وتاری رادەربڕین

بوێرترین بڕیار لە مێژووی دادگای دادی نێودەوڵەتیدا

10:29 - 2024-07-25
فەرید ئەسەسەرد
162 خوێندراوەتەوە

بڕیاری ئەم دواییەی دادگای دادی نێودەوڵەتی سەبارەی بە ناڕەوایی بەردەوامبوونی ئیسرائیل لەسەر داگیرکردنی ناوچە فەلەستینییەکان، تەواوی ئیسرائیلی هەژاند و هیچ بیانوویەکی بۆ بەردەوامیی داگیرکردنەکەی نەهێشتەوە.

بە پێی بڕیاری ژمارە 242ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 1967 دەرچووە، ئەو خاکانەی ئیسرائیل لە جەنگی ئەو ساڵەدا دەستی بەسەردا گرتووە، بە داگیرکراو دەژمێردرێت،   کە بریتی بوون لە نیمچە دوورگەی سینا و کەرتی غەززە و لێواری خۆرئاوای رووباری ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلان، لەوانەش تائێستا تەنها لە سینا کشاوەتەوە

رۆژنامەی «هائارتس» ی ئیسرائیلی لەم بارەیەوە وتویەتی: بڕیارەکە «بیانووەکانی ئیسرائیلی لەمەڕ داگیرکردنێکی درێژخایەن هەڵتەکاندووە». لاوازیی هەڵوێستی ئیسرائیل لەوەدا دەردەکەوێت کە هەر ئەوەی بۆ مایەوە هانا بەرێتە بەر مێژوو و وای دابنێت کە هەموو ئەو زەوییانە لەدێر زەمانەوە هی جولەکە بوون. دیارە لە ئاسای نێودەوڵەتیدا بیانووی مێژوویی پشتی پێ نابەسترێت.

بڕیارەکە تەنها داگیرکردنی بەتاڵ نەکردۆتەوە، بەڵکو نیشتەجێکردنی جولەکەشی لە ناوچە فەلەستینییەکان بە نایاسایی داوەتە قەڵەم و بوونی جولەکەی هاوردەی لە ناوچە فەلەستینییەکان بەناڕەوا داوەتە قەڵەم.
بڕیارەکە بەوەش دانەکەوتووە، بەڵکو رەفتاری ئیسرائیلی دژی فەلەستینییەکان بە جینۆساید داوەتە قەڵەم کە ئەمەش کەیسەکە بۆ ئیسرائیل ئاڵۆزتر دەکات.
هەر دوابەدوای بڕیارەکە، پەرلەمانی ئیسرائیل کۆبۆوە و یاسایەکی دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەرکرد، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئیسرائیل نەک هەر رازی نابێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، بەڵکو هەموو دانوستانێکیش رەت دەکاتەوە کە دەوڵەتی فەلەستینی لێ بکەوێتەوە، ئەمە بەو واتایە دێت کە لێرە بەدواوە ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دانوستان لەسەر هیچ شتێک ناکەن، چونکە ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین رەت دەکاتەوە و فەلەستینییەکانیش جگە لە بابەتی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین، گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێکی تر ناکەن.
لەم مەسەلەیەدا ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە پێگەیەکی لاوازدایە، چونکە یاسای نێودەوڵەتی بە داگیرکەری دادەنێت.
لەم رووەوە بڕیاری ژمارە 242ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 1967 دەرچووە، وای داناوە کە ئەو خاکەی ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا دەستی بەسەردا گرتووە، بە داگیرکراو دەژمێردرێت، بەم پێیە وا بۆ 57 ساڵ دەچێت کە ئیسرائیل ناوچە فەلەستینییەکانی داگیرکردووە، بە رەچاوکردنی ئەوەی کە لە بڕیارەکەدا ناوی هیچ ناوچەیەکی داگیرکراو نەهاتووە، بەڵام ئاشکرایە کە ئیسرائیل لە جەنگی 1967دا نیمچە دوورگەی سینا و کەرتی غەززە و لێواری خۆرئاوای رووباری ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە، لەوانەش تائێستا تەنها لە سینا و تابا کشاوەتەوە، لەکاتێکدا تائێستا بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە فەلەستینییەکان بە داگیرکراو ئەژمار دەکرێن.
ئیسرائیل وای دەبینێت کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشە نەتەوەییەکەی، بەڵام ئەم بیانووە، بیانوویەکی بەهێز نییە، هەر لەم جەنگەی ئێستادا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەند جارێک وتویەتی کە ئیسرائیل بەهێزترین سوپای لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەمەش بیانووی مەترسیی دەوڵەتی فەلەستین هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەگەر سوپای ئیسرائیل بەهێزترین هێز بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چی وای لێدەکات لە دەوڵەتێکی لاوازی وەک دەوڵەتی فەلەستین بتۆقێت؟
ئیسرائیل لە تەنگانەدایە، سوپاکەی توانای کۆنترۆڵکردنی بەرەکانی جەنگی نەماوە و تۆمەتباریشە بە جینۆساید و تاوانی جەنگ. سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگرییەکەشی بە تاوانباری جەنگ دەژمێردرێن. ئەو هاوسۆزییەی کە لەمەوبەر ئیسرائیل هەیبوو، ئێستا هیچی نەماوە، ئەمڕۆ ئیسرائیل و سەرکردەکانی تاوانباری جەنگن، سوپاکەشی بە داگیرکەر ناوبراوە و گەلی ئیسرائیلیش متمانەی بە حکومەتەکەی نەماوە. 

وتارەکانی نوسەر