شۆڕشی پیشەسازیی و پەیوەندییەکانی چین و خۆرئاوا

09:48 - 2022-08-31
سوپا شاکەلی*
646 خوێندراوەتەوە

شۆڕشە پیشەسازییەکان توانیان گۆڕانکاریی ڕیشەی بەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤایەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بهێنن و بە هەمانشێوە گۆڕانکارییەکان ملیان بۆ گۆڕانکاریی لە باڵانسی هێز و لە دابەشبوونی هێزدا دا. لە مڕۆشدا شۆڕشە پیشەسازییەکان  رۆڵیان هەبوو، کە ئەوانیش دابەش کراون بەسەر چوار شۆڕش، کە هەر یەکەیان مێژوو و کاراکتەر و کاریگەریی خۆیان هەبووە بەسەر تەواوی جیهانەوە. 
لێرەدا هەوڵ دەدەم کورتەیەک لەبارەی ئەو شۆڕشانەوە باس بکەم و کاریگەریی و دەرەنجامەکانی لەسەر جیهان دەربخەم، بەتایبەتی بەسەر ململانێی نێوان چین و ئەمریکاوە.

 شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم
شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم کە خۆی لە داهێنانی سادە و ساکاردا دەبینییەوە، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر گەورە بوون لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی. گرنگترین هەژمارکردن لەم شۆڕشەدا،  داهێنان و دروستکردنی بزوێنەری هەڵمی بوو بۆ ئامێرەکانی گواستنەوەی گشتیی و بزوێنەری کارگەکان. کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شۆڕشێکی گەورە لە بواری پیشەشازیی و هۆکانی گواستنەوەدا. لێرەدا و لەم گۆڕانکارییەدا ئەوروپا توانی سەرمەشق بێت و زۆرترین سوود و قازانج لەم شۆڕشە وەربگرێت و وڵاتانی ئەوروپا توانیان ئەمە بکەنە سەرچاوەی هێزی سیاسیی و بەرەبەرە دەست بۆ داگیرکاری ناوچەکانی تر ببەن بەتایبەتی لە ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 

شۆڕشی پیشەسازیی دووەم
هەرچی شۆڕشی پیشەسازیی دووەمیشە بەراورد بە یەکەم، گۆڕانکاریی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا لە گۆڕینی هێزدا، هەرچەندە کارەبا و گواستنەوەی تایبەت و ناساندنی نەوت بە سەرچاوەی وزە لە سیما دیارەکانیان بوون، بەڵام ئەوروپا توانی سەرمەشق بێت لەم شۆڕشە و باڵانسی هێز بەلای خۆیدا بشکێنێتەوەو  بۆ ماوەیەکی دوورتر بتوانێت لە سەرەوەی هەڕەمی هێزدا بمێنێتەوە لە جیهاندا. 

شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم 
هەرچی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەمیشە، کە خۆی لە دۆزینەوەی تەکنۆلۆژیای نوێ» های تێک» دەبینییەوە لەوانە: کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت کە ئامڕازێکی باشی گەیاندنی زانیاری بوون و دواتریش گۆڕانکارییەکان بەرەو گەشەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گواستنەوەی زانیاری خێرا ملیان نا. 
لە هەموو ئەم کاراکتەرانە گرنگتر کاتی روودانی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم بوو، کە لە سەرەتای جەنگی ساردەوە دەست پێ دەکات و تا خاڵێک کە هەندێک لە بیرمەندان پێیان وایە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەردەوامە. هەندێکی تریش لایان وایە کە شۆڕشەکە تەواو بووە و سوود و قازانجی ئەم شۆڕشەش بۆ باوەشی براوەی جەنگی سارد بوو کە ئەویش ئەمریکایە و زۆرترین سوودی لەم شۆڕشە نوێیە  بینیوە.

گواستنەوەی هێز لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکا
ئەم شۆڕشە  بووهۆەی ئەوەی کە هێزی لە کیشوەری ئەوروپاوە گواستەوە بۆ کیشوەرێکی نوێ کە ئەویش ئەمریکایە، بەراورد بە هەموو شارستانیەتەکانی تر و بە تەواوی گۆڕانکاری لە هێزی سیاسی و سەربازی دروست کرد. هەندێکی تریش لە بیرمەندان پێیان وایە کە شۆڕشی پیشەسازی سێیەم لە سەرەتاکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا کۆتایی هاتووە.

شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم
 ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە جیهاندا سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمە و بۆچوونیی جیاواز و ناکۆکییەکان بە ڕادەیەکن کە زۆر بە ئاستەم دەتوانین لێکیان جوودا بکەینەوە. هەروەها لە دیوێکی تری پێنتاگۆنیی راستی ئەوەیە کە سەرچاوەکەی ناساندن و گۆڕانکارییە لە هێزی سیاسی و سەربازیدا کە دواتر دەتوانین هەستیان پێ بکەین. 

شۆڕشی چوارەم و ململانێی ئەمریکا و چین
ئێستا بیرمەندانی بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وا گریمانە دەکەن کە کێشمەکێشی هێز لە نێوان چین و ئەمریکا لە لوتکەدایە و شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمیش یەکێکە لە گرنگترین ئامڕازەکانی بردنەوەی ئەم ململانێیە لە نێوانیاندا. بە واتایەکی تر، هەر کام لەم دوو لایەنە و هاوئاهەنگەکانیان بتوانن زیاتر و زیاتر ئەسپی خۆیان تاو بدەن لەم ململانێیەدا و پەرەی پێ بدەن ئەوا دەتوانن براوەی ئەم جەنگە بن. لێرەدا پێویستە پێناسەیەکی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم بکەین بۆ ئەوەی بتوانین تێبفکرین لەمەڕ کاراکتەرەکانی ئەم شۆڕشە و بتوانین بیناسینەوە. 

زیرەکیی دەستکرد
هەروەک لە پێشوودا ئاماژەمان بۆ کرد، شۆڕشە پیشەسازییەکان تەواوکەری یەکدی بوون و پەرەسەندنە بنەڕەتییەکان توانیان لە یەکتریان جوودا بکەنەوە، هەرواش شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم تەواوکەری سێیەمە و بە شێوەیەکی پەرەسەندووتر کە خۆی لە زیرەکیی دەستکرد دا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینێتەوە. بە ڕادەیەک دەتوانین هەژماری بکەین کە زیرەکیی دەستکرد دەستی بردووە بۆ هەموو کایەکانی ژیانی تاکەکان و دەیەوێت هەموو ئەو ئامڕاز و تەکنۆلۆژییانەی لە پێشتردا هەبوون بە زیرەکییەکی لە ڕادە بەدەر بەردەست بخات لە نموونەی رۆبۆت و بەستنەوەی هەموو ئامڕازەکان بە ئینتەرنێتەوە. 

بۆچوونی جیاواز لە بارەی چین و ئەمریکاوە
وەک ئاشكرایە ئەم جۆرە لە گەشەسەندن لەلایەن هەردوولایەنی ململانێکانەوە دەست پێکراوە و دیار نییە ئایندە بە قازانجی کێ دەشکێتەوە. هەرچەندە هەردوولا (چین و ئەمریکا) بە توانایەکی زۆرەوە توانیویانە ئەسپی خۆیان لەم گۆڕەپانەدا تاو بدەن، بەڵام بۆچوونێکی جیاواز لەنێوان بیرمەندەکاندا هەیە کە ئایا کێ براوەی ئەم کێشمەکێشە دەبێت؟. ئایا ئەوە براوەی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم نییە کە بارودۆخەکە لە خزمەتیایەتی بۆ بردنەوەی ئەم ململانێیەش بەو پێیەی ئەو بارودۆخەی کە بونیاتنراوە ,زیاتر لە خزمەت لایەنی خۆرئاوا و ئەمریکادایە و جوگرافیاش یارمەتیدەرێکی گرنگە سەبارەت بە  پشتیوانییکردنی زلهێزێکی لەو جۆرە بەراورد بە چین، چونکە لە سێ دەیەی رابردوودا ئەزموون کراوە کە زلهێزێک لە جەمسەرێکی تری جیهاندا، کەمتر کاریگەرتر و مەترسیدارترە بەراورد بە چین کە زۆر نزیکترە لە رووی جوگرافیاوە و لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆ وڵاتانی دەوروبەری لە ئەگەری بوون بە سەرمەشق دا. 

دەرەنجام
هەربۆیە لەم رووەوە ئەمریکا بەدەر لە هێزی خۆی بۆ بردنەوەی ململانێکان، وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش لە هەمانکایەدا بەشدارن و هاوئاهەنگی سەرکەوتنەکانی ئەمریکا بن و دژ بە هەر بەهێزبوونێکی چین ناڕاستەوخۆ یان راستەوخۆ تێدەکۆشن. 
لێرەدا ڕوونە کە بارودۆخە هەنووکەییەکە زیاتر پشت لە چین و روو لە ئەمریکایە و بە ئەگەری زۆرەوە سوود و قازانجی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم بۆ باوەشی ئەمریکا دەگەڕێتەوە لە دوورمەودا دا.

شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و ململانێی نێوان چین و ئەمریکا

سەرچاوە:
www.brookings.edu

وتارەکانی نوسەر