فلاش فیکشن

10:19 - 2022-08-30
محەمەد كەریم
298 خوێندراوەتەوە

75

دوڕناس

نەوەد ساڵ بەرلە ئێستایە، دوڕناس لەبن سێبەری پیرەدارتوویەكدا بە كەواو سەڵتەوە لەسەر سەرینێكی پەڕ شانی داداوە، میوەی تەڕ و تازە دەخوات، لەپڕ تۆپەڵێ شینە زەلامی شارەدێكە دەچنە خزمەتی: «قوربان، سەری ئەسپەشێی كوێخا لەناو كلۆرەدارێكدا عاسی بووە، تەگبیرمان چییە؟». «سەری ئەسپەكە ببڕن». دەستێك بە سمێڵە سپییەكەیدا دێنێ، دەست دەبات بۆ هێشووە ترێیەكی رەشمیری. «قوربان، سەری ئەسپەكەمان بڕی، ئەمما هەر لەناو كلۆرە دارەكەدایە». «دارەكە ببڕنەوە!» سەرنجێكی زەلامەكان دەدات، دەكەوێتە بیركردنەوە، «شوكری خوا بكەن كە من هەم، من نەبوومایە كێ تەگبیری بۆ دەكردن؟» 
دوڕناسی ئەمڕۆ، بە كڵاو و جامانەكەی و لەشولار و شێوازی جلوبەرگیدا بە ئاشكرا دیارە كە هەرگیز لەسەر مێزی قوتابخانە دانەنیشتووە. بەڵام، نەك هەر دوڕناسە، بان دوڕناسیشە، ئەگەر دوڕناس پسپۆڕی تەنیا بوارێك بێت، جەنابی دوڕناسی ئەمڕۆ پسپۆڕی هەموو بوارەكانە. لە شانە و تیرۆكەوە بگرە هەتا شێوازی ئیشكردنی نوێترین درۆن.
بۆیە لە خۆڕا نییە، كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی هەرێمی پسپۆڕستان هەر كاتێك لێیان بقەومێ و نەتوانن شرۆڤەی بابەتێكی ئاڵۆز و نوێ بكەن، داوەتی دەكەن، ئەمیش دیتە لە رێگەی نیعمەتی چوونە شاخەوە دنیای خواردووە و ئیش و كاری نییە، بەشێوەیەك بۆیان شرۆڤە دەكات و بە جۆرێك تەشییەكەیان بۆ دەڕێسێ، هەرگیز بە خەیاڵی شیرینەكەی وەفاییشدا نەهاتبێت. هەندێ لە شرۆڤەكانی حیكمەتیان لێدەبارێت:» ... بۆیە ناونراوە نەشتەرگەریی قەیسەی، چونكە قەیسەری روسیا یەكەم نێربوو لە مێژوودا سكی پڕ بێت، سكیان هەڵدڕی و كوڕێكی چاوگەشیان لە سكی دەرهێنا.»،»خۆی مەسەلەی جیجیتاڵ میدیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی كۆن، ئێستا خەڵك لە رێگەی كۆنپیوتەرەوە جیجتاڵ میدیا بەكاردێنن، بەڵام ئەو زەمانە لە رێگەی پێستەوە بەكاریاندەهێنا.»،»فیل رۆژانە سەد كیلۆ گۆشت دەخوات، ئەگەر ئەوەندە نەخوات چۆن وا قەڵەو دەبێت، هەر فیلێك بیست و پێنج تەنە؟»
ئەمشەویش لەسەر شاشەیە و بەرامبەرمە، بەرنامەكە راستەوخۆیە، باسی هایدگەر دەكات، دەڵێت: «هایدە لە كاتی دەستبەتاڵیدا گۆرانی دەگوت، بەڵام فەیلەسووفێكی گەورەیە و زیاتر لە حەوت سەد كتێبی هەیە ...»
لەپڕ كارەبا دەبڕێت، هەتا دێتەوە نزیكەی چارەكێكی پێدەچێت. سەیری شریتەكەی خوارەوە دەكەم، «جەنابی دوڕناس لە بەرنامەی راستەوخۆدا بە جەڵتەی دڵ ...»

وتارەکانی نوسەر