وتاری رادەربڕین

ئێران لە هاوکێشەی جەنگی غەززەدا

10:02 - 2024-08-14
فەرید ئەسەسەرد
129 خوێندراوەتەوە

فەرید ئەسەسەرد 

جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی لە پشت پەردەوە هەیە بۆ رازیکردنی ئێران بە پەشیمانبوونەوە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، لەو روانگەیەوە کە ئەم هێرشە مەودای جەنگ بەرینتر دەکات

لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئەو بۆچوونە چەسپاوە کە ئێران توانای جێبەجێکردنی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی هەیە و دەشتوانێت زیانی پێبگەیەنێت، ئیسرائیلیش دەتوانێت وەڵام بداتەوە و هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بۆ دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیل کە هیچ قووڵاییەکی ستراتیجیی نییە، هەر هێرشێک لە نزیکەوە یان لە دوورەوە، کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
لە رووی قووڵایی ستراتیژییەوە، ئیسرائیل بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئێران کە یەکێک لە فروانترین وڵاتانی ئاسیایە و گەورەترین قووڵایی ستراتیژیی هەیە، بۆیە بەهۆی ئەمەوە لەکاتی جەنگدا توانای خۆڕاگریی زۆرتری دەبێت، لانیکەم لەرێی درێژدان بە جەنگەوە.
کڕۆکی پرەنسیپەکە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەشێوەی مافی بەرگری لەخۆکردن و مافی وەڵامدانەوە داڕێژراوە، بۆیە لەمبارەیەوە ئێران کێشەی نییە.
خۆرئاوا ئێران دەناسێت و زۆر بەباشی لە شێوەی بیرکردنەوەی سەرکردایەتییەکەی تێگەیشتووە و دەزانێت ئێران عیراقی سەردەمی سەدام نییە کە هەڕەشەی کرد نیوەی ئیسرائیل وێران دەکات و لە کۆتاییدا پێی نەکرا و خۆی و رژێمەکەشی لەناوچوون.
بۆیە داوای بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئێران بۆ وازهێنان لە تۆڵە سەندنەوە کە لە پەرۆشییەوە بۆ ئاشتی دێت، قورسایی خۆی هەیە.
لەپاڵ ئەمەدا، جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی لە پشت پەردەوە هەیە بۆ رازیکردنی ئێران بە پەشیمانبوونەوە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، لەو روانگەیەوە کە ئەم هێرشە مەودای جەنگ بەرینتر دەکات و بارودۆخی ناوچەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەکات، بەڵام ئەوەی لەم مەسەلەیەدا نوێیە ئەوەیە کە لەپاڵ هاندانی ئێران بۆ وازهێنان لە هێرشەکەی، هەوڵیش دەدرێت ئەمە بەبێ نرخ نەبێت.
لە راستیدا ئەگەر مەسەلەکە بگاتە رادەی ئەوەی کە ئێران بەرامبەر بە دەسکەوتێکی سەربەرزانە و شایستە واز لە هێرشەکەی بێنێت، دەبێت ئەو دەستکەوتە شایستەی ئەوە بێت کە ئێران بیری لێ بکاتەوە و پێی رازی بێت.
ئەم مەسەلەیەش بۆ دایەلۆگەکانی دوور لە چاوی کامێراکان دەهێڵدرێتەوە.
لەم ماوەیەدا (هائارتس) کە رۆژنامەیەکی سەنگینی ئیسرائیلە، ئاماژەیەکی خێرای بەوە داوە کە دەشێت راگرتنی جەنگی غەززە بەشێکی ئەو سەودایە بێت کە دەکرێت لەگەڵ ئێران بێتەدی.
ئەگەر رەوشەکە بەو ئاراستەیە رۆیی، نابێت ئێران دوو دڵ بێت لە پەسەندکردنی، چونکە بەمە گێچەڵێکی گەورە لەکۆڵ خۆی و ناوچەکە دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر