‎بارودۆخەکە پەیامێكی دیكەی نەجەفی گەرەکە

09:46 - 2022-08-30
‎‎سۆزان حەمە تاتە
410 خوێندراوەتەوە

‎هێشتا هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسیی ئێستای عیراق، رەوتی سەدر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەو داواكارییە نییە و پێی باشە حكومەتێكی تەوافوقی دروستبكرێت و هەر لایەنە و بەپێی پشكی خۆی بەشداریی لە پێكهاتەی حكومەتی عیراق بكات.
ئەم ململانێیە پەیوەندیی تەنها بە ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 2021 نییە، بەڵكو ململانێی کەسایەتی دوو لایەنە کە کاریگەریی هەیە لەسەر قووڵ بوونەوەی کێشەکان.
پێناچێت وا بەئاسانی لە یەك حكومەت و هاوپەیمانێتیدا كۆببنەوە، بۆیە هیچ ئاماژەیەكی نزیك بۆ كۆتاییهاتنی قەیرانەكە بەدی ناكرێت.
‎رۆژی 24ی ئابی 2022 و كشانەوەی لایەنگرانی سەدر لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەریی عیراق، ساڵح محەمەد عیراقی كە بە وەزیرەكەی سەدر ناسراوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و زۆر شتی تێدا وروژاندبوو، كە گرنگترینیان ئەم دێڕەیە "رووخانی رژێمی ئێستا بۆ هەندێك چارەسەر نییە، لە سەرووی هەموویانەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا".
‎لە پشت ئەم پەیامەوە چەند ئاماژەیەك هەیە كە دەتوانین لێكدانەوەی بەم شێوەیە بۆ بكەین:
‎یەكەم: چوارچێوەی هەماهەنگی كە سەدر دژیان وەستاوەتەوە بەتایبەت نوری مالیكی، وەک دەڵێن ئەمەریكییەکان لە دژیان نین.
‎دووەم: ئەوەی سەدرییەكان پێی دەڵێن شۆڕش، تەنها خۆپیشاندانە و هێز و لایەنی دەرەكی پشتیوانیی ناكات. 
‎سێیەم: بەو ئاماژەیە دەیەوێت زیاتر دنەی نەیارانی دژە ئەمەریكا بدات و بڵێت ئەوان رێگرن لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گۆڕینی سیستمی سیاسی، لەكاتێكدا ئەمە تێڕوانینێكی دروست نییە، چونكە سەدرییەكان زۆرینە نین تا بیانەوێت لە رێگەیەوە شەرعیەتی گۆڕینی سیستمی سیاسی بە خۆیان بدەن.
‎راستە ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەش هەژموونیان لەسەر هێزە سیاسییەكان هەیە، بەڵام پرسی گۆڕینی سیستمی سیاسی زیاتر پرسێكی ناوخۆییە و پەیوەندیی بە داواكاری زۆرینەوە هەیە، نەك رەوتێكی سیاسی كە خۆی رێگەی بەخۆی داوە بەناوی هەموانەوە قسەبكات.
‎بۆ چارەسەر، كە هەر دەبێت قەیرانەكە كۆتایی پێبهێنرێت، پێویستی بە سیاسەت و پەیامی نوێ هەیە، پەیامێك لە نەجەفەوە بۆ چوونە سەر مێزی گفتوگۆ و رووبەڕووی یەكتربوونەوە، پەیامێك كە هەژموونی دەرەکی لەسەر نەبێت و لەناوخۆیدا هەڵگری چارەسەرێكی عیراقیانە بێت بۆ دەربازبوون لە دژایەتی و رق و كینەی سیاسی و لەپێناوی هاوڵاتییانی عیراقدا بێت.

وتارەکانی نوسەر