وردتر

09:49 - 2022-08-30
لەشکر حەمە ساڵح
324 خوێندراوەتەوە

سەردەمی مەفرەزە و میلیشیای میدیایی

پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و تەشەنەسەندنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بارودۆخێكی تازەی لە بواری میدیادا هێناوەتە كایەوە. ئەو بارودۆخە هێشتا بەتەواوەتی نەخەمڵیوە و كاروبارەكان جێگەی خۆیان نەگرتووە و لە قۆناغی راگوزەر و پەڕینەوەدان، ئەگەر ئەو ناجێگیری و راگوزەرییە خۆی لە خۆیدا بەشێك نەبێت لەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە.
بۆیە دەرەنجامێكی ئاسایی و چاوەڕوانكراوە كە كاریگەریی نێگەتیڤ و پێچەوانەی میدیا لەسەر كۆمەڵگە پڕ بێت لە دردۆنگی و سەرهەڵدانی مشتومڕ، تەنانەت رەوتێكی كۆمەڵایەتی بەهێز سەریهەڵداوە كە دەیەوێت خۆی لە ژێر كاریگەری و ژەهری میدیا دەرباز بكات، ئێستا ژمارەی ئەو كەسانە رۆژ بە رۆژ رووی لە زیادبوونە كە واز لە تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەهێنن، وەك چۆن پێشتر لە بەر ئەوانە، وازیان لە خوێندنەوەی رۆژنامە و كتێب و گوێگرتن لە رادیۆ هێنا!
بۆیە، یەكێك لە بنەما و پایەكانی ئەو بارودۆخەی چەند ساڵێكە هاتۆتە ئاراوە هەڵكشانی بایەخ و رۆڵی میدیا و وەرچەرخانێتی بۆ رۆڵی زیاتر و كاریگەرتر. واتا ئیتر میدیا بۆ گەیاندنی راستی و روونكردنەوەی رووداو و هەواڵەكان نییە بەتەنیا، بەڵكو بۆ سەپاندنی بیركردنەوە یان بۆچوون یان ئایدیایەكی دیاریكراوە لە رێگەی گواستنەوە و گەیاندنی راستی و هەواڵەكانەوە. تەنانەت دەتوانین بڵێین كە میدیا بۆتە چەكێكی كاریگەر بەتێچوویەكی كەم.
زانایان و توێژەران باشتر و روونتر لەو هەقیقەتە تێگەیشتوون و پێیان وایە ئەم سەردەمە، سەردەمی میدیایە. سەردەمی بەكارهێنانی میدیایە لەبری هەموو شتێكی تر بۆ هەموو بوارێكی تر. دەكرێت هەر بە میدیا شەڕێكی گەورە و كاریگەر ببەیتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بكات تەنها فیشەكێك بتەقێنیت! دەكرێت باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونی كۆمەڵگە بشێوێنیت بەبێ ئەوەی ناچار بیت پلان و ئامڕازی جێبەجێكردن و زیانگەیاندن بەوانی تر بخەیتەكار، ئەوەی پێویستە تەنها میدیایە!
رەنگە لە چەند روویەكەوە ئەوەی بەسەر میدیادا هاتبێت دەرەنجامێكی پۆزەتیڤ بێت، بەڵام ئەگەر لە وێنە گشتییەكە وردبینەوە، بە ئاشكرا و زۆر بە روونی بۆمان دەردەكەوێت كە میدیا دەرەنجامی زۆر خراپی لێكەوتۆتەوە و رەنگە لە ئایندەی نزیكیشدا هی زۆر خراپتری لێبكەوێتەوە! ئەمانەش قسە و لێدوانی گشتی و رەشبینی نین بە هێندەی ئەوەی هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لەوەی بەسەر میدیادا هاتووە و ئەوەشی بەسەریدا دێت.
دەرەنجامە جۆراوجۆرەكان زۆرن، بەڵام دەكرێت ئاماژە بەوە بدەین كە بەهۆی ئەو قۆناغە راگوزەرە و ئەو وەرچەرخانەی میدیا بەخۆیەوە بینیووە، میدیا بەتایبەتی میدیای نوێ، پڕ بووە لەوانەی خۆیان زۆر بە پڕۆفیشناڵ و شارەزا دەزانن و كاریگەری لەسەر خەڵك و كۆمەڵگە دروست دەكەن لە كاتێكدا تێگەیشتنیان بۆ بەرپرسیارێتی گشتی و باجی وتنی راستی نییە، بەشێكی زۆری ئەوانە میدیا نین و خۆشیان میدیاكار نین، بەڵكو مەفرەزە و میلیشیای میدیایین، بەخواستی گشتی و لە بەرژەوەندیی گشتی هەڵناسوڕێن، پانتاییەكان نابینن، خوێندنەوەیان بۆ رابردوو نییە، وا دەزانن مێژووی مرۆڤایەتی لەو رۆژەوە دەستیپێكردووە كە ئەوان تەشریفی ناموبارەكیان هێناوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

وتارەکانی نوسەر