سەروتاری راگەیاندن

پیرۆزە لە یەکێتییەکان پیرۆزە لە سەرۆک

08:31 - 2022-08-28
وتار
357 خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژووییترین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بوو لە دوای کۆنگرەی چوارەمی ئەم حزبەوە، کۆبوونەوەیەک پێکەوەیی و یەک بڕیاری و یەک هەڵوێستی و ...ئینجاش، بە گفتوگۆی چڕی هەڤاڵانەوە، دەریچەی رێکخراوەیی و دیموکراتی بۆ داهاتووی حزبی شەهیدان، پەسەند کرد.

کۆبوونەوە لەسەر دوو دینگەی پتەوی دەربەستی و بەرپرسیارێتی ئاماژەی پتەوبوونەوەی ریزەکانی یەکێتی بۆ دوور و نزیک، دۆست و لایەنگر و پەیوەندارانی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان و عیراق نارد و دووپات کردەوە. 

- دینگەی یەکەمیان: لە بازنەی فراوانی رێکخراوەیی یەکێتییەوە، لە راو سەرنج و پێشنیاز و رەخنەی کادیران و تێکۆشەرانی یەکێتییەوە، لە دیداری بەرفراوانی هەزاران هەڤاڵی دێرین و نوێوە دەستیپێکرد کە لە بەهاری ئەمساڵ تا جەنەڕاڵ دیدار لە کۆتایی مایسی رابردوو، قسەیان دەربارەی یەکێتییەکەی خۆیان کرد و گەڵاڵەی هەموو راو راز و نیازیان بەسەر سیانزە سێکتەردا دابەشکرد و ئەمڕۆش ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەر هەموویانی پەسەند کرد.

واتا دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەن سڵاوی سەرکردایەتی یەکێتی بوو بۆ رەنجی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی چەند مانگەی جەماوەری فراوانی ئەم حزبە لە سەرتاسەری کوردستاندا، لەگەڵ پەسەندکردنیشی دامەزراوە و ئۆرگانە حزبییەکانی راسپارد رێوشوێنی جێبەجێکردنی بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن.

ئیتر لەمڕۆوە (28/8/2022)  کتێبی دیدار کە پوختکراوەی راسپاردەی سەرجەم لیژنەکان دەگرێتەخۆی، لە پاڵ پەیڕەو و پڕۆگرام، دەبێتە رێنوێنی ئۆرگانەکان و هەڤاڵانی یەكێتی بۆ کار و تێکۆشان تا دیداری داهاتوو کە ئەنجومەن بڕیاری دا وەک دیاردەیەکی دیموکراتی حزبیانە و بۆنەیەک بۆ ئەبدەیتکردنەوەی پەیوەندی یەکێتی بە جەماوەر و دەستەبژێری کوردەوارییەوە، ساڵانە ساز بکرێت.

- دینگەی دووەمیان: پتەوکردنەوەی یەک ئاراستەیی و یەک بڕیاری و یەک هەڵوێستی ئەنجومەن، بۆ ئەوەی یەکێتی ریزەکان لە سەرکردایەتییەوە شۆڕ بێتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان، بەجۆرێ وا بێت کە ئیتر سەرکردایەتی پێشرەوی ئەرک و بەرپرسیارێتی ستراتیژی حزبەکە بێت و بەو پتەوی و تۆکمەیی یەکێتییەوە دەرەقەتی ئەرکەکانی قۆناغ بێت کە ئەمڕۆی کوردستان و عیراق پێویستی بە سیاسەتی بنیاتنەرانە و ژیرانەی حزبەکەی مام هەیە و لە تەقویمی رووداوەکانی ماوەی رابردووش ئەم راستییە بە روونی و رەوانی دەرکەوتەوە.

چونکە دۆخی ئەمڕۆی پڕۆسەی سیاسی عیراق و دۆخی ناوخۆی کوردستانیش نیشانی دەدا گەلێک پێویستی بە دەستپێشخەری و هەڵوێستەکانی یەکێتی و سەرۆکایەتییەکەی هەیە. 
 جا بەخۆشحاڵیەوە هەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەم پێویستییە حزبی و نیشتمانییە وابوو کە لەگەڵ ویستی یەک بڕیاری و یەک هەڵوێست و ئاراستەی ژیرانەی نزیکەی ساڵی رابردوو وێک بێتەوە، بۆیە بە پەرۆشی و بەرپرسیارێتییەوە هەموارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند کرد، سیستمی نا کارا و شپرزەیی هاوسەرۆکایەتی هەڵوەشاندەوە و هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵبژارد تا ئەرکەکانی قۆناغی داهاتووش تەواو بکات و متمانەی سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی بۆ خێر و خۆشی کوردستان بخاتەگەڕ و چاکسازییەکانی درێژە پێبدا کە ئەم چاکسازی و خۆڕێکخستنەوە و خۆتوندوتۆڵکردنەوەیە رەزامەندییەکی گشتی و جەماوەری بەدەست هێناوە و دەهێنێت، ئەمەش لە کاتی بە تەنگەوەهاتنی گرفت و داخوازی خوێندکاران، لەکاتی بڕیارەکانی لەپرسینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی گشتی و زۆر بڕیاری تریش، بە روونی دەرکەوت.

هەر بەڕاستی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەبەر ئەوەی بنەمای ( دیموکراسی و قاعیدەی فراوانی ئەندامان) و (یەک تیمی) جێگیرکرد، بووە وێستگەیەکی نوێ لە ژیانی حزبایەتی یەكێتی کە تامی سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلال دەدا و بۆنی خۆشی چەپکەگوڵەکەی لێ دێت کە چەپکە گوڵی: دەربەستی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، هەڵسەنگاندنی ورد و ژیرانە، دەستپێشخەری و خاوەندارێتییە لە ئیرادە و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرئەنجامیش کارێکی چاک و باشیکرد کە بە دەنگدانی دیموکراتی ئەم ئەمانەتە مێژووییە بە ئایندەی گەشی کوردستان سپارد. 

پیرۆزە لە یەکێتییەکان، لە سەرکردایەتی یەکگرتوو و بە ئیرادەی یەکێتی و پیرۆزە لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە راسپێردرا ئەرکە قورسەکە تەواو بکات و گەرەکە هەموو یەکێتییەکان، لە هەموو ئاستەکاندا، پشتیوانی بن بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.

وتارەکانی نوسەر