بێزارکردنی مۆدێرنانە

09:42 - 2022-08-28
کەنار قاسم
406 خوێندراوەتەوە

شەوان ناخەون و لەسەر شەقامەکان خەریکی کێبڕکێن بەو ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرز و گەورانەی خۆیان دروستیان نەکردووە، بەڵام خۆیانی پێوە دەنوێنن. جۆرێک لە بێزارکردن و زیادەڕەوی لەلایەن گەنجانەوە بە ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان پەیدابووە، بە ئۆتۆمبێلی وەرزشی یان ئۆتۆمبێلی گەورە  یان ماتۆڕ. گەنجێک خاوەنی ئەم ئۆتۆمێلانەیە بۆلاساییکردنەوە نەک بۆ پێویستیی و کار.
ئایا هەبوونی ئەم ئۆتۆمبێلانە ئازادی تاکەکەسییە؟ بەڵێ بێگومان، بەڵام ئەم جۆرە شۆفێرییە سەرپێچی  هاتوچۆیە و مەترسیدارە. پێشبڕکێکردن لەسەر شەقامەکان و گۆڕینی دەنگی ئۆتۆمبێلەکان، ئایا ئەم کردەوانە ئازادی تاکەکەسییە؟ ئەمانە ئەو سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆن. ئایا شەو مانەوە لە  دەرەوە ئازادی تاکەکەسییە؟ دیارە زیانی تەندروستی و ئەمنی و پەیوەندی بە بێزارکردنی کەسانی ترەوە هەیە.
ئایا ماتۆڕسکیل (بەپێی نەریت) لە ئامرازێکی پێویست بۆ گواستنەوەوە بۆ ئامرازێکی چێژبەخش گۆڕاوە؟! حیکمەتی وەستانی دوو ئۆتۆمبێل لە ناوەڕاستی رێگەکە و ئاڵوگۆڕی گفتوگۆکانی نێوان شۆفێران بە شێوەیەکی ئەنقەست و بێمانا و داخستنی رێگەکە بە ئۆتۆمبێلەکانیان چییە و کەسیش ناوێرێت ئامۆژگارییان بکات، ئەم گەنجانە نەچوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە کێڵگەکان و کارگەکاندا کار بکەن، بەڵکو  بۆ دڵخۆشی  و چێژی خۆیان چوون لەسەر حسابی ئەوانی تر.
هەرێم بە قۆناغێکی گەشەسەندنی گشتگیردا تێدەپەڕێت، هەرچەند  کەمێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە لە مۆدێرنکردنی سستەمەکاندا، بەڵام خەریکە کۆمەڵێک فکر و کردار و هەڵسوکەوتی نوێ و نابەجێ  دەکرێن بە کەلتور پەیوەندییان بە شێواندنی بینراو و بیستراو، سەلیقەی گشتی، هەراسانکردن، قسەکردن و سیستەمەکانی دیکەوە هەیە و پەیوەندییان بە ئاسایش و کوالێتی ژیانی خەڵکەوە بە گشتی هەیە، کەلتورە جوان و بەسوودەکانیش کە مابوونەوە بۆمان بەرە و کاڵبوونەوە دەچن.
وێنەی جوانی شار لەلایەن گروپێکەوە بە ناشیرینکردنی بە کۆمەڵێک رەفتار و کردەوەی بێ سوود و ئۆتۆمبێلەوە دەشێوێنرێت کە رەنگە هیچ هەوڵێکیان نەدابێت بۆ گەیشتن بە دەستکەوتەکان.لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە خێراییەک تێپەڕ بێت لە خێرایی دیاریکراو و سەرپێچیە،  چۆڵی جادە و شەقامەکان لە  هەر کاتێکدا بێت پاساوێک نییە بۆ کردنی جادەکان بە مەیدانی سیباق و کێبڕکێکردن لەسەر بەرزکردنەوەی دەنگی ئۆتۆمبێل و هۆڕن لێدان.  لێرەدا پرسیار بۆ هاتوچۆ ئەوەیە، ئایا کامێرا هەیە بۆ چاودێریکردنی ئەم سەرپێچیانە؟ بۆچی ئەم سەرپێچیانە بەردەوامن لە کاتێکدا زۆرجار هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی هاتوچۆ-ن؟ ئایا سزاکان لاوازن یان تەنها غەرامەی دارایین کار ناکاتە سەر سەرپێچیکاران؟
ئەگەر غەرامەکان  ناکاریگەر بن، چارەسەر چییە؟ لەکاتێکدا هەڵسوکەوتی ئەو شۆفێرانە لە سنووری ئازادی تاکەکەسی بۆ مەترسی و زیان گەیاندن بە کەسانی تر تێپەڕیوە.

وتارەکانی نوسەر