵای لوبنانە.
لەلایەکی ترەوە، ئەستەمە تورکیا کە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، بەبێ رەزامەندیی پەیمانەکە، بەشداریی لە هاوپەیمانییەکی تردا بکات، بەتایبەتی کە پرۆژەکە ناوی سوریاشی هێناوە کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا گرژ و نائاساییە. بەهۆی ئەمەوە، دژوارە تورکیا لە هاوپەیمانییەکدا دۆستی ئەمریکا بێت و لە هاوپەیمانییەکی تردا دۆستی نەیارێکی بێت.
ئەوە بۆ میسریش قورسە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی کامپ دەیڤد رێکخراون و ئەو رێککەوتننانە دەستی میسر بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا دژی ئیسرائیل ئاوەڵا ناکەن.
ئەردهان و بۆسفۆڕ و دەردەنیل
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی پرۆژەکەدا، نووسەری تورک محەمەد کوچاک لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی «یەنی عەقد» باسی هەلومەرجی بوونی تورکیا دەکات بە ئەندام لە ناتۆ و دەڵێت: «65 ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی سۆڤێتی تینی بۆ تورکیا هێنا و هەڕەشەی داگیرکردنی پارێزگای ئەردهان و تەنگەکانی بسفۆڕ و دەردەنیلی کرد کە ئەمەش تورکیای ناچارکرد بە هەڵەداوان بچێتە ناو پەیمانی ناتۆ»، ئایا ئەمە رێکەوتە کە هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی پرۆژەکەدا، وتارێک لەو هەلومەرجەدا باسی هۆی پەیوەندیکردنی تورکیا بە پەیمانی ناتۆوە بکات، یان دەشێ ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە ئێستا یەکێتیی سۆڤێت نەماوە و تورکیا ترسی داگیرکردنی ئەردهان و تەنگەکانی نەماوە و خۆشی لە بارودۆخێکدایە کە دەتوانێ بەبێ یارمەتیی هیچ دەوڵەت و هاوپەیمانییەکی سوپایی، بەرگری لە خۆی بکات؟ دەشێ ئەمە راست بێت و هەروەها دەشێ ئەم وتارە زێدەڕۆیی لە شیکردنەوەکانیدا کردبێ.