سیاسەتی هەڵکشان و داکشانی پارتی، هەرێم بەرەو کوێ دەبات؟

10:36 - 2022-03-29
هیوا محەمەد
539 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بپرسین بۆچی لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا کە زۆربەی ئەو مێژووە لەم بەشەی کوردستان لە شۆڕش و شەڕدا بووین لەگەڵ رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق، لەگەڵیشیدا ئەو سەرکەوتنەمان بەدەست نەهێناوە و بەو دروشمانە نەگەیشتین کە بڵندمان کردبۆوە، بۆ وەڵامی ئەمە بگەڕێینەوە بۆ هۆکار کە هەمان ئەوکەسانە یان کوڕی ئەوان رابەرێتی بەشێکی زۆری شۆڕشەکەیان کردووە بۆ ساڵانێکی درێژ، کەوابوو ئەو سەرکردە سیاسییانەی پارتی دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە و بپرسن لە خۆیان، بۆچی هەڵکشان و داکشان لەم بەشەی کوردستان بە درێژایی ئەو 60 ساڵەی رابردوو هەبووە و خەتای کێیە وا هەر چەند ساڵ جارێک ریسەکان دەبنەوە بە خوری؟
کوردستانی( عیراق) کە لە هەموو پارچەکانی دیکە زیاتر لە شەڕ و شۆڕشدا بووە، رژێمەکانی وڵاتانی ئیقلیمییش یان لە دژی وەستاونەتەوە یان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێناون، ئێمەی کوردیش دەبوا زیرەکانە یەک لەوانە بە دۆستی خۆمان دابنێین و هێندە تەناف بازی نەکەین و بەشەرمەوە روویان لێنەنێین.
پارتی کە ئیدیعای درواسێیەکی باشی بۆ بەغدا دەکرد، کەچی ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریی شەڕیەتی و سەردەکات بە هەرچی کونە دوژمن و نەیارە بۆ رێگریی لە دانانەوەی دکتۆر بەرهەم ساڵح کە کاندیدی یەکێتییە، هەموو ئەو تاک پەرلەمانتارانە بەسەردەکاتەوە کە باش دەزانێت بۆ کورد و هەرێم هیچیان پێ نییە، پارەی نادیاری هەرێم دەبات و دەیەوێت بیکاتە دەم شیرینی بۆ ئەو تاک پەرلەمانتارانە گوایە خۆیان بە سەربەخۆ لە قەڵەم دەدەن، تا دەنگەکانیان لێبکڕێت.
پارتی سیاسەتی هەڵەی لەبەرامبەر ئیران گرتۆتە بەر کە سنوورێکی درێژی بە هەرێمەوە هەیە و بە رای ئەمریکا و ئەوروپا و ناوچەکەش ئەو وڵاتە رۆڵی گرنگی هەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق.
بارودۆخی ئابووری هەرێم تادێت لەژێر سەرۆکایەتی کردنی حکومەت لەلایەن پارتییەوە و بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم کە هەر پارتییە، نرخی کەلوپەل و سووتەمەنی بەرز دەبێتەوە، مووچەش نەک بەرز ناکرێتەوە بەڵکو دەکرێتە نیوە و لێبڕین و دواکەوتن، کارەبا وەک نەبوو وایە، نرخی تەنها ئەمپێڕێکی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی شوبات 13 هەزار دینار بووە.
پارتی نایەت وەک سەرۆکی کابینەکە ئەم چاکسازییانە بکات، بەڵام دەچێتە بەغدا و شەڕی چەسپاندنی کاندیدی خۆی دەکات کە پلەیەکی سەربازیی هەیە ئەویش وەزیری ناوخۆیە، هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە لەسەر دەستی ئەو وەزارەتە سەبارەت بە ئازادیی سیاسیی و رادەربڕین و سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و سووتاندنی بارەگای حزبەکان و کەناڵەکان و داخستنیان و رێگرییەکانی دیکە لە رابردوودا، بە ئاگاداریی ئەو وەزیرە بووە کە پلە سەربازییەکەی لیوایە.
عیراق پێویستی بە سیاسەتمەدارێکی مەدەنی عەریقی زیرەکی خاوەن ئەزموون هەیە کە ببێتە سەرۆک کۆمار نەک کەسێکی سەربازیی .
پارتی پێی وایە لە بەغدا دەتوانێت درز بخاتە نێوانی لایەنە شیعەکان، بێئاگا لەوەی کە هەر لایەنێک بیەوێت هاوپەیمانیی لەگەڵدا بکات، تەنها بۆ بەدەست هێنانی ئەو دەنگانەی کە بەدەستی هێناوە و لە بەرامبەردا چەند وەزارەتێکیان بداتێ، دەنا تێڕوانینی هەر لایەنێکی شیعە و سوننە بۆ پارتی هەمان ئەو تێڕوانینەی ساڵی 2017 ی کاتی ریفراندۆمە و دەشزانن پارتی لە هەڵکشان و داکشاندایە و خاوەنی ستراتیژێکی جێگری خۆی نییە.
سیاسەتی هەڵەی پارتی دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی لە عیراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزتر دەکات، ئەو کادرەی کە دۆستی نزیکی سەرکردەکانی پارتییە و ئێستاش خۆیانی لێبێبەری دەکەن و لەبەرامبەر هەڵوێستی خراپ لەسەر شیعە دەریدەبڕێت، زیانی گەورە بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عیراق دەگەیەنێت، سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا سەرەتای تێکچوونی دۆخەکەیە لە ئەنجامی هەڵەکانی پارتی و سەرکردەکانی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی خۆی بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی پاراستووە و رێزیان لێدەگرێت، دەبوا هەڵوێستی پارتی کە حکومەت و سەرۆکیان لە بندەستدایە بەم جۆرەی یەکێتیی بوایە تا هەرێم بەرەو هەڵدێر نەڕوات.

وتارەکانی نوسەر