گۆڕانکاریی کتێبەکانی کوردی لە بازنەی یەکەمدا

09:38 - 2022-08-30
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
840 خوێندراوەتەوە

بازنەی یەکەمی خوێندن، واتا پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم، بنەمایەکی سەرەکی خوێندن و بەردی بناغەی فێربوون و فێرکردنن، ئەوەی منداڵ لەم قۆناغەی خوێندندا فێری دەبێت و لەسەری رادێت، کاریگەری لە تەواوی قۆناغەکانی داهاتووی خوێندنیدا دەبێت بە ئەرێنی یان نەرێنی.
 زمان، بەتایبەت زمانی کوردی لەم قۆناغەی فێربوونی منداڵدا پێویستیەکی سەرەکی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینە، یارمەتیدەر و پاڵپشتییەکی پڕ بایەخە بۆ مامۆستا و قوتابی و خێزانەکانیش تا بەتەواوەتی منداڵ لێوەی فێری خوێندنەوە و نووسینێکی دروست و پێویست ببن. گۆڕینی کتێبەکانی خوێندن بە گونجان لەگەڵ رەوتی پێشکەوتن و گۆڕانی دونیای منداڵ و ناوەندی تیاژیاوی سەردەم لە رووخسار و ناوەڕۆکەوە و دەربازبوون لە شێوازی دەقگرتووی رابردوو، گەلێ درووست و پێویستەو دەبێت هەمیشە لەنۆژەنکردنەوە و پێداچوونەوە و باشترکردندا بن.

دەستپێکردنی گۆڕانکاریەکان 
سەرەتای گۆڕانکارییەکان لە پۆلی یەکەمەوە دەستی پێکرد، وەک پێویستییەک بۆ بارودۆخەکە و ئەو جیاوازییەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، وەزارەتی پەروەردە، بەفەرمانی وەزاری ژمارە(802ج) لە (30/7/2008) لیژنەیەکی هاوبەشی لە سەرجەم بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێکهێنا، بۆ ئامادەکردن و داڕشتنەوەی کتێبێکی نوێ، لەساڵی (2012)  جارێکی تر بە فەرمانی وەزاری ژمارە (14099ج) لە (8/8/2012) و لەسەر هەمان نەخشەڕێگای پێشوو توانرا کتێبی کوردی پۆلی یەکەم ئامادە بکرێت و بۆ ساڵی خوێندنی دواتر وەک ئەزموونی کەوتە نێوەندی خوێندنەوە و لە ساڵی (2014-2015) بە فەرمی وەک کتێبێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان و خوێندنگە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم بڕیاری خوێندنی درا و تائێستاش ساڵانە بە چاپی نوێ و نوێکردنەوەوە دەخرێتە بەردەستی قوتابیان، پاشان بۆ گۆڕینی ریشەیی کتێبی خوێندنی کوردی پۆلی دووەم لە رێکەوتی (2015/1/14) بە فەرمانی وەزاری(593) لیژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە پێکهات کتێبێکی نوێ ئامادەکرا، هەرچەندە بەهۆی ئاستەنگییەکان و هەلومەرجەکانی دۆخی دارایی و جەنگی داعش و کۆمەڵێ گیروگرفتی تر کتێبەکە نەتوانرا لەدوای تەواوکردنی ئەزموون بکرێت لە ناوەندەکانی خوێندندا، بۆیە قۆناغی ئەزموونکردنی کەوتە ساڵی خوێندنی ( 2021-2022) بۆ ساڵی خوێندنی (2022-2023) توانرا بەشێوازێکی سەرکەوتوو لە تەواوی قوتابخانەکانی هەرێم و خوێندنی کوردی دەرەوەی هەرێم بڕیاری خوێندنی بدرێت، لەهەمانکاتدا کتێبی کوردی پۆلی سێیەمیش خرایە بواری گۆڕانکاری ریشەییەوە و بەهەمانشێوە بە فەرمانێکی وەزاری ژمارە(12541) لە رێکەوتی (1/8/2021) وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی نوێێ پێکهێنا لە پسپۆڕان و مامۆستایان و توانرا بە ماوەیەکی سنورداری کەم ئەو کتێبەش بخرێتە بەردەست و بۆ ئەمساڵی خوێندن(2022-2023) بەشێوەی ئەزموونیی لە کۆمەڵێک قوتابخانەی دەستنیشانکراودا بخوێنرێت.

کارکردنی  ستافەکان بە خۆبەخشی
سەرجەم ئەو کەسانەی لەم لیژنانەی دانان و ئامادەکردنی ئەم کتێبانەدا کاریان کردووە، بەخۆبەخشی و بەبێ هیچ پشتیوانیی و پاداشتێکی مادیی و بەتوانای خودیی و تەنها بەڕاپەرموونە سەر ئەزموون و بەدواگەڕانەکانی خود کاریان کردووە، ئامانجی بنەڕەتی خستنەبەردەستی کتێبانێکی شیاو بەمنداڵانی کورد و گونجاو لەگەڵ نوێگەرییەکانی سەردەم و لەئاست فێرکردنێکی دروستی منداڵانی کوردا بووە، ئەمەش ئەزموونێکی کەم وێنەی شێوازی کارکردنە لە دانانی پرۆگرام و کتێبی فەرمی بەڕێوەبەرێتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانە لە وەزارەتی پەروەردەدا.

سێ کتێب لە یەک گورزەی  پێکەوەگرێدراودا
فێربوون لە بازنەی یەکەمدا گورزەیەکی پێکەوە گرێدراوە، پێویستییەکی بنەڕەتییە کە کتێبەکان بە زنجیرەیەکی یەک لەدوای یەکی تەواکاری یەک و پێکەوەگرێدرا و دانەبڕاوبن لە یەک، چونکە ئەستەمە سەرجەم بنەماکانی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینێکی دروست تەنها لە پۆلی یەکەمدا بەدی بێت و لەپۆلەکانی تردا کاری لەسەرنەکرێت، تەمەنی منداڵ و تواناکانی فێربوونی لەبازنەی یەکەمدا پێویست بەوەدەکات بەشێوازێکی بەرنامە بۆ دانراو بنەماکانی خوێندنەوە و نووسینی فێربکرێت، چونکە لە سیستمی نوێی خوێندن و دنیای پێشکەوتوودا سێ پۆلی یەکەمی دەستپێکردنی قوتابخانە بۆ تاقیکردنەوە و کەوتن و دەرچوون نین، بەڵکو بۆ راهێنان و فێربوون و چەسپاندنی بنەماکانی فێرکردنن، لەو روانگەیەوە کار لەسەر هەرسێ کتێبی خوێندنی کوردی پۆلەکانی یەکەم و دووەم وسێیەم کراون، کە چی دی منداڵ لەم پۆلانەدا پێویست بەگەڕانەوە بۆ پۆلی پێشخۆی نەکات و لە کتێبی هەرپۆلێکدا پێشەکی پێداچوونەوەیەکی وا دانراوە قوتابی بەشێوازێکی زانستی بیرهاتنەوەی بخاتەگەڕ و سەرەتایەکی دروست بۆ چوونە پۆلی نوێ و کتێبی پۆلە نوێکەی لا بەرجەستە ببێت.

دیزاین و کوالێتیەکی گونجاو لەگەڵ ئاستی منداڵاندا
لایەنی هونەری لایەنێکی زۆرگرنگ و سەرنجڕاکێشە لە کتێبی تایبەت بەمنداڵاندا، جوڵاندنی خەیاڵی منداڵ بۆ تێفکرین و چوونە نێوبابەتەکانەوە کارێکی گرنگە، کتێبەکان بەشێوازێکی هونەری پێشکەوتوو لەلایەن مامۆستایانی هونەرکارەوە بەوێنە و نەخشەیەکی تەواو گونجاو بۆ منداڵان داڕێژراونتەوە، بەشێوازێکی بنچینەیی جیاوازیەکی ئێجگار زۆر لەگەڵ کتێبەکانی پێشتردا دەبینرێت، لە هەمانکاتدا چۆنییەتی لاپەڕە و چاپیش لەبەرچاوگیراوە.

رێبەری وتنەوەیان هەیە
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆگرامی کتێبی خوێندنی قوتابخانەکان، هەبوونی رێبەری وانەوتنەوە و روونکردنەوەی ئامانج و رێگاو شێوازەکانی وانەوتنەوەی کتێبەکەیە، بە شێوازێکی زانستی کارکراوە بۆ دانان و ئامادەکردنی رێبەر بۆ کتێبەکانی زمانی کوردی لە هەرسێ پۆلی بازنەی یەکەمدا، چونکە رێبەر هاوکارێکی باشە بۆ مامۆستایان و وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لە زەینی مامۆستادا بۆ کتێبەکە دروست دەبێت. ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین سازدانی خولی بەردەوامە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ مامۆستایان تا بتوانن رێبەر و کتێبەکان بەشێوەیەکی باش و سەرکەوتوو بەکاربهێنن و وانەوتنەوەیان هاوتابێت لەگەڵ ئامانجی دانانی کتێبەکان لە هەرسێ پۆلەکانی بازنەی یەکەمدا.

بنەمای ئامانجە رەفتارییەکان لەدانانی کتێبەکاندا
پەروەردەی نوێ جەخت لەسەر دانانی پرۆگرام لەسەر بنەمای ئامانجە رەفتارییەکان دەکاتەوە، چونکە بنەمایەکی گرنگن بۆ ئەوەی کتێبی خوێندن تەنها جەخت نەکاتەوە لەسەر زانیاری رووت و پێدانی زانیاری لەسەر بنەمای لەبەرکردن، بەڵکو پۆلێنکردنی ناوەڕۆکی بابەتەکانی وانەکان لەسەر ئامانجەڕەفتارییەکان، بەتایبەت ئامانجە مەعریفییەکان لەتیۆری (بلۆم)دا، کە بەهەرەمی بلۆم یان بازنەی مەعریفی بلۆم ناسراوە پەیامی فێربوون باشتر بەرجەستەدەکات، لە کتێبە نوێکانی خوێندنی کوردی بازنەی یەکەمدا بەشێوەیەکی سەرەکی و بەڕوونی جەخت لەسەر ئامانجە رەفتارییەکان کراوەتەوە، بەمەش قوتابی تەنها ئاستی فێربوونی لە سنوری ئاستی فێربوونی نزمدا نامێنێتەوە، بەڵکو بە پەیڕەوکردنی ئەم ئامانجانە قوتابی دەگاتە ئاستی فێربوونی بەرز، واتا قوتابی توانای هەڵوەشاندنەوە و پێکەوەنان و هەڵسەنگاندنی بابەتەکەشی دەبێت و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە و لێوردبوونەوە و کارلێککردن لەگەڵ بابەتەکاندا ئاوێتە دەبێت.

بازنەی یەکەمی خوێندن بەردی بناغەی فێربوون و فێرکردنن

گرێدانی چەمکە جۆربەجۆرەکانی فێربوون
کتێبەکانی زمانی کوردی لە بازنەی یەکەمدا بەشێوازێکی کرداری تەنها جەخت ناکاتەوە لەسەر خوێندنەوەی دەق و نووسینەوەی، بەڵکو بەشێوازێکی گونجاو کار لەسەر فراوانکردنی فەرهەنگی وشەو دەربڕین و ئاستی بیرکردنەوەی قوتابی و مەعریفەی فراوان و فەرهەنگی زمانی قوتابیان کراوەتەوە، دابەشکردنی کتێبەکان بۆ چەند دەروازەیەکی سەرەکی هەمەچەشن لە بابەتەکانی نیشتمانی و کەلتوری و زانستی و ژینگەیی و تەندروستیی و... هەڵبژاردنی دەق و هۆنراوە و سیناریۆی گونجاو لەگەڵ ئاستی تەمەن و تێگەیشتنی منداڵ وایکردووە سەرەڕای فێربوونی خوێندنەوەو نووسین قوتابی بەهرەمەند بێت بەناوەڕۆکی بابەتەکان و مەعریفەیەکی باشیان پێ بگات.

رەچاوکردنی دسلکسیا- لە چالاکی و راهێنانەکاندا
لەکتێبەکاندا بەشێکی فراوان بۆ چالاکی و راهێنان تەرخانکراون، هەریەک لەو چالاکی و راهێنانە بە ئامانج و مەبەستی زانستی دانراون و هەڕەمەکی نین، بۆیە کردنیان بەپێی رێبەر و داخوازی کتێبەکان ئەرکێکی پێویستن، بەتایبەت ئەو چالاکیانەی جەخت لەسەر فێربوونی پیت و وشە و هەڵوەشاندنەوەی وشەو رستە و پێکهێنانەوەیان لە بڕگەو وشەو رستەی تردا، زۆر پێویستن بۆ ئەو قوتابیانەی گرفتی کەمتوانایی خوێندنەوە-دسلکسیا-یان هەیەو ناتوانن بەباشی بخوێننەوە، بۆئەوەی هاوکاری بکرێن تا بتوانن بەباشی دەنگی پیتەکان و شێوەی پیتەکان لەیەک جودا بکەنەوە و ئاستی خوێندنەوەیان باشتربێت.

وتارەکانی نوسەر